بەهۆی لافاو و بارانبارینی بەخوڕ زیاتر لە ٣٢٠ کەس گیانیان لەدەستدا

بەهۆی لافاو و بارانبارینی بەخوڕ زیاتر لە ٣٢٠ کەس گیانیان لەدەستدا

 

ژمارەی گیانلەدەستدان بەهۆی بارانبارینی بەخوڕی وەرزی کە بووەتە هۆی دروستبوونی لافاوێکی خێرا لە سەرانسەری باکووری پاکستان لە ماوەی ٤٨ کاتژمێری ڕابردوودا بۆ ٣٢١ کەس بەرزبووەتەوە.

دەزگاکانی بەڕێوەبردنی کارەساتەکانی ئەو وڵاتە ڕۆژی شەممە 16ی ئاب، ئەم بابەتەیان خستەڕوو و ڕایانگەیاند: کە زۆربەی قوربانییەکان کە ٣٠٧ کەسن لە پارێزگای خیبەر پەختونخوای شاخاوی بوون.

دەسەڵاتدارانی ناوخۆیی پاکستان ڕایانگەیاندووە، کە کەشوهەوای خراپ بووەتە هۆی کەوتنەخوارەوەی هێلیکۆپتەرێکی فریاگوزاری.

ئاماژەیان بەوەشکردووە، بارانی بەخوڕ و لافاوێکی خێرا و هەورەبروسکە و داڕمانی بیناکان بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی لە گرد و شاخەکانی پارێزگای خیبەر پەختونخوا.

لەماوەی چەند هەفتەی ڕابردوودا سەدان کەسی دیکە گیانیان لەدەستداوە، بەهۆی ئەوەی پاکستان لە وەرزی گەرمادا بارانێکی زۆرتر لە ئاسایی باریوە و ڕێگا و باڵەخانەکانی وێران کردووە.

 

 

 

گوڵان: سەردار خەلیل

 

Top