فەرەنسا زیندانێک لە دارستانەکانی ئەمازۆن دروست دەکات
وەزیری دادی فەرەنسا ڕایگەیاند، بەنیازن زیندانێک لە دارستانەکانی ئەمازۆن بۆ بازرگانانی ماددە هۆشبەرەکان و گروپە توندڕەوەکان دروست بکات.
ژیرارد دارمانین، وەزیری دادی فەرەنسا ڕایگەیاند، وڵاتەکەی بەنیازە زیندانێکی ئەوپەڕی ئەمنی لە دارستانی ئەمازۆن لە خاکی گویان لەژێر سەروەری وڵاتەکەیدا بۆ بازرگانانی ماددە هۆشبەرەکان و گروپە توندڕەوەکان دروست بکات.
ناوبراو بە ڕۆژنامەی لۆجۆرناڵ دو دیمانش-ی ڕاگەیاندووە، کە زیندانەکە بۆ "هەموو ئاستەکان"ی زنجیرەی دابینکردنی ماددە هۆشبەرەکان تایبەت دەبێت بە تاوانە ڕێکخراوەکان.
وەزیری دادی فەڕەنسا ئاماژەی بەوەشکرد، دروستکردنی زیندانەکە ٤٠٠ ملیۆن یۆرۆی تێدەچێت و پێشبینی دەکرێت لە ساڵی ٢٠٢٨دا بکرێتەوە.
زیندانەکە لە شوێنێکی دوور لە قووڵایی دارستانەکانی ئەمازۆن لە ناوچەی باکوری ڕۆژئاوای سانت لۆران دی مێرۆنی لە گویانای فەرەنسی هەڵکەوتووە.
ئەو پلانە دوای زنجیرەیەک کردەوەی توندوتیژی ڕاگەیەندرا کە پەیوەندییان بە باندە تاوانکارەکانەوە هەیە کە لە چەند مانگی ڕابردوودا هێرشیان کردووەتە سەر زیندانەکان و کارمەندەکانیان.
بڕیارە ئەو زیندانە 500 زیندانی لەخۆبگرێت و بەشێکی جیای بۆ مەترسیدارترین تاوانباران بكرێتەوە.
گوڵان: سەردار خەلیل
