بڕیاری نەمانی هەڵسەنگاندن و دیاریکردنی یەکەمەکان بۆ قوتابیانی پۆلی ١٢ـی ئامادەیی

بڕیاری نەمانی هەڵسەنگاندن و دیاریکردنی یەکەمەکان بۆ قوتابیانی پۆلی ١٢ـی ئامادەیی

وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بڕیارێکی گرنگ و مێژوویی دا، بە هەڵوەشاندنەوەی سیستەمی هەڵسەنگاندن و دیاریکردنی یەکەمەکان بۆ قوتابیانی پۆلی دوازدەی ئامادەیی. ئەم بڕیارە پشت بە فەلسەفەی نوێی پەروەردە دەبەستێت، کە گرنگی بە گەشەپێدانی تەواوی قوتابییان دەدات، نەک تەنها کۆمەڵێکی دیاریکراو.

ئاشکرایە، سیستەمی پێشووی هەلسەنگاندن لەسەر بنەمای پێشبڕکێی توندی نێوان قوتابییان دامەزرابوو، کە تەنها چەند کەسێکی دەکردە پلە نایاب. ئەم سیستەمە فشارێکی بێوێنەی دەروونی لەسەر قوتابییان و خێزانەکانییان دروست دەکرد، کە زۆربەی کات دەبووە هۆی گرفتەکانی تەندروستی دەروونی، خەمۆکی، و هەتا خۆکوژی لە ناو چینی گەنجان و لاوان.

زیاتر، سیستەمی کۆن، واقیعی پەروەردەیی قوتابخانەکانی تا ڕادەیەکی بەرچاو گۆڕیبوو، بەتایبەتی قوتابخانە ناحکومییەکان. زۆرینەی ئەم قوتابخانانە تەنها گرنگیان بە ئەو قوتابیانە دەدا کە ئەگەری بەدەستهێنانی پلەی نایابیان زۆر بوو، بەمەش کێبرکێیەکی ناتەندروست و بێ بنەما دروست ببوو، لە نێوان قوتابخانەکان بۆ ڕاکێشانی قوتابییە زیرەکەکان.

هەروەها، قوتابخانە ناحکومییەکان بەشێکی گرنگیان، لە مەرامەکانییان بە بازرگانی کردبوون، ئەمیش بە پیشاندانی ئامارەکانی پلەی نایاب و ڕیکلام کردن بۆیان. ئەمە واتای ئەوە دەدات، کە زۆرکات گرنگی بە کوالیتی فێرکردن و گەشەپێدانی تەواوی قوتابی نەدەدرا، بەڵکو تەنها سەرنج لەسەر چەند قوتابیێک دەخرایە ڕوو، کە دەیانتوانی ببن بە نازناوی قوتابخانەکە.

هەربۆیەش، ئەم شێوازی کارکردنە، دەرفەتی لە قوتابیانی ئاساییی دەسەندەوە، کە هەرچەندە نمرەی باشیان هەبوو، بەڵام لە ئاستی پلەی نایابدا نەبوون. ئەو قوتابیانە هەستییان بە پشتگوێخستن و نرخ دا نەناندن دەکرد، کە کاریگەری نەرێنی لەسەر خۆباوەڕی و ئیلهامیان هەبوو.

دوا بە دوای بڕیاری نەمانی هەلسەنگاندن بۆ قوتابیانی پۆلی ١٢ی ئامادەیی، ئەم سیاسەتە نوێیە چەندین سوودی بەرچاوی هەیە، کە دەگاتە هەموو بەشەکانی کۆمەڵگا، کە ئەمانەن:

یەکەم/ فشاری دەروونی بێ بنەما لەسەر قوتابییان، کەم دەکاتەوە کە پێشتر مایەی نیگەرانی خێزانەکان بوو.

دووەم/ ئامانجی سەرەکی لە پەروەردەدا دەگۆڕێت، لە پێشبڕکێی بەدەستهێنانی پلەی نایابەوە بۆ فێربوونی ڕاستەقینە و گەشەکردنی زێتری تواناکان.

سێیەم/ دەرفەتی یەکسان بۆ هەموو قوتابیان دابین دەکات، بۆ چوونە زانکۆ و بەردەوامبوون لە خوێندن، کە ئەمە یەکێکە لە بنەڕەتەکانی مافی مرۆڤ بۆ پەروەردە.

چوارەم/ مامۆستایان ئازاد دەبن لە فشاری دروستکردنی ماکینەی تاقیکردنەوەیی و دەتوانن زیاتر سەرنج بخەنە سەر فێرکردن بە کوالیتی و پەروەردەی گونجاو.

هەروەها، ئەم گۆڕانکارییە کاریگەرییەکی ئەرێنی لەسەر کوالیتی گشتی پەروەردە دەبێت. قوتابخانەکان ناچار دەکرێن گرنگی بە هەموو قوتابییەکان بدەن، نەک تەنها ئەوانەی کە ئەگەری بەدەستهێنانی پلەی نایابیان هەیە. ئەمەش واتای ئەوەیە کە پرۆگرامە خوێندنەکان و شێوازەکانی فێرکردن باشتر و فراوانتر دەبن.

هەروەها ئەم بڕیارە یارمەتی زیادکردنی ڕێژەی دەرچوونی گشتی دەدات، چونکە قوتابییان ئیتر ترسی شکستهێنان لە بەرامبەر یەکتردا نابێت. ئەمە واتای ئەوەیە کە زیاتر قوتابی دەتوانێت بە سەرکەوتوویی قۆناغی ئامادەیی تەواو بکات و ئامادەبێت بۆ قۆناغەکانی دواتری ژیان.

شایەنی باسیشە، بۆ سەرکەوتنی ئەم سیاسەتە نوێیە، پێویستە چەند هەنگاوێک بگیرێتە بەر، وەک:

یەکەم/ ئاگادارکردنەوەی کۆمەڵگا و خێزانەکان لە گرنگی ئەم گۆڕانکارییە و سوودەکانی.

دووەم/ ڕاهێنانی مامۆستایان لەسەر شێوازەکانی نوێی فێرکردن، کە گرنگی بە گەشەپێدانی تەواوی قوتابی دەدات.

سێیەم/ چاودێری لەسەر قوتابخانە نا حکومیەکان بۆ ئەوەی دڵنیابن، لەوەی کە ئەم سیاسەتە نوێیە بە دروستی جێبەجێ دەکەن و ناگەڕێنەوە بۆ شێوازە کۆنەکان.

چوارەم/ دابینکردنی ئامرازی پێویست، بۆ هەڵسەنگاندنی ئەدای قوتابییان، بە شێوەیەک کە گرنگی بە تەواوی تواناکانیان بدات.

لە کۆتاییدا دەتواندرێت بگوترێت، کە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی هەڵسەنگاندن و پلەی نایاب هەنگاوێکی مێژوویی و دروستە، کە گونجاوە لەگەڵ پرەنسیپەکانی پەروەردەی سەردەمی. ئەم سیاسەتە دەرفەتێکی گەورەیە بۆ دروستکردنی سیستەمێکی پەروەردە کە دادپەرانە و تەواوکەرە، کە گرنگی بە گەشەپێدانی هەموو قوتابییان دەدات بەبێ جیاوازی. و هیوادارین ئەم بڕیارە بەردەوام بێت و سەرکەوتوو بێت، چونکە ئەمە نەک تەنها باشترینە بۆ قوتابی، بەڵکو بۆ داهاتووی کۆمەڵگاش گرنگە. ئەم گۆڕانکارییە دەتوانێت وەک نموونەیەک، بۆ باشترکردنی سیستەمی پەروەردە لە هەموو ئاستەکاندا بەکاربێت و بنەمایەک بێت بۆ پەروەردەیەکی مرۆڤانەتر و کاریگەرتر.

د. بارزان سەباح
مامۆستای زانکۆ

Top