کابینەی نۆیەم، وەرچەرخان و بنیادنان

کابینەی نۆیەم، وەرچەرخان و بنیادنان

کابینەی نۆیەم ئەو کابینەیەیە کە وەرچەرخانێک بوو لە مێژووی حکومڕانی کوردیدا دروست بوو، چاوی تەنیا لە ئەمڕۆ نەبوو بەڵکو پلانی توکمەی دانا و کاری کرد بۆ نیادنانی داهاتوویەکی بەهێزتر و باشتر، ئەم کابینەیە لە ماوەی پێنج ساڵی تەمەنی دا دەستی لەسەر برینە سەختەکان دانا و گەڕایەوە بۆ ڕەگی کێشەکان تا لە ڕەگەوە چارەسەریان بکات، نەک کێشەکان بۆ ئەمڕۆ چارەسەر بکات و بەیانی سەر هەڵبدەنەوە.

خوێندنەوە و هەڵسەنگاندن بۆ ماوەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان کارێک نییە هەر کەسێ هەستا هەڵسەنگاندنی بۆ بکات، بەڵام من لێرەدا دەمەوێت چەند سەرنجێک بخەمە ڕوو هەرچەندە کارێکی ئاسانیش نییە بەڵام هەوڵ دەدەم بە ڕوونی باس لەو شتانە بکەم کە دەتوانن تا ڕادەیەک وەڵامی پرسیارەکان بدەنەوە دەربارەی ئەم کابینەیە.
ئەوە ڕوونە کابینەی نۆیەم میراتگری ساڵانێک حوکمڕانی کوردییە، بۆیە هەر کاتێ بمانەوێت هەڵسەنگاندن بکەین دەبێت ڕەچاوی ئەو خاڵەش بکەین، بەشێک لەقەیران و کێشەکان هی ماوەکانی ڕابردوو و پێش ئەم کابینەیەن بە میرات بۆ ئەم کابینەیە ماونەتەوە.
کابینەی نۆیەم وێڕای ئەوەی کە دەستی کرد بە ڕاستەڕێکردنی حکومڕانی و ئەنجامدانی چاکسازی، بەردەوامیش بوو لە پێشکەشکردنی خزمەتگۆزاری و بگرە بەردەوام ڕێژەی خزمەتگۆزارییەکانی زیاتریش کردووە، بە جۆرێک سەرەڕای هەموو قەیرانەکان، بەڵام پرۆژەکان هەر بەردەوامبوون، بەردەوام پڕۆژەی نوێ ئەنجام دراون لەو پێنج ساڵەدا زیاتر لە ٣ هەزار و ٥٠٠ پڕۆژە لە تەواوی کوردستان ئەنجام دراون جگە لە گەورەترین پڕۆژەی خزمەتگۆزاری کە کارەبای ٢٤ کاتژمێرییە بۆ کوردستان کە ساڵانێکی زۆڕبوو خەونی خەڵکی کوردستان بوو، کابینەی نۆیەم ئەو کابینەیەیە کە خۆی رادەستی هیچ قەیرانێک نەکردووە و تەسلیمی هیچ فشارێک نەبووە، سەرەڕای قەیرانە جیهانییەکانی وەک پەتای کۆرۆنا وە فشارەکانی حکومەتی عێراقی و چەند وڵاتێکی تری دەرەکی و کێشە ناوخۆییەکان و ڕاگرتنی هەناردەی نەوت بەڵام لە هەموو حاڵەتەکاندا ئەگەر هەڵسەنگاندێکی ورد بکەین، دەگەینە ئەو قەناعەتەی حکومەتی هەرێم نەک شکستی نەهێناوە، بەڵکو سەرکەوتوو بووە و هەنگاوی گەورەی ناوە، ئەوەش بەر لە هەرکەسێ بۆ شەخسی جەنابی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەگەڕێتەوە، کە خاوەن کەسایەتیەکی بەهێز و دیدگایەکی ڕوون و بیرۆکەی بەهێزی دەوڵەتدارییە.

ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی
گەندەڵی و بەهەدەردانی سامانی گشتی گەورەترین کێشەی هەرێمی کوردستانە و زۆڕترین گلەیی هاوڵاتییان لەسەر ئەم بابەتەیە، بەشی سەرەکی کارنامەی کابینەی نۆیەم بۆ ئەم پرسە تەرخان کرابوو و هەنگاوی گەورەش نراون، زیاتر لە دەیان هەزار مووچەی نایاسایی بڕدراون، ئەو زەمینەیەی کە جاران بۆ گەندەڵی هەبوو لەم کابینەیە ئەو زەمینەی وەکو جاران خۆش نەماوە و ترسێکی زۆڕ لای گەندەڵکاران دروستکرا تا نەتوانن بەردەوام بن لەسەر گەندەڵی.

شەفافییەت لە کابینەی نۆیەم دا
دەبێ دان بەوەدابنێین کە کابینەی نۆیەم لەرووی شەفافیەتەوە بەڕادەیەکی زۆر شەفاف بووە بەڕادەیەک چ خودی جەنابی سەرۆک وەزیران و چ گوتەبێژی حکومەت و چ وەزیرەکان زۆرترین ئامادەییان هەبووە لە میدیادا و وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنوسان و خەڵکیشیان داوەتەوە.
لەلایەکی تریشەوە وەزیرەکانی ئەم کابینەیە زۆرترین هەماهەنگیان لەگەڵ پەرلەماندا هەبووە، چونەتە پەرلەمان بۆ وەڵامدانەوەی پرسیاری پەرلەمانتاران، ئەمە جگە لەوەڵامی پرسیارەکان بە نوسراو و یان بەشدارییان لەکۆبوونەوەی لیژنەکاندا، کە ئەمانە هەموو خاڵی گرنگن لە شەفافییەت دا.

زیادکردنی داهات و کەمکردنەوەی خەرجی
یەکێک لە مەرجەکانی حکومەتی سەرکەوتوو، یان خاوەن ئابووری بەهێز ئەوەیە حکومەتەکە داهاتی زیاتر بێت لەخەرجییەکانی، چونکە ئەگەر بەپێچەوانەوە بێت، ئەوە ئەو حکومەتە دەکەوێتە ژێر قەرزەوە و ڕۆژ بە ڕۆژ قەرزەکان زیاتریش دەبن، ڕوونە کە قەرز بارگرانییەکی ئێجگار زۆڕ بۆ داهاتوو دروست دەکات و لێکەوتەی خراپی لەسەر وڵات دەبێت، لەو دۆخە سەختەی ئابووری کە کوردستان و جیهانی پێدا تێپەری، حکومەتی هەرێم لە کابینەی نۆیەم دا هاوشێوەی کابینەکانی پێشوو پەنای بۆ قەرز نەبرد. بەڵکۆ بە ڕێکخستنەوەی داهاتی ناوخۆ و ڕیفۆرم لە سێکتەرە جیاجیاکاندا توانی کوردستان لەسەر پێ ڕاگرێت.
یەکێک لە سەرچاوە سەرەکییەکانی داهات لە کوردستاندا نەوتە، تا ئەو کاتەی هەناردەی نەوتی هەرێم بەردەوامبوو بە ئەنجامدانی ڕیفۆرم توانی داهاتی نەوت لە ٪25 بۆ لەسەدا ٪41 زیادبکات، ئەوەش دوای کۆبوونەوەی بەرپرسانی حکومەت لەگەڵ کۆمپانیاکانی نەوت و پێداچوونەوە بە هەندێ لە گرێبەستەکاندابووە.
پێش ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم توانیمان بەو ڕیفۆرمانەی کابینەی نۆیەم بچینە قوناغی خۆبەڕێوەبردن مەسرور بارزانی و کابینەی نۆیەم توانیان سەرکەوتوو بن و بەبێ بەغدا مانگانە ٣٠ ڕۆژ جارێک و بەبێ لێبڕین مووچە دابەش بکەن، ئەوەش دەرخەری بەهێزی بەرنامە و پلانی کابینەی نۆیەم و خۆدی جەنابی مەسرور بارزانییە.
بە کۆی گشتی داهاتی حکومەتی هەرێم، لەوانەش داهاتە نانەوتییەکان لەدەروازە سنورییەکان لە کابینەی نۆیەم سێ بەرامبەر زیادییان کرد، لەساڵی 2016دا داهات 563 ملیۆن دینار بووە، بەڵام لەساڵی 2021 دا گەیشتە ملیارێک و 690 ملیۆن دینار.لەوەش گرنگتر توانی خەرجی حکومەت لە 200 ملیۆن دۆلار کەم بکاتەوە بۆ 70 ملیۆن دۆلار.

بەهێزکردنی ژێرخانی ئابووری
کابینەی نۆیەم وەک لەکارنامەکەیدا هاتووە، کار بۆ دروستکردنی ژێرخانێکی بەهێزی ئابووری دەکات، بەڵام وەک سەرۆک وەزیران لەکۆبوونەوەیەک لەگەڵ رۆژنامەنوساندا گوتی: ژێرخانی ئابووری کاتی دەوێت و تەلارێک نییە دیاربێت بۆیە ئەم بابەتە پێویستی بەکاتە، گرنگترین شت بۆ بەهێزبوونی وڵات ژێرخانی ئابووری بەهێزە، کە ئێستا هەندێ لە ئاماژەکانی دەرکەوتووە، وەک کارکردن و پرۆژەی زۆر و بەردەوام لەبواری کشتوکاڵدا، بۆ ئەوەی لەداهاتوودا تەنیا پشت بەنەوت و سامانی سروشتی نەبەستێت بەڵکۆ کەرتی گەشتیاری وە بەرهەمی کشتۆکاڵیش ببنە سەرچاوەیەکی گرنگ بۆ بژێوی خەڵکی کوردستان.
دروستکردن و نۆژەنکردنەوەی دەیان شوێنی گەشتیاری و کارکردنێکی جددی لەسەر کەرتی گەشتیاری لەم کابینەیەدا دەبێتە دەرگایەکی گرنگی ئابووری لە داهاتوودا.
دروستکردنی چەندین سایلۆ و وەرگرتنی گەنمی جوتیاران بەنرخی بەغدا و دروستکردنی چەندین کۆگا و کارگە و بەرزکردنەوەی توانا و ڕێژەی بەرهەمهێنان، بۆ ئەوەی ئاسایشی خۆراک پارێزراوبێت، کە ئاسایشی خۆراک بەشێکی گرنگە لە ژێرخانی ئابووری بەتایبەتی لەم ناوچەیەدا، پێشتر فشارەکانی دەوروبەر و داخستنی سنور مەترسییان لەسەر دروست دەکردین، بەڵام ئێستا تا ڕادەیەکی زۆڕ بە پشتبەستن بە بەرهەمی ناوخۆ کوردستان کەوتووەتە ناو قۆناغی خۆ ژیاندن.

سەرچاوەکانی داهات
پێشتر حکومەتی هەرێم تەنیا پشتی بە چەند سەرچاوەیەکی سنووردار دەبەست کە بەردەوام ئەوەش کێشەی بۆ حکومەت دروست دەکرد و بەهۆی بەرزی و نزمی لەو داهاتانەدا بەردەوام دوچاری قەیران دەبووینەوە، بەڵام کابینەکەی جەنابی مەسرور بارزانی ئەجێندای وابوو کە پێویستە داهات هەمەجور بکرێت و سەرچاوەی نوێی داهات بدوزرێتەوە، وە هەنگاوی باشیش نرا بۆ ئەو مەبەستە بۆ نمونە گرنگیدانی زیاتر بە کەرتی گەشتیاری، گرنگیدان بە کشتۆکاڵ و هەناردەکردنی بەرهەمی کشتۆکاڵی وەکو (هەنار)، (پەتاتە)، (برنج) و دەیان بەرهەمی دی.
وە ڕێکخستنەوەی سیستەمی باج
داهاتی وڵات پێویستە بە شێوەی بازنەیی بسوڕێتەوە نەک حکومەت پارە بدات و هیچ نەیەتە شوێنی هەر کاتێ ئەو بازنەیە تێکچوو داهاتێکی زۆڕ بەهەدەر دەڕوات نە بازاڕ و نە ژیانی هاووڵاتیان سەقامگیر نابێت،و حکومەت بەرگەی بچوکترین قەیران ناگرێت و دەکەوێتە ژێر قەرز، دەتوانین بڵێین جاران باج لە کوردستان ئەسڵەن هەر بوونی نەبوو حکومەت پارەی دەدا، یان زۆڕ کەم یان هەر هیچی وەرنەدەگرتەوە، بۆیەش لەبەرامبەر بچوکترین قەیران حکومەت دەبوو قەرزبکات و مووچە و بازاڕ و ژیانی خەڵکیش تێکدەچوو، بەڵام لە کابینەی نۆیەمدا حکومەت ئەو بازنەیەی ڕێکخستەوە.

کەمکردنەوەی ڕووتین و بە ئەلیکترۆنی کردن
یەکەک لە پێشکەوتنەکانی وڵات سیستەم و بە ئەلیکترۆنی کردنی دامودەزگاکانی حکومەتە تا لەو ڕێیەوە ڕووتین کەم بکرێتەوە و خەڵک بتوانێت بە ئاسانی و بە ماندووبونێکی کەمتر کارەکانی ڕایی بکات، دروستکردنی ناوەندێکی لۆکردنەوەی داتا بۆ کۆکردنەوەی داتا و زانیاری هاوڵاتیان و ئاسانکاریکردن بۆ بە ئەلکترونیکردنی کاروبارەکانی دەوڵەت، وەک جەنابی سەرۆکی حکومەت ئاماژەی پێ دابوو کاردەکەن بۆ ئەوەی مامەڵەی کاغەز نەهێڵن و ئەو کارەشیان ئەنجام دا کە ئەوەش هەم کاتێکی زۆڕ بۆ هاوڵاتیان دەگەڕێنێتەوە و هەم تێچۆیەکی زۆڕیش بۆ حکومەت دەگەڕێنێتەوە، خوشبەختانە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم بە جددی کاری لەسەر ئەو بابەتە کردووە و تا ئێستا بە شێوەیەکی بەرچاو ڕووتین کەمکراوەتەوە، وە چەندی دامودەزگای حکومەت بە ئەلەکترونی کراون و کارئاسانییەکی زۆڕ بۆ هاووڵاتیان و بازرگانان و خاوەن پیشەکان کردووە و یەکەک لە پڕۆژە هەرە گەورەکان بۆ بە جیهانی بوون و تێکەڵبوون لەگەڵ بازاڕەکانی جیهان پڕۆژەی (هەژماری من) بوو کە هەم مووچەخۆر دەتوانن مووچەکانیان بە ئاسانتر وەربگرن هەمیش کارئاسانییەکی زۆڕ بۆ هاوڵاتیان دەگرێت بۆ هەڵگرتنی پارە و ئەنجامدانی کارە بازرگانییەکان، کەمکردنەوەی ڕووتین و بەئەلکترۆنی کردن یەکێکە لە دەسکەوتەکانی کابینەی نۆیەم کە ناتوانرێ حاشای لێ بکرێت.

هەر کەسێ بڵێت ئەم کابینەیە شکستی هێنا یان لە ڕقە یان لە بەرژەوەندی دراوە یان لە نەزانینە..
ئەگەر ڕاگرتنی نەوتی هەرێم نەهاتبا پێش بێ بەغدا تەنیا بە ڕێکارەکانی کابینەی نۆیەم ژیانێکی زۆڕ شایستە پێشکەش بە هاوڵاتیانی کوردستان دەکرا بەڵام کە نەوت نەما حکومتی عێراق پابەندە بەوەی هەموو مانگێک مووچەی خەڵکی کوردستان بنێرێت کە ناینێرێت ئەوە جینوسایدێکی مودێرنە بەسەر خەڵکی کوردستاندا دەهێنرێت.

زۆڕ شت هەن کە ئێستا نابینرێن بەڵام لە داهاتوودا دەرئەنجام و کاریگەرییە باشەکانی هەوڵ و کاری ئەم کابینەیە دەبینرێت.
ئەگەر دیراسەیەکی ورد و ئەکادیمیانە بۆ ئەم بابەتە بکرێت. هەڵسەنگاندن و خوێندنەوەی لۆژیکی دەربارەی کابینەی نۆیەم پێمان دەڵێن کابینەی نۆیەم خاڵی وەرچەرخان بوو لە مێژووی حکومەتداری کوردیدا.

زانا عبدالباقی

Top