موزەخانەی سەمەرەی ئیلوژن
موزەخانەی ئیلوژن یەكێكە لە سەیرترین موزەخانەكان، كە گوزارشت لە دیمەنی سەیروسەمەرە و شێوە و ژووری جۆراوجۆر دەكات. ئەم موزەخانەیە وەك شوێنێك نییە بۆ كەرەستە و كالای كۆن، یان پاشماوە مێژوییەكان، بەڵكو بە موزەخانەی سەمەرە - ILLISION ناسراوە، ئەم جۆرە موزەخانانە لە زۆربەی شارە بەناوبانگەكانی جیهان وەك: لەندەن، ئەمستردام، بەرلین، هەن و، وەك ناوەندێكی گەشتیاری بۆ سەرنجڕاكێشانی گەشتیاران دەكرێنەوە، تیایاندا هەندێك دیمەن و حاڵەتی سەیر دەكەونە بەرچا، كە لە هیچ شوێنێكی دیكەدا نین، لەوانە: ئەگەر دوو كەس هەمان شێوە و قەبارە بن، لە درێژی و كورتیی باڵادا، بەڵام ئەگەر بچنە ژووری پێوانەكان، یەكێكیان دوو هێندەی ئەوەی دیكە دەردەكەوێت. هەروەها ژووری هەڵاتن هەیە، لەم ژوورەدا دەبێ هەڵێیت، ئەگینا دێوە ترسناكەكان پەلامارت دەدەن. پردی ترسناك هەیە، كە دەجووڵێیتەوە و هەروەها حاڵەتی لەناكاوی جۆراوجۆرت بەسەردا دێت. ژووری پێچەوانە هەیە، كە لەم ژوورەدا هەموو كەرەستەكان بە پێچەوانە دانراون، تەنیا خۆت بە ڕاستی و دروستی دەوەستیت. نرخی تیكتی ئەو موزەخانەیە ڕەمزییە و تەنیا بۆ سەرنجڕاكێشانی گەشتیارانە، كە بۆ گەشتیاران بۆ یەكەم جاریان بە خۆڕاییە، پاشان دەبێتە نرخێكی كەم، بۆ خێزانێكی ئاسایی (30) هەزار دینارە بۆ گەڕان و تاقیكردنەوەی هەموو بەشەكانی نێو موزەخانەكە.
