ئەمریکا: ئەفغانستان و کۆڵۆمبیا لە شەڕی دژی ماددە هۆشبەرەکاندا شکستیان هێناوە

ئەمریکا: ئەفغانستان و کۆڵۆمبیا لە شەڕی دژی ماددە هۆشبەرەکاندا شکستیان هێناوە

 

 

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، ئەفغانستان لەنێو ئەو وڵاتانەدایە کە بە ڕوونی بەڵێنەکانیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا جێبەجێ نەکردووە.

میدیا نێودەوڵەتییەکان ئەمڕۆ سێشەممە 16ی ئەیلول بڵاویانکردەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، ئەفغانستان لەنێو ئەو وڵاتانەدایە کە بەڕوونی شکستیان هێناوە لە جێبەجێکردنی بەڵێنەکانیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا.

بەگوێرەی ئەو ڕاپۆرتە، ترەمپ ئەفغانستانی لەگەڵ چەند وڵاتێکی دیکە، لەوانە بۆلیڤیا، میانمار، کۆڵۆمبیا و ڤەنزوێلا خستۆتە لیستی ئەو وڵاتانەی کە شکستیان هێناوە لە بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان.

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، ترەمپ هەروەها جەختی لەوە کردووەتەوە کە بەرهەمهێنانی کۆکاین لە کۆڵۆمبیا گەیشتووەتە بەرزترین ئاستی لە هەموو سەردەمێکدا و سەرکردایەتی سیاسی بەرپرسیارە لەم شکستە.

بەپێی یاساکانی ئەمریکا، سەرۆک کۆمار ساڵانە پێویستە ئەو وڵاتانە دەستنیشان بکات کە نەیانتوانیوە ڕێککەوتنەکانی دژە ماددە هۆشبەرەکان جێبەجێ بکەن.

دەوترێت کە ئەم کارە بەزۆری بە ئامانجی فشارخستنە سەر حکومەتە پەیوەندیدارەکان بۆ زیادکردنی هەوڵەکان لە کۆنترۆڵکردنی ماددە هۆشبەرەکاندا ئەنجام دەدرێت.

 

 

 

 

گوڵان: سەردار خەلیل

 

Top