هەموومان براوەین
(ڕوبەر فروست) شاعیری ئەمریكی دەڵێ"ئەگەر بە ڕێكەوت دوو ڕێگا كەوتنە بەرامبەرت و كە دەبێ یەكێك هەڵبژێری، ئەوا ئەو ڕێگایە هەڵبژێرە كە كەمتر بەكار دێت تاوەكو جیاوازتر دەركەوی".
بێگومان گەر بمانەوێ هەموومان سەركەوتووبین و قازانج بكەین، وە كەسمان شكست نەهێنی دەبێ بەدوای ڕێگە چارەسەری گونجاو بگەڕێین كەوا هەمووانی تێدا بەشدار بن و هەموو هەوڵبدەن، بەڵام هەر یەكەوە و هەوڵی جیاواز دەدات و ڕێگای جیاواز بۆ وەدەستهێنانی ئەنجام دەگریتە بەر، بەڵام لە سەر ماندوو بوون و شكست پێهێنانی ئەوانی تر نا، بەڵكو هەریەكە و ڕێگای خۆی تاقی دەكاتەوە و ، یانیش بەیەكەوە بە شێوەی كۆمەڵە و گروپ هەوڵ دەدەن و كێبڕكێ دەكەن بۆ وەدەستهێنان بۆ سەركەوتن لە ڕێگا و گۆڕەپان و ڕووبەری تایبەت بە خۆیان ،بێ ئەوەی سەرپێچی بكەن لە سەر ڕووبەر و ڕێگای ئەوانی تر. لێرەدا هەم دادپەروەری هەم ئازایەتی و هەوڵدانی بەردەوام دەردەكەوێت بە ڕەچاوكردنی ماندووبوون و هەوڵدانی ئەوانی تریش، بۆیە گرینگە ڕێگری نەكەین لە هەوڵەكانی ئەوانی تر، بەڵكو كێبڕكێ و هەوڵدان و هاندان و كاری هاوبەشی هەبێت بۆ بەدەستهێنان. لەو وتارەدا گرینگە ئاماژە بە وانەیەك بكەم لە (5)پێنج خولەك كە زۆر شتی لێ فێردەبین كە خۆم زۆر سەرنجی ڕاكێشام خۆزگە هەر بەرێوەبەر و ڕاهێنەر و خاوەن كارێك وا بیر بكەنەوە ئەویش
" لە كۆڕێك لە زانكۆی ئەمریكی نۆرە گەیشتە لای ئەستێرەی میوانەكان (نەجیب ساویرس) كە بازرگانی بەناوبانگ و ناسراو بوو بۆ ئەوەی قسەی خۆی بكات بۆ قوتابیانی دوا قۆناغ. پیاوەكە دەستی بە قسەكردن كرد و گوتی كاتی پێویستم لە بەر دەست نەبوو تاوەكو وشەی بریقەدار ڕیز بكەم بۆتان بخوێنمەوە، بەڵام هەوڵدەدەم لە ماوەی (5)پێنج خولەكی داهاتوو شارەزایی و ئەزموونی خۆمتان پێشكەش بكەم ئەگەر یارمەتیم بدەن. تەنها پێم بڵێن چەند كەس دەیەوێ یارمەتیم بدات دەست بەرز بكاتەوە، ژمارەیەكی زۆر كەم دەستیان بەرز كردەوە و بەدوو دڵی و ئەوانی تر گرینگیان پێنەدا. بازرگانەكە قسەكانی كرد و گوتی "
ئەو بارودۆخی ئێوە جۆرێكە لە خاوی و سستی" كە لە ئەنجامی بێزاری و وەڕس بوونی و نەبوونی متمانە دێتە دی، وشیاربن خاوی و سستی لەكار هەل و دەستكەوتی گەورەتان لە دەست دەدات. دواتر لە گیرفانی خۆی كاغەزێكی دەركرد و گوتی ئەوە چەكی بانكە بە بڕی (10) دە هەزار دۆلار لە كارگێڕیی زانكۆم وەرگرتووە لە بەرامبەر فێركردنی ئێوە بە شتێكی نوێ. ئەو چەكی بانكە دەدەمە ئەو كەسەی كە بتوانێ دەستی لە هەمووان بەرزتر بكاتەوە تا دەگاتە بەرزترین خاڵ. لەو كاتەی واژووی لە سەر چەكی بانك كرد و هەموویان بە یەكەوە دەستیان بەرزكردەوە و لەوكاتەدا پیاوەكە گوتی
(ئەوەش هاندانە). ناتوانی هیچ كارێك ئەنجام بدەی ئەگەر كرێكارەكان هان نەدەی. خولەك لە دوای خولەك هەموو بەشداربووان هەوڵیان دەدا چەكەكە بەدەست بهێنن و هەریەكە و تەماشای ئەوەی تەنیشتی خۆی دەكرد و دەیویست دەستی لە ئەو زیاتر بەرز بكاتەوە. لێرەدا پیاوە بازرگانەكە جارێكی تر
گوتی(ئەوەیان كێبڕكێ)یە لەوانەیە سەختی و شەڕانگێزی تێدا بێت، بەڵام لە كۆتاییدا هەموویان لە بارودۆخێكی زۆر باشدا دەبن. لێرەدا گەنجێك ڕەخنەی گرت و گوتی ئەوە دادپەروەری نییە، من بەژن و باڵام لە هەموویان كورتترە ئەوەش وام لێ دەكات لە دۆخێكی خراپ بم. پیاوەكە وەڵامی دایەوە و گوتی ڕاستە ئەوە تایبەتمەندی كێبڕكێ كاتی و دیاری كراوە، بەڵام مەهێڵە بتڕوخێنێ، بەردەوام لەدوای چەند چركەیەك ئەو گەنجە لە سەر كورسی وەستا و دەستی بەرزكردەوە و لەوانی تر بەرزتر بوو ، پیاوەكە گوتی ئەو جۆرە بیركردنەوەیە دەكەوێتە دەرەوەی سندوقەكە لەوانەیە بۆ ماوەیەك پێشەنگ بی، بەڵام ناتوانی بەردەوامی بی. ئەوانی تریش لاسایی ئەو گەنجەیان كردەوە و لە سەر مێز و كورسی وەستان و دەستیان بەرز كردەوە و هەندێكیان شت ومەكیان لە سەر مێزەكان دانا و خۆیان چونە سەر مێزەكان و دەستیان بەرزكردەوە ئاستەكان جارێكی تر لە یەك نزیك بوونەوە لێرەدا وانەبێژەكە گوتی ئەوەیان پێ دەگوترێت
" چاككردنی بەردەوام،# كە مانەوەت لە كێبڕكێ مسۆگەر دەكات". تادەهات كێبڕكێ شەڕانگێزانە تر دەبوو دوای چەند چركەیەك سێ كەسیان ڕێكەوتن كە یارمەتی یەكتر بدەن و یەكتر بەرز بكەنەوە و تاوەكو یەكیان بگاتە بەرزترین خاڵ و دواتریش پارەكە دابەش بكەن لە نێوان خۆیاندا لەكاتی سەركەوتنیان ئەوانە گەیشتنە بەرزاییەك كە پێشتر پێی نەگەیشتبوون. لێرەدا وانەبێژەكە هاتە وەڵام و گوتی
ئەوەش پێی دەگوترێت(كاری هاوبەش) كە لەكاری بچووك دەست پێ دەكات و تادەگاتە دامەزراوە و كۆمپانیای گەورە بە هەمان شێوە گروپ و كۆمەڵەی تریش هاوشێوە دروست بوون لە نێوان بەشداربووەكان، هیچ كەسێك بەتەنها و تاك نەمایەوە لە كێبڕكێ هەر گروپ و كۆمەڵەیەك هەوڵی دەدا و شێوازی نوێی بەكار دەهێنا تا بەسەر گروپ و كۆمەڵەكانی تر زاڵ بێت. كاتێك ئاستەكان لە یەكتر نزیك بوون گەنجێك لە یەكێك لە گروپەكان گوتی خۆمان ڕێك بخەینەوە ئەوەی كێشی زۆرە لە خوارەوە بێت و ئەوەی كێشی كەمترە لە سەرووتر بێت تا باشتر خۆمان ڕابگرین و دەست بەرز بكەینەوە بۆ تیمەكەی خۆی باس كرد و ئەوەش پەرۆشیان زیتر بوو بۆ بیرۆكەكە و تاوەكو ببتوانن بە جیاوازییەكی بەرزتر سەركەون و بگەنە بەرزترین ئاست.لێرەدا وانە بێژەكە هاواری كرد و گوتی
" ئەوەش سەركردایەتی كردنە" هیچ كارێك ناگاتە ئاستێكی جیهانی بەبێ سەركردەیەكی لێهاتوو و لێزان" لێرەدا پێنج خولەكەكە كۆتایی هات و بازرگانەكە سوپاسی گروپی سەركەوتووی كرد و چەكی بانكەكەی خستە گیرفانی خۆی و ڕۆیشت. كاتێك گروپی براوە داوای چەكی بانكەكەیان لێكرد بە هێمنی و لە سەرخۆ گوتی " ئەوە دوا وانەبوو هەرگیز
بڕوا نەكەی كە بتوانی بە خۆڕایی فێرببی" من بازرگان و پیاوی كارم هاتووم تاوەكو شارەزایی و ئەزموونی خۆم پێتان بفرۆشم ئەو چەكی بانكە مافی خۆمە، ئێوەش فێربوون، ئەوەیە چەمكی
" هەموومان قازانج دەكەین، هەموومان بڕاوەین"
(*)
ڕاوێژكار لە وەزارەتی پەروەردە
ماستەر لە كارگێڕیی پەروەردەیی

بەکر کەریم حەسەن