یاسا، پەشیمان بوونەوە لە تاوان
ئایا پەشیمانبونەوە و گوتنی هەڵەبوم لە ئەنجامدانی تاوان لەبەردەم دادگا وا دەكات هیچ لە سزای كەسی تاوانكار كەم بكاتەوە ؟ یاسا چی دەڵێت لەو بارەیەوە ؟.پەشیمانبونەوە ڕەنگە هەنگاوی یەكەمی دوای ئەنجامدانی تاوان بێت بۆ كەسی تاوانكار، جا تاوانە گەورەكانی وەكو كوشتن یان دزیكردن یان دەستدرێژی و بەهەدەردان و بردنی ماڵی دەوڵەت، یان كێشان و بازرگانی مادەی هۆشبەر بێت. بەپێی حوكمەكانی ماددە ی“ 132 “ لە یاسای سزادان، كە زۆر جار پەشیمانی لە تاوان، بوونی خێزان و منداڵ، یان گریان و پاڕانەوە و دداننان بە تاوان و پەشیمانی و بەڵێنی دووبارەنەكردنەوەی تاوان، وا دەكات دادگا بەكاری بهێنێت تا سزاكان كەم بكاتەوە، بەم جۆرە: لە تاوانە قورسەكاندا كە پێیان دەگوترێت (جنایات)، گەر تاوانەكە سزاكەی لەسێدارەدان بوو، دەبێت بە زیندانی تاهەتایی یان كاتی، بەجۆرێك كە نابێت لە پانزە ساڵ كەمتر بێت، هەروەها گەر سزاكەی زیندانی تاهەتایی “واتە بیست ساڵ “ بوو، دەیكات بە زیندانی كاتی، واتە پێنج ساڵ بۆ پانزە ساڵ، گەر سزاكەی زیندانی كاتی بوو، واتە سەروو پێنج ساڵ تا پانزە ساڵ، دایدەبەزێنێت بۆ حەبس كە كەمتر نەبێت لە شەش مانگ.
