وەرگەڕانی شەمەندەفەرێك ژمارەیەک کوژراو و برینداری لێکەوتەوە
بەپێی زانیارییەکان، لە دانیمارک شەمەندەفەرێک لە ڕێڕەوی خۆی دەرچوو، کەسێک گیانی لەدەستدا و چەند کەسێکی دیکەش برینداربوون.
بەپێی ڕاپۆرتێکی پۆلیسی دانیمارک، ڕۆژی هەینی 15ی ئاب، لە باشووری دانیمارک شەمەندەفەرێکی نەفەر هەڵگر لەگەڵ ئۆتۆمبێلێک توشی پێکدادان بوون و شەمەندەفەرەکە لە ڕێڕەوی خۆی دەرچوو، کەسێک گیانی لەدەستدا و چەند کەسێکی دیکەش برینداربوون.
ڕووداوەکە لە ناوچەی باشووری یوتلاند لەسەر ڕێگای نێوان شارۆچکەکانی کلیپلۆ و تینگلۆ ڕوویداوە.
وێنە بڵاوکراوەکان نیشان دەدەن کە گالیسکەیەک لە شەمەندەفەرەکە جیابووەتەوە و کەوتووەتە سەر زەوی.
پۆلیس ڕایگەیاند، لە کۆی گشتی 95 سەرنشینی شەمەندەفەر، کەسێک گیانی لەدەستداوە و ژمارەیەکی دیکەش برینداربوون، کە دوو کەسیان بە هێلیکۆپتەر گواستراونەتەوە.
بەڕێوەبەری هێڵی ئاسنی دانیمارکی گوتی، ڕووداوەکە لەکاتێکدا ڕوویداوە کە شەمەندەفەرەکە بە شەقامێکی بەیەکگەیشتندا تێدەپەڕێت، هەروەها کۆمپانیای دەوڵەتی DSB سەرجەم ڕێگاکانی نێوان کلیپلۆ و تینگلۆی ڕاگرتووە.
گوڵان: سەردار خەلیل
