د. ئاگرین عەبدوڵڵا بریكاری وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن بۆ گوڵان: كابینەی نۆیەم تەمەنی زێڕینی جێبەجێكردنی پڕۆژەكانی ڕێگاوبان بووە لە هەرێمی كوردستان

د. ئاگرین عەبدوڵڵا بریكاری وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن بۆ گوڵان: كابینەی نۆیەم تەمەنی زێڕینی جێبەجێكردنی پڕۆژەكانی ڕێگاوبان بووە لە هەرێمی كوردستان

 

ڕێگاوبانەكانی هەموو وڵاتان بە كوردستانیشەوە، شادەماری ئاوەدانكردنەوە و پێشكەوتنن و سەلامەتی و كارئاسانی بۆ هاووڵاتیان دەستەبەر دەكات. لەم ڕوانگەیەوە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان گرنگییەكی زۆری بە ڕێگاوبانەكان داوە و چەندین ڕێگاوبانی نوێ دروست كراون و نۆژەن كراونەتەوە. لەسەر ئەم پرسە گۆڤاری گوڵان دیدارێكی لەگەڵ دكتۆر ئاگرین عەبدوڵڵا بریكاری وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردنی حكومەتی هەرێمی كوردستان ساز دا.

 

 

* دروستكردن و نۆژەنكردنەوەی سەدان ڕێگاوبان و پردەكان بە یەكێك لە دەستكەوتەكانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان دادەنرێت. تاچەند ئەم پڕۆژانە بۆ خزمەتكردنی هاووڵاتیانی كوردستان و پاراستنی گیان و سەلامەتییان پێویست بووە؟

- ڕێگاوبانەكان بە یەكێك لە گرنگترین خزمەتگوزارییەكانی ئەم سەردەمە دادەنرێت. ڕێگاوبانەكان بە ئاوێنەی شارستانییەتی وڵاتان دادەنرێت، لەم ڕوانگەیەوە ڕێزدار مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان هەر لە دەستپێكی دەستبەكاربوونی كابینەكەوە باشكردنی ڕێگاوبانەكانی لە ڕیزبەندی پێشەوەی كارەكانی داناوە، هەروەكو چۆن لە بڕگەی سەرەكیی كارنامەكەشیدا هاتبوو گرنگییەكی زۆری بە ڕێگاوبانەكاندا، ئەمەش لە سۆنگەی هەستكردن بە بەرپرسیارێتی و لەپێناو پاراستنی سەروماڵی هاووڵاتیان و كەمكردنەوەی تێچوونی گواستنەوە و هاتوچۆكردن و ڕووداوەكانی هاتوچۆدا هاتووە، بۆیە لە بڕگەی خزمەتگوزارییەكان و لە ماددەی پێنجەم باسی تۆڕی ڕێگاوبانەكان دەكات و دەڵێت: «حكومەتی هەرێمی كوردستان، هەموو توانایەكی خۆی دەخاتەكار بۆ ئەوەی تۆڕی ڕێگاوبانەكانی هەرێمی كوردستان گەشە پێ بكات و فراوانی بكات». بەڕاستی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەڵێن و كارنامەكەی زۆر زیاتر لەوەی هاتووە جێبەجێی كرد. بە سەدان كیلۆمەتر ڕێگاوبانی نوێ دامەزران و سەدانی دیكەش نۆژەن كراونەتەوە و چەندین پرد و تونێلیش بونیاد نراون. بەواتا دەتوانین بڵێین: كابینەی نۆیەم تەمەنی زێڕینی جێبەجێكردنی پڕۆژەكانی ڕێگاوبان بووە لە هەرێمی كوردستان، ڕۆڵی ڕێزدار مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەم گەشەكردن و وەرچەرخانەدا زۆر گەورە بووە و زۆرترین ڕێگاوبان لەتەمەنی ئەم كابینەیەدا جێبەجێ كراون.

سەبارەت بەو پڕۆژانەی ڕێگاوبان كە تاكو ئێستا لەژێر ئەنجامداندان كە ژمارەیان دەگاتە 401 پڕۆژەی ڕێگاوبان بە درێژیی 1600 كیلۆمەتر ڕێگای جۆراوجۆر كە بە پڕۆژە بەردەوامەكان دادەنرێن و هەندێكی بەردەوام كاری تێدا دەكرێت و هەندێكی دیكەیان بەهۆی قەیرانی داراییەوە كاركردن تێیاندا وەستاوە، لە چاوەڕوانی ئەوەداین حكومەتی عێراقی فیدڕاڵی بەشە بوودجە و مافی هەرێمی كوردستان بەپێی یاسای بوودجە بنێرێت كە بۆ پڕۆژەكان تەرخان كراون، بۆ ئەوەی ئەو پڕۆژانەش بخەینەوە كار.

* دەكرێت باسی گرنگترینی ئەو ڕێگاوبانانەمان بۆ بكەیت كە لە هەردوو پارێزگای هەولێر و سلێمانی لە ماوەی تەمەنی ئەم كابینەیەدا جێبەجێ كراون؟

- لە ماوەی تەمەنی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بە بێ جیاوازی و بە شێوەیەكی زۆر دادپەروەرانە پڕۆژەكانی ڕێگاوبان و پردی لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكانی هەرێمی كوردستان جێبەجێ كردووە، بۆ نموونە، لە سنووری پارێزگای هەولێر: تونێلی پیرمام و بەستەرەوەكانی، فلای ئۆڤەرەكانی ڕێگای كۆڕێ و بەدووسایتكردنی هەولێر بەرەو پردی زێی گەورە، بە شێوازێك كە لە هەولێر تاكو دهۆك زۆربەی زۆری بەشەكانی ئەم ڕێگا ستراتیژییە بوونە ماڵتی لەین های وەی .

لە سنووری پارێزگای سلێمانی: دروستكردنی پڕۆژەی ڕێگای سەیدسادق- هەڵەبجە كە لە 95%ی تەواو كراوە، ڕێگای كەلار - دەربەندیخان 100% تەواو كراوە و، پردی دەربەندی ڕانیە و ڕێگای دەربەندی ڕانیەش تەواو كراون و خراونەتە خزمەتی هاووڵاتیانەوە. بەگشتی لە ماوەی ئەم پێنج ساڵەی ڕابردوودا تەنیا لە هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەكانی ڕاپەرین و گەرمیان 388 پڕۆژەی ڕێگاوبان بە گوژمەی دوو سەد و چوار ملیار و 355 ملیۆن دینار جێبەجێ كراون، بەمەش 675 كیلۆمەتر ڕێگا خرایە خزمەتی هاووڵاتیانەوە. كوالێتیی ڕێگاوبانەكانیش بە باشترین ستانداردی ئەندازیاریی نێودەوڵەتی جێبەجێ دەكرێن، بە ڕاددەیەك ئەم شێوازەی ڕێگاوبان و كوالێتییە، تەنیا لە وڵاتە پێشكەوتووەكانی ئەوروپا و ئەمریكا دەبینرێن. وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن گرنگییەكی زۆر بە لایەنی كوالێتی و ستانداردی نێودەوڵەتی دەدات، تەنانەت دوای تەواوكردنی ڕێگاوبانەكەش لە ڕێگەی بەڕێوەبەرایەتی چاككردنەوە و پاراستنی ڕێگاوبانەكانەوە چاودێریی پڕۆژە تەواوكراوەكانیش دەكرێت، بە شێوەیەك مانگانە نزیكەی یەك ملیار دینار بۆ چاككردنەوەی ڕێگاوبانەكان تەرخان كراوە.

* ئەی سەبارەت بە پرد و تونێلەكان كە بە پڕۆژە گەورە و ستراتیژییەكان دادەنرێن، تا چ ڕاددەیەك پڕۆژەی گرنگ و پێشكەوتوو لەم بوارەدا ئەنجام دراون؟

- پرد و تونێل هەندێ جار بە تەنیا وەك پڕۆژەیەكی سەربەخۆ و هەندێ جاریش بەشێكن لە پڕۆژەكان. بۆ نموونە لێرەدا هەندێك لەو پڕۆژە گەورە و ستراتیژییانە باس دەكەم، كە ڕۆڵیان بۆ خزمەتی هاووڵاتیان هەبووە. بۆ نمووونە تونێلی پیرمام، تونێلی زاخۆ و هەردوو تونێلی ماوەران و میراوەش كە هەردووكیان كاریان تیا كراوە و دەكرێ ساڵی داهاتوو تەواو بن. لە پلانیشماندا هەیە، چەند تونێلێكی گرنگ ئەنجام بدرێت؛ لەوانە تونێلی هەیبەت سوڵتان، تونێلی دەربەندیخان و تونێلی پێنجوێن و تونێلی زاوێتە. ئەمانە گرنگترینی ئەو تونێلانەن كە لە بەرنامەی وەزارەتدایە ئەگەر بوودجەی پێویست بەردەست بێت لە 2026 دەست بە جێبەجێكردنی دەكرێت. بە شێوەیەكی گشتی لە هەرێمی كوردستان خاوەنی چوار تونێلی گەورەی (زاخۆ، پیرمام، ئەزمەڕ و دەربەندیخان)ین و وەكو باسم كرد، ئەوەی لەم كابینەیەدا جێبەجێ كرا، تونێلی پیرمام بوو كە بە خۆی و پێداویستیی و بەستەرەكانییەوە نزیكەی 180 ملیار دینار تێچوونی بووە. تونێلەكانی (مەتین 4،7 كیلۆمەتر، پێنچوێن 5 كیلۆمەتر، دەربەندیخان 3 كیلۆمەتر) لە پلانی وەزارەتدایە جێبەجێیان بكات، هاوكات لەم كابینەیەدا تونێلی دەربەندیخان كە 800 مەتری یەك سایدە نۆژەنمان كردەوە و وەكو ئاماژەم پێكرد لە پلاندایە تونێلێكی دوو چاوە بە كوالێتی و دیزاینی بەرز لەبری ئەم تونێلە دروست بكرێت.

* وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن گرنگیەكی باشی داوە بە دروستكردنی پردەكان، بەتایبەتی تەواوكردنی گەورەترین پردی كوردستان كە پردی سەر زێی گەورەی نێوان هەردوو پارێزگای هەولێر و دهۆك بوو. ئایا لە دەڤەرەكانی دیكەشدا پردی دیكە هەیە لە پلانی وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن بێت؟

- لەم كابینەیەدا گرنگییەكی زۆر بە پردەكانیش دراوە، بەتایبەتی كە زۆربەی ڕێگاوبانەكان پردی جۆراوجۆر لەخۆ دەگرێت، ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە پێكهاتەی ناوچەكە وا دەخوازێت پردی زۆری لێ دروست بكرێت. لێرەدا تەنیا ئاماژە بە چەند پردێكی گرنگ دەكەم، كە ڕۆڵی هەبووە لە خزمەتكردنی هاووڵاتیان و كورتكردنەوەی ڕێگاوبانەكان، لەوانە بۆ نموونە پردی سەر زێی گەورە كە هەردوو پارێزگای هەولێر و دهۆك بە یەكەوە دەبەستێتەوە و 1000 مەتر درێژە و 59 ملیار دیناری تێچووە. پردەكە بۆ هاتوچۆی نێوان هەولێر و دهۆك و زاخۆ و وڵاتی توركیا گرنگیەكی گەورەی هەیە، هاوكات ژمارەیەك پردی دیكەمان لەناو پڕۆژەی ڕێگای دەربەندیخان- كەلار هەیە، بۆ نموونە پردی ئاوەخێرێ لەنێوان دەربەندیخان- كەلار هەرچەندە یەك سایتە بەڵام 1200 مەترە، لەم كابینەیەدا ڕێژەی زۆری جێبەجێ كراوە.

Top