نەخۆشخانەی هەڵەبجە لە سەردەمی پاشایەتییەوە تا ئێستا

نەخۆشخانەی هەڵەبجە لە سەردەمی پاشایەتییەوە تا ئێستا

 مێژووی ئەم وێنەیە دەگەڕێتەوە بۆ كاتی دروستكردنی نەخۆشخانەكە، بە دیاریكراوی لە ڕێكەوتی ٦ی ئابی ساڵی ١٩٣٥ تا تەواوبوونی نەخۆشخانەكە لە ٢٢ی حوزەیرانی ساڵی ١٩٣٧، واتە ماوەی دروستكردنەكەی دوو ساڵی پێچووە. ئەم نەخۆشخانەیە كۆنترین نەخۆشخانەی شاری هەڵەبجەیە تا ئێستا ماوەتەوە، لە دوای ئەوەی نەخۆشخانەی سلێمانی دروست كراوە، بەدووەم كۆنترین نەخۆشخانە دادەنرێت لە سنووری پارێزگای سلێمانی. جاران بە نەخۆشخانەی مەلیك غازی ناو دەبرا، چونكە لە سەردمی مەلیك غازی پاشای عێراق دروست كراوە، كاری دروستكردنەكەشی لەلایەن وەزارەتی ئاوەدانكردنەوەی عێراق سەرپەرشتی كراوە. نەخۆشخانەكە لە هەڵەبجە بە (نەخۆشخانەی سەرا) ناسراوە، بەهۆی ئەوەی لە گەڕەكی سەرای شارەكە بنیات نراوە، نەخۆشخانەكە ئێستاش مەڵبەندی تەندروستییە و بەرنامەی تێدایە، لەوانە كوتان، چاودێریی دایكانی دووگیان، چاودێریی گەشەی منداڵ، تەندروستیی قوتابخانەكان، ئەمە جگە لە بەشە عیلاجییەكەی كە ڕۆژانەش لەم نەخۆشخانەیە نەخۆش دەبینرێت. ئەم نەخۆشخانەیە تاكە بینای هەڵەبجەیە كە وەك خۆی ماوەتەوە، ئەگەر لە هەر شارێكی دیكەی عێراق بووایە، تێك دەدرا یان دەكرایە مۆزەخانە.

 

Top