گۆڕدەخمە لە ئەشكەوتەكانی كوردستاندا
گۆڕدەخمە، دەستەواژەیەكە لە نێو زانستی شوێنەوارناسیدا بەكار دەهێنرێت بۆ ئەو شوێنە مێژووییانەی كە لە هەزارەی یەكەمی پێش زایین، لەلایەن مرۆڤەوە دروست كراون، دەخمە كە بە «بورجی بێدەنگی»یش ناسراوە، پێكهاتەیەكی بازنەیی و بڵندە، كە لەلایەن زەردەشتییەكانەوە بۆ مەبەستی بەخاكسپاردنی مردووەكانیان دروستیان دەكرد. ئەم شوێنەوارانە دەكەونە سەر گرد، یان شاخە بەرزەكان، وەك ئەوەی لە شاری «یەزد»ی ئێراندا بەدی دەكرێت، كە بە یەكێك لە ناوەندە گرنگەكانی زەردەشتییەكان دادەنرێت، ئەم دیاردەیە لەسەر چەند شاخێكی كوردستان هەیە و شوێنەواری ماوە، ئەمانە زیاتر بۆ هاووڵاتی ئاسایی بەكار هاتوون. دروستكردنی دەخمە لە باوەڕی زەردەشتییەكانەوە سەبارەت بە پاكڕاگرتنی چوار توخمە سەرەكییەكەی سرووشت (ئاو، با، خاك و ئاگر) سەرچاوەی گرتووە، بەپێی ئەم باوەڕە لاشەی مرۆڤ دوای مردن بە پیس دادەنرێت و نابێت (خاك و ئاو و ئاگر) پیس بكات. هەر بۆیە لەبری ناشتنی تەرمەكان، دەیانبەنە سەر ئەم بورجانە و لەبەردەم تیشكی خۆر و باڵندە گۆشتخۆرەكاندا دایاندەنێن، تاكو گۆشتەكە دەخورێت، دواتر ئێسكەكان دەخرێنە بیرێكی بەردینی سەركراوە. گۆڕدەخمە، واتە گۆڕ لە شێوەی ئەشكەوت، كە كەلتوورێكی مردووناشتنە لە ڕێگەی تاشین و بڕینی بەرزایی چیاكان، یان لە نێو بەردی گەورە لە شێوەی ژووری بچووكدا دروست كراون، لە نێو ژوورەكانیشدا گۆڕێك دروست كراوە بۆ مردووەكە. بەشی دەرەوەی ژمارەیەك لە گۆڕدەخمەكانیش بە نەخش ڕازێنراونەتەوە، ئەم جۆرە گۆڕەیان بۆ پاشا و پیاوی گەورەی ئایینی بووە، كە ناویان بە (موغان) یان (پیر) هاتووە. مێژووی گۆڕدەخمەكانی كوردستان دەگەڕێنەوە بۆ سەردەمی دەوڵەتی ماد، كە ماوەی فەرمانڕەوایەتییان لە نێوان ساڵانی 728 بۆ 550 پێش زایین بووە، بەشێوەی سادە بەردە گەورەكان و قەدی چیاكان دەتاشرێن و لە شێوەی ژوور دروست كراون، بە ئامانجی ناشتی مردوو، بەتایبەتیش بۆ كەسایەتییە ئایینی و دەسەڵاتداران، بە ئامانجی پارێزگاریكردن لە تەرمی كەسە گرنگەكان. گۆڕدەخمەكان بە یەكێك لە گرنگترین شوێنەوارە مێژووییەكانی دەوڵەتی (ماد)كە باپیرەی كوردن، دادەنرێن، مێژووەكەیان بۆ زیاتر لە 2500 ساڵ دەگەڕێتەوە، ئەم جۆرە میراتە نیشتمانییە لەبەرئەوەی لە نێو بەرد و چیاكاندا نەخشێندراون، پارێزراو بوون. بەناوبانگترین و ناسراوترین گۆڕدەخمە دەكەوێتە ناوەڕاستی هەڵكۆڵدراو و نیگارە داتاشراوەكانی قزقاپان (قسن قەپان -تەرازوی بەرد) لە چەمی ڕەزان. كە گۆڕی پاشای دەوڵەتی ماد (كەیخسرەو) بووە، ئەم جۆرە گۆڕانەی ناو بەرد، دەرگایان بچوكە و لە ژوورەوە چەند شێوازێكیان هەیە.
