هێرۆ گاردن بۆ دەسترەنگینی لە گوڵوگوڵزاردا
لە دێر زەمانەوە خانمانی كورد، بە دەستڕەنگینی و لێهاتوویی لە كاری دەستیدا بەناوبانگن، كەرەستە و كەلوپەلی پێشوو، زۆربەی بە دەستی خانمانەوە دروست دەكرا ودەچنرا، لە ئێستادا بەشێكی زۆری خانمان، وێڕای ئەوەی خاوەن بڕوانامەن و خوێندنیان تەواو كردووە، هەروەها گرنگی بە كاری ڕستن و چنین و چێكردنی خشڵ و ئێكسسوار و گوڵ و گوڵدان دەدەن، یان لە بواری كاری مەركانە و گوڵ و چاندنی داروباردا لێهاتوون، «هێرۆ مەحمود» دەرچووی زانكۆیە و بەشی جوگرافیای لە كۆلێژی ئەدەبیاتی زانكۆی سەڵاحەدین تەواو كردووە، ئێستا خاوەن شوێنێكە بە ناوی «هێرۆ گاردن» كە گوزارشتە لە كاری باخچە و گوڵوگوڵزاردا، دەربارەی كارەكەی تیشكی خستە سەر چەند لایەنێك لەوانە: بەهۆی خۆشەویستیم بۆ گوڵ و گوڵزار، بیرم كردەوە بیكەمە بیزنسێك و هەروەها وەك حەزێكی خۆم، سەرەتای بیرۆكە تیراریۆم بوو، ئەوەیە كە گوڵ دیزاین دەكەی لە ناو شووشە و گوڵ و گوڵدانی خۆی دادەنێیت، بۆ خۆی دەژی و پێویستی بە خزمەت نییە، دەكرێت وەك دیاری یان وەك دیكۆرێكی ماڵ دادەنرێت، تەمەنیان زیاترە لە دوو ساڵ. هەروەها شێوازی ژاپۆنییشم هەیە، لە ناو كوكی قەوزەیە و بەبێ مەركان گوڵ دەچێنیم، هەروەها گوڵی سرووشتیی ناو ماڵ ئامادە دەكەم و دەڕازێنمەوە، حەزیش دەكەم پاڵپشتم هەبێت پرۆژەكەم گەورەتر بكەم، چونكە بیرۆكەیەكی تازەیە و شتێكی ناسكە، خواستێكی زۆریشی لەسەر هەیە، نرخەكانیشی گونجاون. هەروەها ڕووەكی سرووشتی ئامادە دەكەم، جگە لەوانەش ماسیی ناو حەوزیش بەخێو ئامادە دەكەم، هەموو ئەو بیرۆكانە لەلایەن خۆمەوە پەرەی پێ دراوە، بەبێ ئەوەی كەسێك فێرم بكات.
