نابێ متمانە بە هەموو قسەیەک بکەین

نابێ متمانە بە هەموو قسەیەک بکەین

 

مێژوونووسی یۆنانی (هیرو دوت) دەڵێ"خەڵك متمانە دەكەن بە گوێچكەكانیان كەمتر لە متمانەیان بە چاوەكانیان".
بێگومان ئەوەی كە دەیبیستین ڕۆژانە جێگای گومانە و نابێ باوەڕ و متمانە بەو قسانە بكەین كە دەیانبیستین، بەڵام ئەوپەری متمانە بەو چاوانە دەكەین كە دەیانبینین، بینینی بە چاو هیچ پاسا و بیانوو حاشایەك هەڵناگرێ. بەڵام بیستن بە گوێچكەكان هەمیشە زۆر بیانوو پاساو هەڵدەگرێ.
خۆی لە خۆیدا متمانە كردن بە ئەوانیتر هەم بریتییە لە بەهایەكی كەسی قووڵ، هەمیش لە هەمان كاتدا كارامەییە دەكرێ پەرەپێبدرێ و بنیات بنرێ لە ئەنجامی هەڵسوكەوتی ڕۆژانە. دەتوانین بڵێین متمانە كردن بە هەندێ كەس لە ڕوانگەی باوەڕبوونمان بە گرینگی پەیوەندییە كەسییەكان و ڕێزگرتنیان و كە پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە ڕەوشتی كەسەكان هەیە و هێمایەكی بەرزی كۆمەڵایەتییە، دەكرێ بڵێین پێویستییەكی ڕۆژانەیە لە نێوان تاكەكانی كۆمەڵگە تاوەكو مرۆڤ لە ڕاڕایی و ترس و دوو دڵی نەژی، پێویستە متمانە هەبێت لە نێوانیان تاوەكو پەیوەندییەكی تۆكمە و بەختەوەر هەبێت چ لە ڕووی خێزان یان كۆمەڵایەتی یان ئیشوكار و پیشە و بەرژەوەندی ئەوەش زیاتر هەستێكی دڵخۆشی و جێگیر و پتەو و دروست دەكات.
لە بیرمان نەچێت متمانە كردن لە هەمان كاتدا كارامەییە دەكرێ زیاتر بێت لە ئەنجامی بوونی ڕاستگۆیی و نەشاردنەوەی ڕاستییەكان و پابەند بوون بە بەڵێن و پەیمان و وەفاداری و دڵسۆزی و ڕێزگرتن و هاوكاری كردن و پاڕاستنی پەیوەندییەكان و هاوسۆزی هەموو ئەوانە متمانە زیاتر دەكەن لە نێوان كەسەكان دوور لە بەرژەوەندی كەسی، واتە متمانە كردن بە خەڵك كۆمەڵێ بنەما و هۆكاری جۆراوجۆر و قووڵی هەیە، نەك كوێرانە و ناشارەزا چارەنووس و ئەنجامی زۆركاری گرینگ پەیوەندی هەستیار ببەستینەوە بە متمانە پێكردنێكی كاتی و بەرژەوەندی و سەرە ڕۆیی.
دەگێڕنەوە" جارێك یەكێك لە پادشاکان ئاشكرای كرد كەوا ژمێریارەكەی (10)دەملیۆن دۆلاری لێ دزیوە. ئەو ژمێریارە (كەڕولال) بوو، بۆیە پادشاکە بڕیاریدا لێپرسینەوە لە ژمێریارەكە بكات لە سەر دیارنەمانی پارەكەی. بانگی كەسێكی كرد كەشارەزایی هەبوو لە زمانی ئاماژە تاوەكو لە ژمێریاری (كەڕولال) تێبگات. لێی پرسی لە كۆێیە ئەو (10)دە ملیۆن دۆلارە؟ ژمێریارەكە گوتی من نازانم باسی چی دەكات. پادشاکە دەمانچەی دەركرد بە نێوچەوانی ژمێریارەكەی نوساند و بەكابرای شارەزای ئاماژە گوت پێی بڵێ بۆ دواجار گەر شوێنی پارەكەم پێ نەڵێت دەیكوژم. كابرای شارەزا لە زمانی ئاماژە پێی گوت دەتكوژێت گەر شوێنی پارەكەی نیشان نەدەی، ژمێریارەكە بە زمانی ئاماژە گوتی لە ناو جانتایەكی ڕەش دایە شاردومەتەوە لە پشت كۆگاكە.
پادشاکە پرسیاری لە كابرای شارەزای زمانی ئاماژەی كرد چی پێت گوت؟ كابرا وەڵامی دایەوە و گوتی" پێت دەڵێ تۆ ترسنۆكی و تەنها مێروولەیەكی هیچ ئازایەتیت تێدانییە تا گوللە بتەقێنی. لەو كاتەدا سەركردەی پادشاکە گوللەی لە نێو چاوانی ژمێریارەكەدا و کوشتی و هەموو شتێك كۆتایی هات لە بەرژەوەندی كابرای شارەزای زمانی جەستە.
لێرەدا بۆمان دەردەكەوێت هەڵەیەكی كوشندەیە هەموو متمانەیەك بەو كەسەدا بكەین كە كە قسەمان بۆ دەهێنێ و بۆمان دەبات، كارەساتە بڕیارەكانمان لە سەر ئەو قسانە بێت كە گوێمان لێ دەبێت دوای ماوەیەك دەردەكەوێت هیچیان ڕاست و دروست نین و متمانەمان لە شوێنی دروست نەبووە، ئەویش دوای زیانێكی زۆر و پەشیمانییەكی گەورە كە هیچ سوودی نابێت، بۆیە نابێ متمانە بە هەموو ئەو كەسانە بكەین كە قسەمان بۆ دەهێنن. بێگومان تا ئێستاش کەسانێک هەن چەندەها لەو شارەزای زمانی ئاماژەیان لە دەوروبەریان دا هەیە

 

(*)
ڕاوێژكار لە وەزارەتی پەروەردە
ماستەر لە كارگێڕیی پەروەردەیی

Top