ئافرەتی ژیر و سەلار منداڵ بە شكۆوە پەروەردە دەكات
چوارباخ خانمێكی گەنم ڕەنگی باڵا مامناوەندە، ئەو بە ئەسڵ خەڵكی شاری كۆیەیە و تەنیا 30 بەهاری تەمەنە، كەچی بە هۆی ستەمی ڕۆژگار و بێباكیی مرۆڤە بێویژدانەكان پیری بە ڕوخسارییەوە دیارە. هاوڕێیەكی پارێزەر ماوەیەك لەمەوبەر چوارباخی بە گوڵان ناساند و، باسی ئاریشە و مەینەتییەكانی ئەو خاتوونەی كرد، گوڵانیش بە پێویستی زانی بە سەری بكاتەوە و لەسەر زاری خۆیەوە وێنای ژیانی بكات و چیرۆكی خۆی و منداڵەكان بگێڕێتەوە.
گوڵان: كۆمەڵایەتی
چوارباخ دایكی چوار منداڵە و گەورەكەیان تەمەنی تەنیا 11 ساڵە، وەك خۆی باسی كرد، لە هاوسەرەكەی جیا بووەتەوە و، هەر خۆیشی ئەركی بەخێوكردنی منداڵەكانی لە ئەستۆ گرتووە. ئەو خاتوونە بەم جۆرە باسی چیرۆكی ژیانی خۆی بۆ خوێنەرانی گۆڤاری گوڵان دەكات: «كاتێك كچ بووم و لە ماڵی باوكم بووم، بەو هیوایە بووم، دوای پێكهێنانی هێلانەی ژیانی هاوسەری، لانەیەكی ئارام و گەرم و گوڕم هەبێت و، لە سایەیدا بە ئاسوودەیی ژیان بكەم، دەیان خەونی ڕەنگاوڕەنگم هەبوو، كەچی كاتێك هاوسەرگیریم كرد، دووچاری گرفت و ناخۆشیی زۆر بووم، ڕووبەڕووی خیانەتی هاوسەری بوومەوە، سەرەڕای ئەوەش بەشم هەر لێدان و تێهەڵدان و جنێو و سووكایەتیكردنی بێ حیساب بوو، سەرباری هەموو ئەوانەش هاوسەرەكەم زۆر تەمبەڵ و تەوەزەل بوو، كاسبی نەدەكرد، ئەگەر ماڵی باوكم پارەیان پێدەدام بە شەق لێیدەسەندم بە جگەرەی دەدا، دواجار لەسەر دزی گیرا، منیش ئەو دەرفەتەم بە هەلێكی باش زانی بۆ جیابوونەوە و ڕزگاركردنی خۆم و منداڵەكانم، دواجار دوای ڕووبەڕوو بوونەوەی كەسوكارەكەم بە شێوەی تەفریق لێی جیابوومەوە و لە ئەنجامدا باوكم و برا و خوشكەكانم حاشایان لێكردم تەنیا دایكم نەبێت، خوشكە گەورەكەم پێی گوتم بە جیابوونەوەت لای ماڵە خەزورانم ئابڕووم چوو، ئەمڕۆش لەگەڵ هەموو ئەوانەدا خەڵك بەتایبەت كەسوكاری خۆم بە چاوی كەم سەیرم دەكەن و هەمیشە پێم دەڵێن ژن بمرێ باشترە نەوەك تەڵاق بدرێت، بەڵام من بەردەوام لە خۆمم پرسیوە: چوارباخ ئایا تۆ هەڵەیت؟ هەر خۆم وەڵامی خۆم دەدەمەوە و دەڵێم نەخێر، هەڵە نیم، كە هەڵە نەبم گوێ بە هیچ كەس نادەم و ڕێگە بە كەسیش نادەم بڕیار لە ژیانی خۆم و منداڵەكانم بدات، پێویستە ئافرەتی ژیر و سەلار كەرامەتی لە سەرووی هەموو شتێكەوە دابنێت و منداڵەكانی بە شكۆوە پەروەردە بكات».
چوارباخ زیاتر باسی ژیانی خۆی دەكات و ئەوەش ناشارێتەوە كە لە خزمانی خۆی و هاوسەرەكەشی كەس هاوكاری نەكردووە و یارمەتییان نەداوە، بۆیە ناچار بووە، شان بداتە ژێر كاری دەرەوەی ماڵ و هەر لەو بارەیەوە گوتی: «لە پێناو ژیانێكی شەرەفمەندانە و لە بەر خاتری چاوی منداڵەكانم لەگەڵ دەستەخوشكێكم دووكانێكمان بە كرێ گرتووە و كاری نەخش و دروومان دەكەین، بە داهاتی كارەكەم منداڵەكانم بەخێو دەكەم و، هەرگیز نەمهێشتووە چاویان لە دەستی كەس بێت. سوپاس بۆ خوا دوای ئەو هەموو ناخۆشییە ئەمڕۆ خۆری ئازادی و ڕزگاربوون لە ستەمم لێ هەڵهات، بەداخەوە پیاو كە زانی بێ پشت و پەنای، كە زانی ماڵە باوان لێت ناپرسنەوە ئەو زیاتر پێت لێ دەنێت و زیاتر دەتچەوسێنێتەوە و ئیستیغلالی وەزعەكە دەكات، دایكیشم هەمیشە دەیگوت كچم ئەگەر لە ماڵ باوان بە دەنگی لە ماڵ و مێردان بە ڕەنگی.
دوای ئەو هەموو ڕووبەڕوو بوونەوەیە لەوە تێگەیشتم كە هەمیشە بەڵێ كردن ئەنجامی باشی نابێت، بەڵكو پێویستە لە ڕووی ناعەدالەتی و زوڵم و ستەم بە دەنگێكی دلێر بڵێین نەخێر».
