ئەندازیار ئاری ئەحمەد بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێم بۆ گوڵان:   نزیكەی سه‌دا هه‌شتای پڕۆژەی ئاوی فریاگوزاریی خێرای هەولێر تەواو بووە

  ئەندازیار ئاری ئەحمەد  بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێم بۆ گوڵان:     نزیكەی سه‌دا هه‌شتای پڕۆژەی ئاوی فریاگوزاریی خێرای هەولێر تەواو بووە

 

 

پڕۆژەی ئاوی فریاگوزاریی خێرای هەولێر، بە یەكێك لە پڕۆژە ستراتیژییەكانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان دادەنرێت، كە بە شێوەیەكی خێرا قۆناغەكانی پڕۆژەكە بەڕێوە دەچێت. بەم نزیكانە لەگەڵ تەواوبوونی پڕۆژەكە، بەشێكی زۆری كێشەی ئاوی خواردنەوەی هەولێر چارەسەر دەبێت. لەدیدارێكی گۆڤاری گوڵاندا ئەندازیار ئاری ئەحمەد قادر، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێم، وردەكاریی تەواوبوونی پڕۆژەكەی خستە ڕوو.

 

 

* بیرۆكەی جێبەجێكردنی پڕۆژەیەكی وا گەورە بۆ چارەسەركردنی كێشەی ئاوی خواردنەوەی هەولێر، چۆن دروست بوو و تا چەند ئەم پڕۆژەیە بە كوالێتییەكی بەرز و مۆدێرن جێبەجێ دەكرێت؟

- پڕۆژەی ئاوی خواردنەوەی فریاگوزاریی خێرای شاری هەولێر لەلایەن سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە خرایە ڕوو. ئەم پڕۆژە ستراتیژییە لەژێر چاودێری و بەدواداچوونی بەڕێزیاندا جێبەجێ دەكرێت، هەر بۆیە پڕۆژەكە لە ئاستێكی بەرزی هونەری و كوالێتی و مۆدێرنی پێشكەوتوودا بەڕێوە دەچێت، لە ماوەیەكی كەمیشدا كە لە مانگی حەوتی ساڵی 2024 دەست بە جێبەجێكردنی پڕۆژەكە كرا، تاوەكو كۆتایی مانگی حەوتی ئەمساڵ قۆناغی یەكەمی پڕۆژەكە تەواو دەبێت و بۆ مانگی 11ی ئەمساڵیش تەواوی پڕۆژەكە جێبەجێ دەكرێت، بەوەش تاوەكو 25-30 ساڵی داهاتوو شاری هەولێر لێی سوودمەند دەبێت. ئەم پڕۆژەیە كە لە سێ بەشی سەرەكی پێك هاتووە «وەرگرتن، پاككردنەوە و گواستنەوە، دابەشكردن» بە توانای (20) هەزار مەتر سێجا لە كاتژمێرێكدا كە دەكاتە (480) هەزار مەتر سێجا ئاوی خاوێن لە ڕۆژێكدا بەرهەم دەهێنێت، لەگەڵ (210) كیلۆمەتر بۆڕیی گواستنەوەی تیرە جیاجیا كە لە (1600)ملم، (1500)ملم، (1200)ملم، (800)ملم، (700)ملم،(600)ملم، تا(500)ملم پێك هاتووە، بوودجەی پڕۆژەكە (480) ملیۆن دۆلارە و ماوەی پڕۆژەكە وا بڕیارە بە ساڵ و نیوێك تەواو ببێت. پڕۆژەكە سەرچاوەی ئاو لە زێی گەورە وەردەگرێت لە نزیك گوندی كەورگۆسك، دواتر بە دوو بۆڕیی تیرە (1600)ملم بڕی (21)هەزار مەتر سێجا ئاو لە كاتژمێرێكدا دەگوازرێتەوە بۆ وێستگەی پاككردنەوەی سەرەكی لە نزیك گوندی گاینج، ئەم وێستگەیە پێك هاتووە لە دوو وێستگە یان دوو هێڵی پاككردنەوە، كە هەر یەكێكیان بە توانای (10)هەزار مەتر سێجا لە كاتژمێرێك كار دەكات، لە پاشان بە قۆناغەكانی پاككردنەوەدا دەڕوات و ئاوەكە بەپێی ستانداردی عێراقی و ڕێكخراوی جیهانیی(WHO) ئامادەیە بۆ خواردنەوە، دواتر ئاوە خاوێنەكە دەگوازرێتەوە بۆ هێڵەكانی گواستنەوە لە وێستگەی پاككردنەوەی سەرەكی لە نزیك گوندی گاینج بە دوو هێڵی(1500)ملم كە (20)هەزار مەتر سێجا لە كاتژمێرێكدا ئاو دەگوازرێتەوە بۆ وێستگەی دابەشكردنی سەرەكی كە لە نزیك گوندی سێبیرانە، ئەو وێستگەیەی سێبیرانیش چەند كۆگایەكی گلدانەوەی ئاو لەخۆ دەگرێت، كە بەرپرسە لە ناردنی ئاو لە یەكێك لە هێڵەكان كە دوو هێڵی (1200)ملم و دوو هێڵیش بە تیرەی (800)ملم لەخۆ دەگرێت، كاتێكیش هێڵەكانی گواستنەوە دەگەنە شاری هەولێر، دەبێتە سێ هێڵ لەسەر شەقامی (120)مەتری، كە هێڵێكیان لەسەر شەقامی(150) مەترییە و بە دیوی پشتەوەی شەقامەكەدا دەڕوات كە تیرەكەی (1200)ملم ـە و لە شەقامی ڕەشكین، یان مووسڵی كۆن دەست پێ دەكات و دواتر دەچێتە پشت فڕۆكەخانە و بە لای گەزنەدا تاوەكو دەگاتە سەر شەقامی هەولێر- دهۆك درێژ دەبێتەوە، پاشان شەقامی بەحركە دەبڕێت تا دەگاتە شەقامی هەولێر- پیرمام، لەوێشەوە دەڕوات تاوەكو دەگاتە شەقامی كۆیە. ئەو هێڵە دیوی ژوورێ و دەرەوەی پڕۆژەكە ئاو دەدات و سێ هێڵەكەی دیكەشمان هەیە بە هەمان شێوە دێتە سەر شەقامی (120)مەتری كە تیرەكەی (800)ملم ـە، دەست پێ دەكات لە شەقامی مووسڵی كۆن، كە شەقامی «ڕەشكین»ی پێ دەڵێن، بە پشت فڕۆكەخانەدا دەڕوات و شەقامی عەنكاوە دەبڕێت و دەچێتە پشت عەنكاوە تاوەكو دەگاتە نزیك شەقامی هەولێر- پیرمام، كە ئەو بۆڕییەش بۆ ئەو دامەزراوە و شوێن و گەڕەكانەی دەكەونە دیوی ژوورێ و دەرەوەیی شەقامی (120)مەتری ئاویان بۆ دابین دەكات. دوو هێڵی دیكەمان هەیە وەكو ئاماژەمان پێ دا لەسەر شەقامی(120) مەتری كە هێڵێكیان لە دیوی دەرەوەی شەقامی (120)مەترییە و تیرەكەی (1200)ملم ـە، هێلێكیش لەسەر(120)مەتری دەكەوێتە دیوی ژوورەوە كە تیرەكەی (800)ملم ـە. ئەوە بۆڕییەی كە تیرەكەی (800)ملم ـە لە شەقامی ڕەشكین بۆ شەقامی مەخموور لەوێش بۆ شەقامی كەركووك دەڕوات و دەگاتە جیهان سیتی، لەو شوێنە بۆڕییەكە دادەبەزێت كە بەرپرسە لە پێدانی ئاو بۆ دیوی ژوورێی(120) مەتری، بەڵام هێڵی دووەم (1200)ملم ـە بە شەقامی ڕەشكین دەڕوات بۆ شەقامی هەولێر- مووسڵ، لەوێشەوە بۆ شەقامی مەخموور و شەقامی كەركووك تاوەكو دەگاتە نزیك شەقامی كۆیە و، ئەو بۆڕییە (1200) ملم ـە و بەرپرسە لە دابینكردنی ئاو بۆ بەشی دەرەوەی شەقامی (120)مەتری تا دەگاتە دیوی ناوەوەی شەقامی (150)مەتری و بەشێكیشی ئەوانەی كەوتوونەتە دەرەوەی شەقامی (150)مەتریش. بە شێوەیەكی گشتی شاری هەولێر بە شێوەی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ هەر هەمووی لەو بۆڕییانە و تەواوی پڕۆژەكە سوودمەند دەبن، تەنانەت ئەوانەی كەوا لە پڕۆژەكانی ئیفرازی یەك و دوو و سێش سوودمەندن، بە شێوەیەكی ناڕاستەوخۆ بە حوكمی ئەوەی بەشێك لەو ئاوەی كە دەدرێتە دەرەوەی شەقامی (120) مەتری دەگەڕێتەوە بۆ ناو شار و ئەو گەڕەك و شار و سیتی و ئەو پڕۆژانەش كەوا بازرگانی و پیشەسازین.

* یەكێك لە كێشەكانی پڕۆژەی ئاوی هەولێر شكاندنی بۆڕییەكەیەتی، ئایا ئەم پڕۆژەیە تاچەند لە ڕووی كوالێتی و بەكارهێنانی بۆڕییەوە لە ئاست ستانداردی جیهانییە؟

-  پڕۆژەی ئاوی خواردنەوەی فریاگوزاریی خێرای هەولێر، نزیكەی 80%ی تەواو بووە، ئەو كەرەستە و كەلوپەلانەی لەم پڕۆژەیەدا بەكار هاتوون، لە باشترین و بە كوالێتیترین جۆرن و بە ستانداردی جیهانی دادەنرێت، ستافی كاركردن ڕۆژانە لە نێوان سێ تا پێنج هەزار كرێكارە و، بەشێوەیەكی بەردەوام كاریان تێدا كردووە لە «كرێكار و تەكنیككار و ئەندازیار» و هەموو جۆرە ستافێكی دیكە كە پێویستی پێ بووبێت و بە سێ شێفتیش كاری تێدا كراوە و ژمارەی ئامێرەكان سەرووی هەزار دانە بووە، هەروەها بۆڕییەكانی لەو پڕۆژەیەدا بەكارهاتوون، لە جۆری سپایرەل ستیلی تایبەتە بە ئاوی خواردنەوە، كە لە دیوی ژوورێی ئیپۆكسی تایبەت بە ئاوی خواردنەوەی كراوە، لە دیوی دەرەوەشی بە پۆلی ئەسیلین داپۆشراوە تاوەكو بتوانێ بەرگەی خۆڵ و ژەنگاویبوون بگرێت، تەنانەت كاری لەحیمكردنیشی بە جۆرێ ستانداردی جیهانی كراوە، هەروەها ئەم بۆڕییەی بەكار هاتووە لە جۆرێكی یەكجار باشە و توانای بەرگەی لێدان دەگرێت و بە شێوەیەكە كە بە ئاسانی كون ناكرێت، یان ناشكێندرێت.

* باس لەوە دەكرێت لە تەنیشت ئەم پڕۆژە ستراتیژییەدا لەگەڵ تۆڕەكانی ئاوی خواردنەوەی ناو شاری هەولێر، پڕۆژەی دیكەشتان دەست پێكردووە، ئایا بەستنەوەی پڕۆژەكە بە تۆڕی نێوخۆی گەڕەكەكانی شاری هەولێرەوە تاچەند بەرەوپێش چووە؟

- پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاوی خواردنەوەی ئاوی هەولێر تەنیا بەرپرسە لە خاوێنكردنەوەی ئاوەكە و گواستنەوەی بۆ ناو شار، هاوكات لەگەڵ ئەم پڕۆژەیەدا پڕۆژەی بەستنەوەی هێڵە سەرەكییەكانی لەگەڵ تۆڕەكانی شاری هەولێرمان هەیە، پڕۆژەیەكی دیكەشمان هەیە بۆ بەستنەوەی هێڵە سەرەكییەكانی پڕۆژەی فریاگوزاری لەگەڵ تۆڕەكانی شاری هەولێر. ئەم پڕۆژەیە نزیكەی (411) كیلۆمەترە كە بۆڕییەكانی تیرە (100-200)ملم بەكار هاتووە، كە هێڵە سەرەكییەكانی پڕۆژەی فریاگوزاری دەبەستێتەوە لەگەڵ تۆڕەكانی شاری هەولێر و ڕێكخستنەوەیەكی تەواویش دەكرێت لە تۆڕەكانی شاری هەولێر، بەتایبەتی لەو هێڵانەی كە ئاو بۆ گەڕەكەكان دابین دەكات.

* ئایا كارەبای بەردەوام بۆ پڕۆژەكە دابین كراوە، چونكە پێشتر لەكاتی دروستبوونی گرفتی كەم ئاویدا باس لەوە دەكرا كارەبای نیشتمانی هۆكارێكە بۆ دروستبوونی قەیرانی كەمیی ئاوی خواردنەوە؟

- پڕۆژەكە دوو هێڵی سەرەكیی وزەی كارەبای نیشتمانیی هەیە، ئەگەر یەكێكیان كێشەی هەبێت، دووەمیان كار دەكات، ئەمە وێڕای ئەوەی وێستگەكە كارەبای تایبەت بەخۆی لەگەڵیدا دروست كراوە، تا بتوانین تەنانەت لە 100%ی پڕۆژەكە كار پێ بكات، تەنانەت ئەگەر كارەبا لە هیچ شوێنێك نەبێت.

*  داخستنی بیرەكانی ئاوی خواردنەوە لە دوای دەستبەكاربوونی ئەم پڕۆژەیە بە كوێ دەگات، كە بۆ پارێزگاریگردنی ئاوی ژێر زەوی زۆر پێویستە؟ 

- یەكێك لە سوودەكانی پڕۆژەی ئاوی خواردنەوەی فریاگوزاریی خێرای هەولێر، داخستنی بیرەكانی ئاوی خواردنەوەیە، ئەمەش ئامانجی سەرەكییە بۆ پاراستنی ئاوی ژێرزەوی، وەك ئاگادارن لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا ئاستی ئاوی ژێرزەوی لە شاری هەولێر بە شێوەیەكی بەرچاو كەمی كردووە و ئێستا بیر لە شاری هەولێر بە نزیكەی (500-550) مەتر لێدەدرێت، كە ساڵانی هەشتاكان نزیكەی (80-90) مەتر و زۆرترینیان (120)مەتر بوو، هەر بۆیە لە قۆناغی یەكەم و لەگەڵ تەواوبوونی پڕۆژەی فریاگوزاریدا، وابڕیارە لە كۆی 1400 بیر كە لە شاری هەولێر هەیە، هەزار بیری ئاوخواردنەوەی گەڕەكەكان دابخرێن و پلانیش هەیە دواتر (1200) بیر دابخرێن. لەلایەكی دیكەوە كاری باش دەكرێت بۆ ڕێكخستنەوەی پێوەری ئاوی خواردنەوە و دانانی تەوافە و پارێزگاریكردن لە ئاوی خواردنەوە، كە وا دەكات ئاوی پاك بەفیڕۆ نەدرێت، كە بە خەرجی و تێچوونێكی زۆر بۆ حكومەت و بە بەردەوامی ئەم خزمەتگوزارییە دەگەیەنرێتە هەموو هاونیشتمانییان.

 

Top