هۆزان تۆفیق ئەندازیاری شارستانی: پڕۆژەكانی ڕێگاوبان لە سنووری پارێزگای سلێمانی ئەو گەشەسەندنەی بە خۆیەوە نەبینیوە كە لە پارێزگاكانی دیكەی هەرێم هەیە

هۆزان تۆفیق  ئەندازیاری شارستانی:  پڕۆژەكانی ڕێگاوبان لە سنووری پارێزگای سلێمانی ئەو گەشەسەندنەی بە خۆیەوە نەبینیوە كە لە پارێزگاكانی دیكەی هەرێم هەیە

 

ڕێگاوبانەكان ڕاستەوخۆ خزمەت بە هاووڵاتیان دەگەیەنێت و ڕۆڵی زۆر گرنگیان هەیە لە پتەوكردنی پەیوەندییەكانی بازرگانی و گەشتكردن، ئەمە جگە لە ڕۆڵی بۆ بەهێزكردنی پەیوەندییە كۆمەڵایەتی و كەلتوورییەكان و پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكان، لەمەشدا خۆشبەختانە حكومەتی هەرێمی كوردستان، سەرەڕای ئەو قەیران و ئالنگاری و كێشانەی كە هاتووەتە پێشی، پلان و كاری باشی هەبووە و پڕۆژەی گەورە و ستراتیژی خراوەتە بواری جێبەجێكردنەوە، بەڵام بەداخەوە وەك پارێزگای سلێمانی ئەو گەشەسەندنەی بە خۆیەوە نەبینیوە، هەم لە ڕووی قەبارەوە و هەم لە ڕووی كوالێتییەوە لە ئاستی ئەو فراوانبوونەی پارێزگای سلێمانی نییە، هاوكات ژمارەی شوفێر و ژمارەی ئۆتۆمبێلەكانیش زیادیان كردووە، من نامەوێ زۆر بچمە ناو وردەكارییەكانیەوە، بەڵام بەداخەوە لە سنووری پارێزگای سلێمانی كۆمەڵێك ململانێ و كێشەی سیاسی هەیە، كە ئەمە هۆكارێكی سەرەكی بووە، بۆ ئەوەی كە هاووڵاتیانی ئەم سنوورە بێبەش بن لەم خزمەتگوزارییە. ئەوەتا ڕۆژانە دەبیستین و دەبینین كە ڕووداوەكانی هاتوچۆ بەتایبەتی لەو سنوورە زۆر زیادیان كردووە. ئامارەكان پێمان دەڵێن ڕووداوەكانی هاتوچۆ زیادیان كردووە، بۆ چارەسەركردنی ئەم كێشە مەترسیدارەش پێویستە هەم حكومەت و لایەنە پەیوەندیدارەكان و هەم هاووڵاتیان و شوفێرانیش كۆمەڵێك هەنگاوی گرنگ بگرنەبەر، بۆ ئەوەی هیچ نەبێت ڕێگری بكرێت لە زیادبوونی ئەو ڕووداوانەی هاتوچۆ.

یەكێك لەو خاڵانەی كە زۆر گرنگە بۆ كەمكردنەوەی ڕووداوەكانی هاتوچۆ، دروستكردنی ئەو ڕێگایانەیە بە شێوەیەك كە ستانداردی ئەندازیاری پێوە دیار بێت و كوالێتییەكەی زۆر گرنگە. ڕێكخستنەوەی سیستمی هاتوچۆ لە هەرێمی كوردستان و نۆژەنكردنەوەی ئەو ڕێگایانەی كە پێویستی بە نۆژەنكردنەوە هەیە، ڕۆڵیان دەبێت لە كەمكردنەوەی ڕووداوەكانی هاتوچۆ، چونكە ئەگەر ئەم ڕێگایانە پشتگوێ بخرێن، لە دواجاردا پێویستی بەوە دەبێت، كە تەبەقەكانی ڕێگاكە جارێكی دی لا ببرێت و دووبارە دروست بكرێتەوە.

 من ئەوە دەزانم كە هەر چەند ڕێگاوبانەكە بە شێوەیەكی ستانداردی زۆر باشیش دروست بكرێن، جاری وا هەیە، ئۆتۆمبێلەكان سەلامەتییان تێدا نییە، بۆیە پێویستە شوفێرانیش بە ئاگاتر بن و ژیرانەتر مامەڵە بكەن و ئاشنا بن بە یاساكانی هاتوچۆ، چاكسازییش لە یاساكانی هاتوچۆ بكرێت. خاڵێكی زۆر گرنگی دیكە هەیە، كە نابێت پشتگوێ بخرێت، ئەویش كۆنتڕۆڵكردنی قەپانەكانە، ئەمە زۆر گرنگە بۆ تێكنەچوونی ڕێگاوبانەكان، چونكە ئەو ئۆتۆمبێلانەی كە بارهەڵگرن و بەسەر ئەو شەقامانەدا دەڕۆن، هەندێك جار هۆكارن بۆ تێكچوونی شەقامەكان، بۆیە گرنگە لە كاتی دروستكردنی ئەم ڕێگایانە بیر لەوە بكرێتەوە، ڕێگایەكی جیا بۆ ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەكان دروست بكرێت.

هێماكانی هاتوچۆ و هێڵكارییەكان هۆكارێكی سەرەكی و كەرەستەیەكی سەرەكین بۆ ڕێنیشاندەری شوفێران، بەڵام وەك پێویست نییە و لە ڕێگاكان هێماكانی هاتوچۆ ژمارەیان كەمە و پێویستە ژمارەیان زیاتر بكرێت. هەندێك لە شوفێران بە لێزانیی خۆیان بەسەر ئەو شەقامانەدا دەڕۆن و بەكاری دەهێنن، بەڵام ئەگەر گەشتیارێك بێتە سنوورەكەمان لەوانەیە نەتوانێت بەو ئاسانییە ئەو ڕێگایە تێپەڕێنێت. یان بابەتی ڕووناككردنەوەی ڕێگا سەرەكییەكان و هێڵكاری و دانانی هێمای هاتوچۆ ئەمانە هەمووی ڕێنیشاندەر دەبێت بۆ شوفێران، بە شێوەیەكی گشتی لەپێناو بەرزكردنەوەی ئاستی ڕێگاوبانەكان و بەرەوپێشچوونی سیستمی هاتوچۆ، پێویستە حكومەتی هەرێمی كوردستان پلانێكی درێژخایەنی هەبێت و وشیاركردنەوەی شوفێرانیش لایەنێكی سەرەكی و گرنگی ئەم پلانە بێت، چونكە ڕۆڵێكی زۆر باشی لە كەمكردنەوەی ڕووداوەكان دەبێت.

Top