ڕۆژهات ئامەدی سیاسەتمەدار و لێكۆڵەری سیاسیی باكووری كوردستان بۆ گوڵان:   توركیا لە پڕۆسەی ئاشتیدا هەوڵ دەدات كێشەی كورد وەكو توركیا چارەسەر ببێت، نەك وەكو كورد

ڕۆژهات ئامەدی  سیاسەتمەدار و لێكۆڵەری سیاسیی باكووری كوردستان بۆ گوڵان:     توركیا لە پڕۆسەی ئاشتیدا هەوڵ دەدات كێشەی كورد وەكو توركیا چارەسەر ببێت، نەك وەكو كورد

 

 

بۆ ئەوەی بزانین چۆن سەیری پڕۆسەی ئاشتیی نێوان چەكدارانی پەكەكە و توركیا دەكرێت و ئەو پڕۆسەیە تا چەند كاریگەریی لەسەر ڕۆژئاوای كوردستان دەبێت و ئایا پەكەكە چەكەكانی دادەنێت؟ ئایا ڕۆڵی سەرۆك بارزانی لە پڕۆسەی ئاشتییدا چۆن دەبینرێت و تا چەند كاریگەریی هەیە؟ هاوكات پرسی سەردانەكەی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ ئەمریكا و ئەنجامدانی ڕێككەوتن لەسەر وزە تا چەند گرنگ و سەركەوتوو بووە، لەسەر ئەم پرس و تەوەرانە، گۆڤاری گوڵان دیدارێكی لەگەڵ ڕۆژهات ئامەدی، سیاسەتمەدار و لێكۆڵەری سیاسیی باكووری كوردستان ئەنجام دا.

 

 

* ئێوە خاوەنی ئەزموونێكی دوور و درێژی پرۆسەی ئاشتین لە نێوان توركیا و چەكدارانی پەكەكەدا. ئایا دوای بڕیاردانی سەركردایەتیی پەكەكە لە قەندیل، بە چەكدانان و وازهێنان لە خەباتی چەكداری، چۆن سەیری ئەم بڕیارەی قەندیل دەكەیت؟ ئایا لە ئێستا پرۆسەی ئاشتی بۆ چارەسەركردنی كێشەی كوردی توركیا چۆن دەخوێنیتەوە؟

- ڕاستە پەكەكە بڕیاری داوە بۆ چەكدانان، وەكو پەكەكە هەر نەمێنێت و پارتەكەی خۆی هەڵوەشێنێتەوە، ئەمەش ڕاستە وەكو بانگەواز كە لە سەرانسەری هەموو كوردستان و دنیا بڵاو بووەوە، ئەمەش لەسەر بڕیار و داخوازیی سەرۆكی پەكەكە (ئۆجەلان)ڕووی دا، بەڵام تا ئێستا پەكەكە یەك چەكی خۆی دانەناوە و لەگەڵ ئەمەش هیچ پەیام و كارێك بە ناوی خۆی بڵاو ناكاتەوە، بەڵكو لە كار و پەیام و جووڵانەوەكانیاندا ناوی KCK بەكار دێنن و بڵاوكراوە بە ناوی KNK یان بە ناوی پژاك پەیام دەردەكەن. خۆی لە بنەڕەتدا پەیام و داواكاریی ئۆجەلان و دەوڵەتی توركیا ئەوە بوو كە نە بە تەنیا پەكەكە، بەڵكو هەموو پارت و ڕێكخراوەكانی سەر بە پەكەكە وەكو پژاك و یەپەگە و هەموو لایەنەكانی باشووری كوردستانیش كە سەر بەوانن، دەبێت هەموویان بێ مەرج و پاساو چەكی خۆیان دانێن و خۆیان وەكو حزب و ڕێكخراو هەڵوەشێننەوە، كەچی دەبینین تەنیا پەكەكە ئەو بڕیارەی دا، ئەمیش تا ئێستا یەك چەكی دانەناوە، پەكەكە دەڵێت ئەگەر گۆڕانكارییەكی یاسایی لە توركیا نەبینین، ئامادە نین چەكی خۆمان ڕادەست بكەین، توركیاش بە پێچەوانەی ئەوەوە دەڵێت پێویستە بەبێ مەرج پەكەكە چەكەكانی خۆیان دانێن و خۆیشیان ڕادەست بكەن، لە پاشان لەسەر گۆڕانكارییەكان قسە دەكەین، ئەو بەزمە لە لایەن توركیاوە پێش بڕیاری پەكەكەش هەر هەبوو، هەروەها لە دوای ئەوەی پەكەكە كۆنگرەشی بەست ئەو گوتە و قسانە هەر بەردەوام بوون و تا ئێستاش هەر بەردەوامە.

هەموو لایەنە سیاسییەكانی كوردستان لە هەر چوار پارچەی كوردستان پێیان خۆشە شەڕی چەكداری لە بەرانبەر توركیا نەمێنێت و قۆناغێكی نوێ دەست پێ دەكات، چونكە شەڕی پەكەكە ماوەی زیاتر لە (40) ساڵە هیچی لە بەرژەوەندیی كورد نەبووە، بەڵكو زیاتر بە زیانی كورد تەواو بووە، لە باكووری كوردستان و باشووری كوردستانیش زیانی گەورە بەر گەلی كورد كەوتووە. هەر بۆ نموونە حكومەتی هەرێمی كوردستان و باشووری كوردستان چەندین جار تووشی شەڕی پەكەكە بوونەتەوە و ژمارەیەكی زۆر شەهید و قوربانیی لێ كەوتووەتەوە و، چەندین گوند لە باشووری كوردستان (لە سنوورەكەدا) بەم هۆیەوە چۆڵ و كاول بوون، هاوكات ئەگەر ئەمڕۆ توركیا كێشەیەكی لە ڕۆژئاوای كوردستان هەیە، ئەوە تەنیا بە هۆكاری پەكەكەیە، یان بڵێین لایەنگرانی سەر بە پەكەكەیە، توركیا پێیان خۆش نییە پەكەكە، یان لایەنگری پەكەكە لە ڕۆژئاوای كوردستان هەبێت، هەر لەبەر ئەمەیە چەكدانانی پەكەكە قازانجی كورد بەگشتی و قازانجی پەكەكەشی تێیدایە.

بەشێوەیەكی گشتی پرۆسەی ئاشتی لە توركیا پرۆسەیەكی جددی نییە، بەڵكو زیاتر لەسەر ئەوە ساز كراوە، كە ئێمە دەبینین لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا گۆڕانكاریی زۆر گەورە دەبێت. بەڵكو هەندێك گۆڕانكاریی جوگرافیش هەیە، توركیاش ئەوە دەزانێت و ئەوە دەبینێت، بە تەئكید ئەو گۆڕانكارییانەش لەسەر توركیا كاریگەرییەكی زۆر گەورە دروست دەكات. هەر بۆیە توركیا بۆ ئەوەی لەم گۆڕانكارییانەدا زیانی زۆری پێ نەگات، ئەو پڕۆسەی ئاشتییەیان دروست كردووە و دەیانەوێت بە ڕێگەی هەندێك لایەنی كوردی بەو پڕۆسەیە بە كەمترین زیان لەو گۆڕانكارییەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەربچن. لە لایەكی دیكەوە توركیا لە ساڵی 2013 و دواتریش پرۆسەی ئاشتی هەبوو. ئەو كاتە حكومەتی توركیا و ئەردۆغان و پارتەكەی زۆر بەهێز بوون، لە هەمان كاتدا ئۆجەلان و پەكەكەش زۆر بەهێز بوون، بەڵام ئەو كاتیش پرۆسەی ئاشتی سەرنەكەوت. من ناڵێم ئەوە كەمتەرخەمیی پەكەكە بوو، یان كەمتەرخەمیی دەوڵەتی توركیا بوو، بەڵكو ڕاستییەكی هەیە كە ئەویش فاكتەر و داواكاریی دەرەكییە، ئەو فاكتەرە دەرەكییانە كار دەكەن و كاریگەرییەكەی لەسەر توركیاش دەبێت.

* ئەم بڕیارەی قەندیل بە چەكدانان كاریگەریی لەسەر پەیەدەش لە سووریا دەبێت. مەزڵووم عەبدی جیا لەوەی دوو جار سەردانی هەولێری كرد و لەگەڵ سەرۆك بارزانی كۆبووەوە، لە هەمان كاتدا لەگەڵ ئەحمەد شەرع سەرۆك كۆماری ماوەی ڕاگوزەریی سووریا كۆبووەوە.‌ ئایا قەندیل دوای ئەم بڕیارە دەستتێوەردان لە كاروبای ڕۆژئاوا ناكات؟

- ئەگەر بە ڕاستی پەكەكە چەك دابنێت، ئەوە ناتوانێت دەستتێوەردان لە ڕۆژئاوا بكات، تازە ڕۆژئاوا لە دەستی ئەوان ڕۆیشتووە، ڕۆژئاوا ئێستا خەریكە بۆ خۆیان ڕێگەیەك بدۆزنەوە، پەیوەندیی ئەوان لەگەڵ ئێران و توركیا و ئەو لایەنانە نییە، بەڵكو ئێستا كوردستانی ڕۆژئاوا هاوپەیمانی ناتۆ و ئەمریكا و یەكێتیی ئەوروپایە و لە سووریا تاكە جێگە و هەرێمێكە كە سەقامگیرە بە گوێرەی ئەو هەرێم بەندییەی لە سووریا هەیە. ڕۆژئاوای كوردستان تاكە جێگایەكە كە كورد و عەرەب و موسڵمان و ئێزدی و ئەرمەن و سریانی و كلدانی تێیدا پێكەوە دەتوانن بژین. هەروەها ڕۆژئاوای كوردستان نزیكەی ١٥٠هەزار كەس هێزی سەربازی هەیە و ئەو هێزە لە بەرانبەر شەڕی داعش وەستایەوە و فاكتەرێكی سەرەكی بوو بۆ وڵاتانی ڕۆژئاوا و بۆ وڵاتانی ناتۆ و ئەمریكا. هێزی ڕۆژئاوا ئێستا زیاتر لەوەی گوێ لە قەندیل بگرن، گوێ لە هاوپەیمانی خۆیان دەگرن كە ئەمریكا و ناتۆیە.

* سەرۆك بارزانی پێشوازی لە پەیامەكەی ئۆجەلان كرد، بۆ ئەوەی پەكەكە خەباتی چەكداری بگۆڕێت بۆ خەباتی سیاسی، لەسەر پرسی كوردانی باكوور و ڕۆژئاوا نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆگان سەرۆك كۆماری توركیا و ئەحمەد شەرع سەرۆك كۆماری سووریا كۆبووەتەوە. ئایا ڕۆڵی سەرۆك بارزانی لە پرۆسەی ئاشتیی باكووری كوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست چۆن هەڵدەسەنگێنیت؟

- سەرۆك بارزانی نەك لە ئێستادا، بەڵكو لە ساڵی ٢٠١٣ش هەوڵیدا و كاری باش و جددی كرد بۆ سەركەوتنی پرۆژەی ئاشتی، سەرۆك بارزانی هەموو كاتێك لەگەڵ ئەوە بووە كە پڕۆسەی ئاشتی ڕێگەیەكی واقیعبینانەیە بۆ چارەسەری كێشەی كورد، كە دواجار دەبێتە ڕێگە چارە بۆ كێشەی كورد بەگشتی، ئێستاش بە هەمان شێوەیە لە باكووری كوردستان زۆربەی لایەنە كوردییەكان چاوەڕوانیی زیاتر لە سەرۆك بارزانی دەكەن، بەڵام سەركەوتنی ئەم قۆناغە تەنیا بە دەستی هەرێمی كوردستان نییە، هەرێمی كوردستان پێی خۆشە ڕێگەیەكی ئاشتی لەگەڵ توركیا بۆ چارەسەری كێشەی كورد هەبێت و سەركەوتووش بێت، هەمان شت بۆ ڕۆژئاوای كوردستانیش دەخوازێت. لێرەدا دەبێت ئەو ڕاستییە بڵێین كە هەرێمی كوردستان، یان سەرۆك بارزانی لە لایەك ناچارە كە پشتگیریی پرۆسەكە بكات، لەبەر ئەوەی كێشەی كورد تەنیا كێشەیەك نییە لە دیاربەكر، یان هەولێر، بەڵكو كێشەی كورد زۆر زۆر گەورەترە لە هەرێمی كوردستان. نەك تەنیا كوردی ڕۆژئاوا و باكووری كوردستان، بەڵكو كوردی ڕۆژهەڵاتی كوردستانیش و كوردی قەفقاسیا، كوردی هەموو دنیا سەرۆك بارزانی بە مەرجەع و گەورەی خۆیان دەزانن. پێیان خۆشە سەرۆك بارزانی زۆرترین ڕۆڵی خۆی ببینێت، هاوكات توركیاش ئەوە دەبینێت، لەبەر ئەوەی توركیا پێی خۆش بوو كە پرۆسەكە بێتە دەستپێكردن بۆ ئەوەش داوای یارمەتیی لە جەنابی سەرۆك بارازنی و كاك نێچیرڤان بارزانی كرد، كە هاوكار و بەشێك بن لەو پڕۆسەیەدا، چونكە پێش سەردانی مەزڵووم عەبدی بۆ هەولێر بە یەك دوو ڕۆژ، ئەردۆغان لەگەڵ جەنابی كاك مەسرور بارزانی دانیشت كە ئەوانە هەموو ئاماژەن، یانی توركیاش دەزانێت بێ هەرێمی كوردستان كێشەی كورد لە باكوور چارەسەر نابێت، بەڵام دووبارەی دەكەمەوە كە توركیا لەو كارەدا هەوڵ دەدات، كێشەی كورد وەكو توركیا چارەسەر ببێت، نەك وەكو كورد.

* سەبارەت بە كەوتنی ڕژێمی ئەسەد و دەستپێكردنی پرۆسەی ئاشتی، ئێوە پێش هەڵبژاردنەوەی ترەمپ بۆچوونتان بەو جۆرە بوو كە ئەردۆگان گرەو لەسەر دووبارە دەرچوونەوەی دۆناڵد ترەمپ دەكات و دەزانێت بە دەرچوونەوەی ترەمپ بۆ سەرۆكی ئەمریكا، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گۆڕانكاریی بەسەردا دێت، ئەوە زیاتر لە چوار مانگە ئیدارەی ترەمپ دەستبەكاربووە و ترەمپیش سەردانی هەریەكە لە وڵاتانی «ئیمارات، قەتەر، سعودیە»ی كرد، ئایا ئێستا خوێندنەوەت بۆ گۆڕانكارییەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست چییە؟ ئایا پێگەی كورد لەم گۆڕانكارییانەدا چۆن دەبینیت؟

- ئێستا لە سووریا ململانێیەكی سیاسی هەیە، ئیسرائیل پێی خۆشە سووریایەك دروست ببێت كە لە داهاتوودا سەرئێشە بۆ ئیسرائیل دروست نەكات، بۆیە هەوڵی سیاسی و لەشكركێشی دەدات. توركیا هەوڵ دەدات لە سووریا سیستمی فیدراڵیزم وەكو باشووری كوردستان دروست نەبێت. لە لایەكی دیكەوە وڵاتانی عەرەب وەكو (سعودیە، میسر) پێیان خۆش نییە و ڕێگە نادەن بە هیچ شێوەیەك توركیا وەكو جاران (كاتی عوسمانی) ببێتە گەورەی وڵاتانی عەرەبی، چونكە ئەو كات توركیا دەسەڵاتی هەبوو لەسەر وڵاتانی عەرەب، هەر بۆیە وڵاتانی عەرەب ئەوە دەخوازن كە ئێستا لە سووریادا هەیە، هەروەها لە سووریا داواكاریی وڵاتانی عەرەبی لەگەڵ توركیا ناگونجێت، بەڵام تا ڕاددەیەك لەگەڵ ئیسرائیل دەگونجێت. توركیا لە سیاسەتی بەرانبەر سووریا ئێستا بە تەنیا ماوەتەوە و تەسفییە دەبێت. ئەگەرچی هێشتاش توركیا هەوڵ دەدات بە ڕێگەی كورد ئەو كاریگەرییەی وڵاتانی عەرەب و ئیسرائیل و ئەمریكا كەمتر بكاتەوە، ئەوەش بە بۆچوونی من مومكین نییە، چونكە پاشەڕۆژی سووریا هێشتا نادیارە، سووریا وەكو جاران نابێت و وەكو جاران لە لای حكومەتێك لە شام ئیدارە ناكرێت. پێویستە ئەو هەقیقەتە بزانرێت كە ئێستا لە سووریا تاكە هێزی گەورە و بەهێز كوردن و دەسەڵاتداری لە سووریا بۆ ڕۆژئاوای كوردستانە، بەتایبەتی دوای كۆنفڕانسی یەكڕیزیی كوردەكانی ڕۆژئاوا كورد بەهێزتر بووە، هەر چەندە لە نێوان كورددا هێشتا كێشە هەیە، بەڵام لە سووریا هەر كورد بەهێزە. هەر بۆیە ئەو كوردە بەهێزە ناكرێت تەسلیمی شام ببێت كە پێی دەڵێن حكومەتی كاتی، یان حكومەتی دەستەی تەحریر شام، لەبەرئەوە داواكاریی توركیا لێرەدا كار ناكات، هەر بۆیە توركیا داوا دەكات كە ئەو هێزە گەورەی كورد تەسلیمی ئەو هێزە بچكۆلەیەی حكومەتی كاتی ببێت كە هێشتا داهاتووی نەدیارە، هەروەها ئەو بارودۆخە تازەیەی سووریا لە لای ئەوروپا و ئەمریكاش دەبینێرێت و ترەمپیش دەزانێت، ئەگەرچی ترەمپ هەبێت، یان نەبێت، ئەوە ئەمریكا بارودۆخەكە دەبینێت. هاوكات بۆ ئەوروپا و ترەمپیش گرنگترین شت لە سووریا سەقامگیرییە بۆ هەرێم و ناوچەكە، چونكە ئەمریكا و ئەوروپا حیسابی تورك و كورد و عەرەب ناكەن، بەڵكو كێ سەقامگیری دروست بكات لەگەڵ ئەون. بۆ سەقامگیریی ئێستا لە سووریا، نە ئەحمەد شەرع و نە لایەنێكی دیكەیە، بەڵكو كوردی سووریان كە سەقامگیرییان چەسپاندووە لە هەرێمی خۆیاندا، تا ئێستاش لە حەلەب و ئیدلب و گرێ سپی و عەفرین هێشتا لایەنی سەر بە توركیا هەن كە پێیان خۆش نییە ڕادەستی حكومەتی كاتی، یان بڵێین ڕادەستی لەشكری تازەی حكومەتی كاتی سووریا ببن، چونكە ئەو هێزە چەكدارانەی سەر بە توركیان ئامانجیان ئەوەیە كە نایەنەوێت كورد لەو هەرێمە هەبێت.

*  لە هەفتەی ڕابردوو مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی كوردستان بە سەرۆكایەتیی شاندێكی باڵای حكومەت سەردانی ئەمریكای كرد و لەوێ جیا لەوەی دیداری زۆر گرنگی لەگەڵ مارك ڕۆبیۆ وەزیری دەرەوە و ڕاوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی ئیدارە ترەمپ ساز دا، كۆنتراكتێكی بۆ وەبەرهێنانی وزە بە بڕی 110 ملیار دۆلار واژۆ كرد. ئایا خوێندنەوەت بۆ ئەم سەردانە سەركەوتووەی مەسرور بارزانی بۆ ئەمریكا چییە و، ئایا ئەمریكا تاچەند هەرێمی كوردستانی لا گرنگە و بایەخی پێ دەدات؟

- سەردانی جەنابی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی كوردستان بۆ ئەمریكا زۆر گرنگ بوو، چونكە لە عێراق و هەرێمی كوردستان كێشەی زۆر گەورەی كارەبا هەیە، بۆیە ئەمریكا و وڵاتانی ئەوروپاش پێیان خۆشە عێراق زییاتر پەیوەندیی وزە و غازی لەگەڵ ئێران نەمێنێت. ئەگەرچی سەچاوەی وزە لە عێراق و هەرێمی كوردستان هەیە، بەڵام ناتوانن دەری بهێنن، یان پێیان خۆش نییە دەری بهێنن، بەڵام لەو سەردانەدا چەند كۆنتراكتێك بەسترا كە ئەو كۆنتراكتانە خزمەتی ئێنێرژی لە كوردستان و سەرانسەری عێراق دەكات، ئەوەش سەركەوتنێكی زۆر زۆر گەورەیە و ئەوە نیشان دەدات، كە ئەمریكا گرنگییەكی زۆر گەورە بە هەرێمی كوردستان دەدات، چونكە ئەو كۆنتراكتانە كە كراون لەسەر ئاستی دەوڵەتبوون كراون، هەر لەبەر ئەوەشە نائارامییەك لە بەغدا دروست بووە. ئێستا لە بەغدا قسە هەیە كە ئەو كۆنتراكتەرانە قبووڵ نەكەن و بە ڕێگەی دادگا دەیانەوێت دژی بوەستنەوە، بەڵام پێم وانییە سەركەوتوو بن، چونكە ئەمریكا خۆی كاتێ ئەو گرێبەست و ڕێككەوتنانە ئەنجام دەدات، دەزانێت هەڵوێستی وڵاتان بۆ نموونە ئێران چییە، دەزانێت هەڵوێستی بەغدا چییە، بەڵام ئەمریكا پێی خۆشە بارودۆخی هەرێم باشتر بێت. هەروەها بەغدا حكومەتێكی هەیە تا ئێستاش بڕیاری خۆی نەداوە كە چۆن كوردستان بارودۆخی خۆیان باشتر بكەن، هەر بۆیە ئەو ڕێككەوتن و كۆنتراكتانەی مەسرور بارزانی لەگەڵ ئەمریكا ئەنجامی دان، زۆر سەركەوتوو دەبێت و كاریگەریی زۆر گەورە و دیاری لەسەر پێشكەوتنی هەرێمی كوردستان دەبێت، هاوكات ئەو سەردان و كۆنتراكتانە لەگەڵ ئەمریكا نیشانی دا كە كورد ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بارودۆخی باشتر دەبێت و بەرەو قۆناغێكی زۆر پێشكەوتووتر و خۆشگوزەرانیی باشتر دەچێت.

Top