د. ئیسماعیل عوسمان مامۆستای زانكۆ لە سلێمانی: سینەما دەتوانێت ناسنامەی كۆمەڵایەتی لە چوارچێوەی لۆكاڵی دەربكات و بیكاتە ناسنامەیەكی جیهانی
هونەر ڕۆڵێكی یەكلاكەرەوە دەگێڕێت لە پاراستنی ناسنامەدا. من لێرەدا دەمەوێت بەتایبەتی لەسەر گرنگیی هونەری سینەما بدوێم، چونكە سینەما كلیلی سەرەكییە بۆ ناساندنی ناسنامەی كوردی بە جیهان. لە كاتێكدا هونەرەكانی دیكەشمان هەن، وەك مۆسیقا و شانۆ، كە زۆربەی جار بە شێوەیەكی لۆكاڵی دەمێننەوە و گوزارشت لە دۆخی ناوچەیی دەكەن، بەڵام سینەما دەرفەتێكی نوێ و بێهاوتامان پێدەبەخشێت بۆ دروستكردنی ناسنامەیەكی ڕاستەوخۆ و گشتگیر. سینەما توانای هەیە ناسنامەی كۆمەڵایەتی، كە زۆرجار بەستراوەتەوە بە چوارچێوەی لۆكاڵییەوە، دەرباز بكات و بیكاتە ناسنامەیەكی جیهانیی پڕ لە واتای قووڵ. ئەم سینەمایە پێویستە چی بێت؟ دەبێت ڕەنگدانەوەی ڕاستەقینەی واقیعی كۆمەڵگەی كوردی بێت. لەناو جۆرە جیاوازەكانی سینەمادا، ئەو فیلمانەی كە واقیع و ژیانی كۆمەڵایەتی نیشان دەدەن، كاریگەرترینن. بۆ ئەوەی بتوانین ناسنامەی كەسی و كۆمەڵایەتی خۆمان بە جیهان بناسێنین، پێویستە سینەماكەمان ئاوێنەی ژیانی گەلەكەمان بێت. پێویستە وەڵامی ئەو پرسیارەش بدەینەوە كە ئایا ئێمە ئێستا خاوەنی ئەم جۆرە سینەمایەین؟ بەداخەوە وەڵامەكە نەرێنییە و تاكو ئێستا نەبووینەتە خاوەنی سینەمایەك كە ناسنامەی كەسی و كۆمەڵایەتیی ئێمە بەجیهان بناسێنێت، هەرچەندە دەتوانین لە ڕێگەی وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەكانەوە هەنگاوی جددی بۆ بەدیهێنانی ئەم ئامانجە پیرۆزە بنێین.
كاتێك باس لە سینەمای كورد دەكەین، ناتوانین بەهمەن قوبادی لە یاد بكەین، سینەماكەی بەهمەن قوبادی توانیویەتی ڕەنگ و شێوازێكی جیهانی وەربگرێت و لەوێشەوە، سەرەڕای بوونی ڕەخنە لەسەر لایەنە تەكنیكییەكان، جۆرێك لە كەسایەتیی كوردی بە جیهانی دەرەوە ناساندووە. بەڵام سینەما نابێت بۆ مەبەستی ئایدیۆلۆژی بەكار بهێنرێت، بەڵكو دەبێت گوزارشت لە واقیع بكات. كاركردن لەسەر ئەم سینەمایەش دەبێت لە چوارچێوەیەكی فراواندا بێت، نەك تەنیا لە سنووری شارێك، یان ناوچەیەكی دیاریكراو. پێویستە سینەمایەك بێت كە تەنیا شارێكی دیاریكراو نەكاتە ناوەند، بەڵكو سینەمایەكی كوردیی جیهانی بێت، بۆ ئەوەی بتوانێت ناسنامەی كوردیمان بە تەواوی جیهان بناسێنێت. دروستكردنی پلاتفۆرمی جیهانی بۆ ناساندنی هونەری كوردی زۆر گرنگە، بەتایبەتی كاتێك دەتوانین ئەم پلاتفۆرمە بە بەشداریی هەر چوار پارچەی كوردستان پێكبهێنین. گرنگترین شت ئەوەیە كە لەم چوار پارچەیە، یان لەم ڕەهەندە كەلتوورییەدا، كە كەلتووری بەرهەمهێنانی سینەمایە، هەمووان هەماهەنگ بن و پلاتفۆرمێك دروست بكەن بۆ گفتوگۆ و هاوكاری. پاشان، ئەم پلاتفۆرمە بە تەواوی جیهان بناسێندرێت. كەواتە، دروستكردنی ئەم جۆرە پلاتفۆرمە بۆ ناساندنی واقیعی ئێستای كۆمەڵگەی كوردی زۆر گرنگ و پێویستە. هەروەها زۆر پێویستە ئەم پلاتفۆرمە لەلایەن ئەكادیمیست و ڕۆشنبیرانەوە پشتگیرییەكی بەهێزی بكرێت، بۆ ئەوەی بتوانن ئەم هەنگاوە گرنگە بنێن. لە هەمان كاتدا، لایەنە پەیوەندیدارەكان و وەزارەتەكان دەبێت بە تەواوی پشتگیریی ئەم پلاتفۆرمە بكەن، بۆ ئەوەی لە ئاستێكی پێشكەوتوودا بێت و بتوانێت سینەماكەمان بە تەكنیكێكی زۆر مۆدێرن و كوالێتیی بەرز بە كۆی گشتیی جیهان بناسێنێت.
