پڕۆفیسۆر جەیمس سپێرلینگ بۆ گوڵان:   هێشتا ڕێچكەی ترەمپ لە ئاست ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ئەنجامی خوازراوی نەبووە

پڕۆفیسۆر جەیمس سپێرلینگ بۆ گوڵان:     هێشتا ڕێچكەی ترەمپ لە ئاست ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ئەنجامی خوازراوی نەبووە

 

 

جەیمس سپێرلینگ، پڕۆفیسۆری زانستی سیاسییە لە زانكۆی ئاكرۆن، پێشتریش وانەبێژ بووە لە زانكۆی میشیگان ستەیت، كۆلێژی داڤیدسۆن و كۆلێژی جەیمس مادیسۆن و، وانەبێژی سیاسەتی جیهانی و حكومەت (سیاسەتی بەراوردكاری و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان) و سیاسەتی نێودەوڵەتی و دامەزراوەكان و سیاسەتی ئەمنی بەراوردكارییە. لە توێژینەوەكانیدا بایەخ بە سیاسەتی ئەمنی و ئابووریی وڵاتی ئەڵمانیا و ئاسایشی جیهانی و ئاسایشی ناوچەیی لە چوارچێوەی سیستمی نێودەوڵەتیی هاوچەرخدا دەدات، هەروەها گرنگی دەدات بە پرسەكانی پەیوەست بە ناتۆ و حوكمڕانیی جیهانی. گوڵان دیمانەیەكی لەگەڵدا ئەنجام دا، كە تەوەرە سەرەكییەكانی پەیوەست بوون بە سەردانەكەی ئەم دواییەی سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا (دۆناڵد ترەمپ) بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، و هۆكار و پاڵنەر و دەرئەنجامەكانی ئەم سەردانە.

 

* بەم دواییە سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا سەردانێكی گرنگی بۆ ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بە دیاریكراوییش بۆ هەر سێ وڵاتی كەنداو (عەرەبستانی سعودیە، ئیمارات قەتەر) ئەنجام دا، كە ڕێككەوتنی گەورەی لێ كەوتەوە. ئایا ئامانجە سەرەكییەكانی ئەم سەردانە چی بوون؟

- بە تێڕوانینی من سەردانەكەی سەرۆكی ئەمریكا (دۆناڵد ترەمپ) بۆ ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، چوار ئامانجی لە پشت بوو، یەكەمیان پەیوەست بوو بە ئەنجامدانی ڕێككەوتنی كڕینی چەكەوە لەگەڵ هەر یەكە لە وڵاتانی عەرەبستانی سعودیە، ئیمارات و قەتەر، واتە دەستەبەركردنی داهاتێكی بەردەوام لە ڕێی وەبەرهێنانی ئەم وڵاتانە لە تەكنەلۆژیای ئەمریكا و پیشەسازیی چەكەوە. دووەمیان خودگەورەكردن و خۆدەوڵەمەندكردنی دۆناڵد ترەمپە لە ڕێی بەدەستهێنانی وەبەرهێنانی وڵاتانی كەنداوەوە لە پڕۆژەكانی خانوونەبەرەكانی خودی ترەمپ، یان لە ڕێی گواستنەوە داراییەكانەوە كە شەفافییەتێكی زۆر لەخۆ ناگرن. خاڵی سێیەم بریتی بوو لە دروستكردن و پێكهێنانی هاوپەیمانێتییەكی كارا لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بۆ ‌چارەسەركردنی كێشەی ئێران. ئامانجی چوارەم پەیوەندیدارە بە خوڵقاندنی هەلومەرجێكەوە بۆ وڵاتانی ناوچەی كەنداو، بۆ ئەوەی قبووڵی ئەوە بكەن، ئیسرائیل بەشێكی زیاتری كەرتی غەززە و كەناری ڕۆژئاوا داگیر بكات.

*  ئەگەر بێینە سەر ئەوەی كە ئایا تا چەند ئەم سەردانە توانیویتی دەرئەنجامەكان بەدەست بهێنێت، ئەوا ڕوونە كە چەندین ڕێككەوتن ئەنجام درا و، وەك دەڵێن دۆناڵد ترەمپ بە دەستی پڕەوە گەڕایەوە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، كەواتە ئایا دەكرێت بڵێین ئەم سەردانە سەركەوتنی بەدەست هێنا و ئەوەی ترەمپ ویستی بەدەستی هێنا؟

- ئەوەی لە كۆشكی سپییەوە ڕاگەیەندرا لە بارەی ئەم ڕێككەوتننامانەوە، ئەوە دەخاتەڕوو كە سەردانەكەی دۆناڵد ترەمپ بۆ ئەم وڵاتانە لە پەیوەندی بە ئامانجی یەكەم و دووەمەوە سەركەوتنی بەدەست هێنا، كە لە وەڵامەكەی پێشوودا ئاماژەمان پێ كردن، ئەگەرچی هێشتا هەندێ گومان لەم ڕووەوە لە ئارادان، ئەوە بوو كە عەرەبستانی سعودیە چەند گرێبەستێكی بە بەهای 142 ملیار دۆلار لە بواری خەرجییەكانی پەیوەست بە نوێكردنەوەی بواری بەرگری لەگەڵ ئەمریكا واژۆ كرد، لە كاتێكدا وڵاتی قەتەر بە بڕی 92 ملیار فڕۆكەی بازرگانیی كڕی و وڵاتی ئیماراتیش خۆی پابەند كرد بە چوارچێوەیەكی وەبەرهێنانەوە بە بەهای 1.4 تریلیۆن دۆلار، هەروەها عەرەبستانی سعودیە بەڵێنی دا كە 600 ملیار دۆلار وەبەرهێنان بكات لە ئابووریی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكادا، و قەتەریش بەڵێنی دا 1.2 تریلیۆن وەبەرهێنان بكات لە ئابووریی ئەمریكادا. بە گوێرەی ئاژانسەكانی هەواڵیش، زیادەڕەوییەك هەیە لە ڕاگەیاندنی ئەم وەبەرهێنانانەدا. ئەوە بوو بلومبێرگ ڕایگەیاند كە عەرەبستانی سعودیە تەنیا خۆی بە 300 ملیار دۆلارەوە پابەند كردووە، قەتەریش تەنیا بە بڕی 243.5 ملیار دۆلار گرێبەستی واژۆ كردووە. هەرچۆنێك بێت، ئەوەی من دەمەوێت لەم بارەیەوە بیڵێم ئەوەیە كە سەرەڕای ئەوەی ئەم گرێبەستانە خزمەت بە خودپەسەندیی دۆناڵد ترەمپ دەكەن، بەڵام لە هەمان كاتدا بوار بەم وڵاتانە دەدەن، بۆ ئەوەی ڕۆبچنە نێو ئەو بوارە پیشەسازییانەی كە گرنگن بۆ توانای بەرگریی ئەمریكا لە ئایندەدا، كە دەكرێت بە ئاسانی بگوازرێنەوە بۆ ڕكابەر و ململانێكارەكانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، ئەمەش خۆی لە خۆیدا مایەی مەترسییە لە ڕووی ستراتیژییەوە، كە ئەم حكومەتانە ڕۆ بچنە نێو ئابووریی ئەمریكاوە.

* ئێوە باستان لەوە كرد كە بەشێكی سەردانەكە بۆ بەرژەوەندیی تایبەتی خودی دۆناڵد ترەمپ بوو. ئایا لەم ڕووەوە دەرئەنجامەكە چی بوو؟

- لە كاتێكدا مەحاڵە كە بزانرێت ئایا، یان چۆن دۆناڵد ترەمپ بە چەشنێكی ڕاستەوخۆ سوودمەند بووبێت لەم گەشتە، چونكە ئەو فڕۆكەیەكی سەرنشین هەڵگری بە بەهای 400 ملیۆن دۆلار بۆ بەكارهێنانی فەرمی و (ڕەنگە بۆ بەكارهێنانی شەخسی خۆیشی بێت، دوای جێهێشتنی دەسەڵات) وەرگرت. هەروەها پێشەنگكارای بواری پیشەسازی و تەكنەلۆژی- كە سوودمەند بوون لە دیپلۆماسیەتی بزنێس ئاسای ئیدارەكەی دۆناڵد ترەمپ- خۆی لە بارێكی لاوازدا پیشان بدا و هەوڵی ڕازیكردنی ترەمپ بدەن لە كۆتایی گەشتەكەیدا.

* بە گشتی ئەم سەردانە چ لێكەوت و دەرئەنجامێكی لێ دەكەوێتەوە بۆ تێكڕای كێشەكانی ناوچەكە؟ ئایا دەبنە هۆی ئەوەی قەیران و تەنگژەكان بەرەو خاوبوونەوە و چارەسەر بچن؟

- من پێم وایە ئەو ڕێچكەیەی كە ئیدارەی سەرۆك دۆناڵد ترەمپ گرتوویەتەبەر لە ئاستی ناوچەكەدا هێشتا ئەو دەرئەنجامەی لێ نەكەوتووەتەوە كە پێویستە و گرنگە، بۆ نموونە یەكێك لە مەسەلە گرنگەكان پەیوەستە بە گەیشتن بە ڕێككەوتن لەگەڵ ئێران و ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی لەگەڵ ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، هەروەها ئەو بارە پڕ لە پشێوییەی لە كەرتی غەززە هەیە، لە هەمان كاتدا پرسی سنوورداركردنی پەلهاویشتنی چین بۆ نێو ناوچەكە، كەواتە زەحمەتە هیچ دەرئەنجامێك بەدی بكەین كە پێمان بڵێت هاتنەئارای ئاشتی لە ناوچەكەدا لە ئان و ساتدایە، یان ڕێگری كراوە لە بەدیهاتنی تمووحەكانی چین لە ناوچەكەدا.

* زۆر باشە، با لە كۆتا وەڵامەكەتانەوە پرسیاری ئەوە بكەین كە ئەو ڕێچكەیەی كە ئیدارەی سەرۆك ترەمپ گرتوویەتەبەر، ڕێگەچارەیەكی نوێ و لە كۆتاییدا دەبێتە هۆی ئەوەی كە ئاشتی و گەشەكردن لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتدا بەدی بهێنێت؟

- دەكرێت ئەوە بگوترێت كە ڕۆڵی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە ئاست ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕێچكەیەكی بزنسئاسا و مامەڵەكاری بووە، و ئەمەش لە بەشێكی زۆریدا دەگەڕێتەوە بۆ ئەو كەلێنە شارستانییەی لە نێوان ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و وڵاتانی ناوچەی نیمچە دوورگەی عەرەبیدا هەیە، هەروەها دەگەڕێتەوە بۆ پشتیوانیی جێگیری ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بۆ ئیسرائیل لە سەروەختی شەڕ و ئاشتیدا. عەرەبستانی سعودیە و ئیمارات و قەتەر پشتبەستوون بە بوونی پەیوەندییەكی ئەمنی نزیك لەگەڵ ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، بەتایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی خواستی ئێران بۆ ئەوەی ببێتە هێزێكی هەرێمیی باڵادەست لە كەنداودا- كە ئەم خواستێك بوو كە پێشتر ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و بەریتانیا پشتیوانییان لێ دەكرد، مەبەستم لە سەروەختی دەسەڵاتی شایە، بەڵام ئەم خواستە لە ئێرانی دوای شۆڕشیشەوە بەردەوامە. هەرچۆنێك بێت، ڕەنگە یەكێك لە لایەنەكانی گوتاری سیاسەتی دەرەوەی ئیدارەكەی دۆناڵد ترەمپ و (ڕەنگە بڵێین كە لە ڕووی كرداریشەوە پیادەی كردووە) كاریگەریی هەبێت لەسەر باشتركردنی باری ئەمنیی ناوچەكە، بەتایبەتی كە خودی دۆناڵد ترەمپ بەڵێنی دا، كە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا چیتر بیرۆكە و نۆرمەكان نابنە سەرمەشقی سیاسەتەكانی، بەڵكو تەنیا بەرژەوەندییە تایبەتییەكانی خۆی لەبەرچاو دەگرێت. ئەو جەختی كردەوە لەسەر ئەوەی كە «لەم ساڵانەی دواییدا كە ژمارەیەكی زۆری سەرۆكەكانی ئەمریكا گرفتار بوون بەو بیرۆكەیەی كە پێیان وا بووە، ئەركی ئەوانە لە ناخی سەركردە بیانییەكان بڕوانن و سیاسەتی ئەمریكاش بكەنە ئامرازێك بۆ بەدیهێنانی دادپەروەری لە بەرانبەر ئەو گوناهانەی كردوویانە»، گوتیشی: «كاری من بریتییە لە بەرگریكردن لە ئەمریكا و برەودان بە بەرژەوەندییە بنەڕەتییەكانی پەیوەست بە بواری سەقامگیری و خۆشگوزەرانی و ئاشتی»، ئەم ڕێچكەیە دەبێتە هۆی كەمكردنەوەی ئەگەری دەستتێوەردانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لەم ناوچەیەی جیهاندا، تەنیا ئەو كاتە نەبێت كە پێشهات و پەرەسەندنەكان بە چەشنێك بن كە مایەی هەڕەشە و مەترسی بن بۆ سەر ئاسایشی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا. هەرچەندە ڕەنگە زۆرێك لە نوخبە تەقلیدییەكانی سیاسەتی دەرەوەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بەرهەڵستكار بن بۆ ئەوەی ئەمریكا ئەركی دیموكراسی لە ئەستۆ نەگرێت، بەڵام دەبێت ئەوەش لەبەرچاو بگرین كە لەم حاڵەتەدا و ئەم ستراتیژیەتەی سیاسەتی دەرەوە دەبێتە هۆی كەمكردنەوەی ئەگەری دەستتێوەردانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە سیاسەتی ناوخۆیی ئەو دەوڵەتانە و كەمكردنەوەی بیانوو و پاساوەكانی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكان لەلایەن ئەمریكاوە. ئەم ڕێچكە بزنێس ئاسا بێ پەردەیەی ترەمپ لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بووەتە هۆی لابردنی توێژاڵە فیكرییەكەی سیاسەتە تەقلیدییەكەی دەرەوەی ئەمریكا لەم ناوچەیەدا. زەحمەتی هەڵسەنگاندنی ئەم ڕێچكە ‌نوێیە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە تێكەڵبوونی بەرژەوەندییە تایبەتییەكانی خودی ترەمپ لەگەڵ بەرژەوەندییە نەتەوەییەكانی ئەمریكا، بەرجەستە دەبێت.

Top