عانەی چوار فلسیی جاران
پێشتر دراوەكان بە شێوەیەكی بەرچاو و زۆر بوون، جاران پارە زیاتر بەبایەختر و بەنرختر بوون، وەك: عانە و فلس و دینار، بەڵام ساڵ لە دوای ساڵ گۆڕانكاری لە شێوە و ماددەكانی دراوەكاندا كراوە. لە ئێستادا زیاتر دراوی ئۆنلاین و ئەلیكترۆنی بەكار دێت لە جیهاندا، وێڕای ئەوەی دراوە كۆنەكان زیاتر لە مس و زیو و ئاسن و كانزای گرانبەها بوون، بەڵام دواتر ئەو دراوانە گۆڕان، یەكێكە لەوانە عانە بوو، سەردەمێكی زۆر لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا كاری پێ دەكرا. عانە دراوێكی هندییە و زیاتر لە سەد ساڵ پێش ئێستا كەوتووەتە بازاڕەوە، پاش شكستی عوسمانییەكان لە عێراق و هاتنی بەریتانییەكان ئەم دراوە بەكار هاتووە، تا ساڵانی نێوان1931 - 1932 دواتر دیناری عێراقی و فلس كەوتووەتە بازاڕەوەو بە چوار فلسی گوتراوە عانە، پاشان ساڵی 1959 پێنج فلسی هات و بەڕەی لەژێر پێی عانە بە یەكجاری دەرهێناو سەردەمی عانە كۆتایی هات.
