فەرهاد خالید هونەرمەند لە زاخۆ: كێشەی سەرەكیی هونەرمەندان نەبوونی پشتگیریی ماددییە

فەرهاد خالید   هونەرمەند لە زاخۆ:  كێشەی سەرەكیی هونەرمەندان   نەبوونی پشتگیریی ماددییە

 

 

گەورەترین ئاستەنگی بەردەم هونەرمەند بە گشتی بابەتی داراییە، ئەگەر پشتگیریی ماددی بۆ هونەرمەندان دابین بكرێت، ئەوا دەتوانن بە باشی كاری خۆیان بكەن، وەك چۆن مرۆڤێكی بەرپرسیار كاری خۆی دەكات. لەم ڕوانگەیەوە ئەركی حكومەتی هەرێمی كوردستانە سندوقی هونەرمەندان دابمەزرێنێت و گرنگی پێ بدات و بەرنامەیەكی جددییان بۆ دابنێت و پەیڕەوی بكات، بەمەش دۆخیان باشتر دەبێت. بەداخەوە سەرەڕای بوونی وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان، بەڵام هونەرمەندان هێشتا دەستكورتی و ئاستەنگی زۆریان هەیە، كە سەرەكیترینیان كەموكورتیی لایەنی ماددییە، خۆ ئەگەر ئەم كێشە ماددییە چارەسەر بكرێت، هونەرمەند دەتوانێت وەك هەر مرۆڤێكی دیكە كاری خۆی بكات و داهێنان لە بەهرە و بوارەكەی خۆیدا بكات. سندوقەكانی هونەرمەندان، ڕۆژنامەنووسان، پەرلەمان و نووسەران، پێویستە بە شێوەیەكی كۆمەڵایەتیتر كار بكەن و حكومەت ڕۆڵی سەرەكیی هەبێت لە ڕاگەیاندننامە و پێویستە شتێكی باش بۆ هونەرمەندان و هونەر بە گشتیی بكرێت و پارێزگاریی لە كەلتوور و ناسنامە و هونەری كوردی بكرێت. داواكارم ئەم داوایانە بە جددی وەربگیرێن و بگەنە دەست لایەنە پەیوەندیدارەكان و چارەسەری بنەڕەتی كەموكورتییەكانی لایەنی ماددیی هونەرمەندان بكرێت، بۆ ئەوەی بە جددی لەسەر مەسەلەی هونەرمەندان كار بكرێت، چونكە پشتگیریی ماددی و مەعنەوی لەبواری هونەر زۆر گرنگە.

 

Top