یاسا، میراتی كەسانی كوژراو
ئەوانەی میرات لە مردوو دەبەن ئەوانەن بە پلەی نزیكی و خزمایەتی دەگەنەوە بە مردوو، یان ئەوانەی بە هاوسەرگیری گەیشتون پێی، هەندێك جار یەكێك لەم كەسانە هەرچەندە میراتگرە، بەڵام بە حوكمی شەرع و یاسا میرات نابات و بێبەش دەبێت لەو مافە، لە یاسای باری كەسی دەقێكی تایبەت بەم بابەتە جێی نەكراوەتەوە و لە قانونی مەدەنییشدا بە هەمان شێوە دەقێكی تایبەت و یەكلاكەرەوە نییە ئەم بابەتەی ڕوون كردبێتەو، تەنیا ئەوەی كە هەیە دوو ماددەیە ئەویش ماددەی “ 1198 “ كە تیایدا دەڵێت: «زەوی كوژراو ناگوێزرێتەوە بۆ بكوژ “ و ماددەی “ 1226 “ لە هەمان یاسا كە دەڵێت “ مافی تۆماركردن و تاپۆ نییە بۆ كەسی بكوژ و هاوبەشەكەی لەسەر زەویی كوژراو»، كە ئەمەش بە كەموكووڕییە لە هەردوو یاساكەدا و لەم بارەدا دەبێت بگەڕێینەوە بۆ ئەحكامەكانی شەریعەتی ئیسلامی، كەواتە مافی ئەوانەی میراتگرن و میرات نابەن لە شەریعەت و یاسادا، ئەوانەن باسمان كردن، كە باوترینیان ئەوانەن كە میراتگرن و بكوژی میراتلێگیراون و بێبەش دەكرێن لە میرات بردن.
