هووشەنگ حەسەن یاری پڕۆفیسۆری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان لە كۆلێژی سەربازیی شاهانەی كەنەدا بۆ گوڵان:   لە هەندێ پرسدا هیچ سەرۆكێكی پێشووی ئەمریكا هێندەی ترەمپ سەركەوتوو نەبووە

هووشەنگ حەسەن یاری  پڕۆفیسۆری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان لە كۆلێژی سەربازیی شاهانەی كەنەدا بۆ گوڵان:     لە هەندێ پرسدا  هیچ سەرۆكێكی پێشووی ئەمریكا هێندەی ترەمپ سەركەوتوو نەبووە

 

 

هووشەنگ حەسەن یاری، پڕۆفیسۆری سیاسەتی بەراوردكاری و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان و پرسە ستراتیژی و سەربازییەكانە لە كۆلێژی سەربازیی شاهانەی كەنەدا لە ساڵی 1994ـەوە تا ئێستا و، پێشتریش (1993-1994) پڕۆفیسۆر بووە لە زانكۆی شەهید بەهەشتی لە تارانی پایتەختی ئێران. گوڵان لە میانەی دیمانەیەكدا چەند پرسی لەگەڵدا تاوتوێ كرد، كە پتر پەیوەست بوون بە كاریگەریی ئەدای ئیدارەی سەرۆك دۆناڵد ترەمپ لەسەر پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان و ڕەنگدانەوەی كەسایەتیی ترەمپ لەسەر مامەڵەكردن لەگەڵ پرس و كێشەكان و ڕاددەی سەركەوتن و شكستی لە یەكلاكردنەوەی كێشەكاندا.

 

 

* سەرەتا، دەمانەوێت پرسیاری ئەوە بكەین، ئایا ئێوە وەك كەسێكی تایبەتمەند و پسپۆڕی بواری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان، چۆن لە ئەدای ئیدارەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بە سەرۆكایەتیی دۆناڵد ترەمپ دەڕوانن؟ ئایا ئەم ئیدارەیە چ ئاڵوگۆڕێكی بەسەر پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكاندا هێناوە، بەتایبەتی كە پتر لە 100 ڕۆژ بەسەر دەستبەكاربوونی ئەم ئیدارەیەدا تێپەڕیوە؟

- سەرەتا با لەو ڕاستییەوە دەست پێ بكەین، كە لە نێو ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكادا كەسایەتیی سەرۆكی ئەو وڵاتە ڕۆڵێكی گرنگ و سەرەكیی هەیە، لێرەدا گرنگترین پرس و پرسیار لە پەیوەندی بە ئەدای ئیدارەی ئەمریكاوە، بەتایبەتی لە پەیوەندی بە ئیدارەی ئێستاوە، ئەوەیە كە خودی دۆناڵد ترەمپ كەسایەتییەكی زاڵی هەیە و كەسی باڵادەستە. بۆ نموونە ئەگەر ئێمە لەم ڕووەوە بەراوردی بكەین بە كەسایەتیی سەرۆكی پێشووی ئەمریكا (جۆ بایدن) ئەوا هەست بە جیاوازییەكی گەورە دەكەین لە نێوانیاندا. دواتر ئەوەی ڕوونە، ئەوەیە كە سەرۆك ترەمپ زۆر توندە لە ڕێچكە و ڕێگەچارەی كاركردنی لە بەرانبەر هەر پرسێكدا، ئەمەش تەنیا پەیوەست نییە بە كاروبارە ناوخۆییەكانەوە، بەڵكو پرسە دەرەكییەكانیش دەگرێتەوە. هەر لەم ڕوانگەیەشەوە دەكرێت بڵێین: سەرۆك ترەمپ شۆڕشێك لە تێكڕای سیستمەكەدا بەرپا دەكات، هەروەها كەسایەتیی ترەمپ بە چەشنێكە كە زۆر پابەند نابێت بە پەیڕەوكردنی نۆرم و پڕۆتۆكۆلەكانەوە، ئەو زیاتر پابەندە بە نووسینگەی سەرۆكایەتیی وڵاتەكەیەوە، هەر ئەمەش هۆكاری ئەوە بوو كە من گوتم: شۆڕشێك بەرپا دەكات، چونكە ئەگەر بەراوردی بكەیت بە سەرۆكەكانی پێشووی ئەمریكا، ئەوا ئەو سەرۆكانە زۆر پێوانەیان دەكرد، بۆ ئەوەی دەیڵێن و ئەو هەنگاوانەی هەڵیاندەگرت لە ناوخۆ و لە دەرەوەدا.

* زۆر باشە، ئێوە باسی كەسایەتیی جیاوازی دۆناڵد ترەمپتان كرد، ئاماژەتان بەوە كرد كە كەسایەتیی زاڵ و جیاوازی هەیە، ئایا ڕەنگدانەوە و لێكەوتەكانی ئەم جیاوازییە لە كوێدا زیاتر بەرجەستە و زەق بووەتەوە؟

- ئێمە دەتوانین لەم ڕوەوەوە ئاماژە بە نموونەیەك بكەین كە پەیوەستە بە سەردانەكەی سەرۆكی ئۆكرانیا بۆ ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، كە بینیمان لە نێو نووسینگەی سەرۆكایەتیی ئەمریكادا بە چ جۆرێك ڕەفتار و مامەڵەی لەگەڵدا كرا. لێرەدا مەبەستم ئەوەیە كە لە سایەی ئیدارەی سەرۆكەكانی پێشوودا (جۆرج بوش، باراك ئۆباما، جۆ بایدن) نەدەتوانرا وێنای ئەوە بكرێت، كە ڕووداوێكی لەم چەشنە ڕوو بدات. كەواتە ئەمە ئەوەمان بۆ ڕوون دەكاتەوە كە دۆناڵد ترەمپ ڕێچكە و ڕێبازێكی دەگمەن و تایبەت بە خۆی هەیە بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ پرس و كاروبارەكاندا، لێرەدا دەمەوێت ئەوەش زیاد بكەم كە ئەو ڕێچكە توندەی ئەو گرتوویەتەبەر، تا ڕاددەیەك بووەتە هۆی ئەوەی سەركەوتوو بێت.

* زۆر ڕەخنە لە ئیدارە و ئەدای دۆناڵد ترەمپ گیراوە، هەم لە ناوخۆی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، هەمیش لە دەرەوەی ئەو وڵاتە، بەڵام لێرەدا ئێوە ئاماژە بەوە دەكەن كە توندبوونی ڕێچكەكەی هۆكارێكی سەركەوتنی بووە، دەكرێت ئەمە زیاتر ڕوون بكەنەوە؟

- ئەگەر لێرەدا نموونەیەك بهێنینەوە، ئەوا دەكرێت باس لەو پرۆسەی گفتوگۆیە بكەین كە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ هێناویەتە ئاراوە لەگەڵ وڵاتی ئێراندا، كە هیچ سەرۆكێكی پێشووی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، لە سەردەمی جیمی كارتەرەوە تا ئێستا، هێندە سەركەوتوو نەبووە لە لابردنی ئەو لەمپەرانەی ئێران بۆ سەركردایەتییەكەی دروستی كردوون. ئەوە بوو سەرۆك دۆناڵد ترەمپ ڕایگەیاند كە پێویستە بێن و گفتوگۆ لەبارەی ئەم پرسانەوە بكەن، ئەوانیش بە پیر ئەم ڕاگەیاندنەوە هاتن و دەستیان بە گفتوگۆ كرد، ئەمە سەرباری ئەوەی چەندین جار ئێران ڕایگەیاند كە ئەمە شتێكە و ڕوو نادات.

* بەڵام ئەوەی ڕوونە كە ئەم ڕێچكە جیاوازەی ئیدارەكەی سەرۆك دۆناڵد ترەمپ تەنیا پەیوەست نییە بە ئێرانەوە، بەڵكو دەكرێت بڵێین توند بووە، تەنانەت لەگەڵ دۆست و هاوپەیمانەكانیشیدا، ئێوە لەم بارەیەوە چی دەڵێن؟

- بەڵێ، ئێمە هەمان شێوازی مامەڵە (گرتنەبەری ڕێچكەیەكی توند)مان بەدی كردووە لەگەڵ ئەوروپا هەروەها لەگەڵ ناتۆدا، بە هەمان شێوە لەگەڵ ڕووسیا و چیندا، كەواتە ئەگەر وەڵامەكە گرێ بدەینەوە بە پرسیاری یەكەمتانەوە، كە پەیوەست بوو بە ئەدای ئەم ئیدارەیە لە دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە 100 ڕۆژ بەسەر دەستبەركاربوونیدا، ئەوا دەكرێت بڵێین سەرۆك دۆناڵد ترەمپ هەندێ دەستكەوتی هەبووە و بەدەستی هێناون، ئەگەرچی ئەو خۆی خوازیارە بگوترێت كە زۆر سەركەوتوو بووە، بەڵام ئەگەر ئێمە بێین و ئەو هەموو پرس و بەڵێنانە لەبەرچاو بگرین كە ئەو ورووژاندنی و ئاماژەی بەوە كرد كە دەتوانێت لە ماوەیەكی كورتدا بەدەستیان بهێنێت و ئەنجامیان بدات، ئەوا ئەوەی بەدی دەكەین ئەوەیە كە تۆمارێكی تێكەڵی هەیە لەم ڕووەوە، مەبەستم ئەوەیە شكستێكی ڕوون و نكۆڵی لێ نەكراو لە سەرجەم بوار و ڕەهەندەكاندا بەدی ناكەین، هەروەك چۆن ناتوانین بڵێین كە سەركەوتنێكی حاشالێنەكراو و بەرچاویش لە تێكڕای پرس و بابەتەكاندا بەدی هاتووە. ئەمەش دۆخێكی دروست كردووە، كە بووەتە هۆی ئەوەی لە نێو چەندین پایتەختی وڵاتاندا نیگەرانی و دڵەڕاوكێیەكی زۆر دروست ببێت.

* ئێوە دەڵێن سەرۆك ترەمپ تۆمارێكی تێكەڵی هەبووە لە شكست و سەركەوتن لەم ماوەیەی كە دەستبەكار بووە، هەرچەندە ماوەیەكی كەمە، بەڵام هەروەك ئێوەش ئاماژەتان پێ كرد، ئەو خۆی بانگەشەی ئەوەی دەكرد، كە دەتوانێت لە ماوەیەكی پێوانەیی و كورتدا زۆر شت یەكلا بكاتەوە، لێرەدا دەمانەوێت بپرسین لە چیدا سەركەوتنی بەدەست هێناوە كە بكرێت پەنجەی بۆ ڕابكێشرێت؟

- ئەوەی لەم ڕووەوە زۆر بەرچاوە، بابەتی بودجەی بەرگریی وڵاتانی ئەندامی ناتۆیە، چونكە ئێمە دەزانین كە سەرۆك ترەمپ لە خولی یەكەمی سەرۆكایەتییەكەشیدا، تێكڕای وڵاتانی ئەندامی ناتۆی ناچار كرد كە بوودجەی بەرگری زیاد بكەن و زیادیشیان كرد. لێرەدا سەركەوتنەكە زیاتر لەوەدا بەرجەستە دەبێت كە نزیكەی تێكڕای سەرۆكەكانی پێشووی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا هەوڵ و كۆششی لەم چەشنەیان دا و كاریان بۆ ئەوە كرد كە ئەو وڵاتانە وا لێ بكەن، هەنگاوێك لەم شێوەیە هەڵبگرن، بەڵام لە هەوڵەكانیاندا سەركەوتوو نەبوون، تەنیا دۆناڵد ترەمپ بە ڕاستی دەتوانێت وایان لێ بكات، بەم ئاراستەیەدا هەنگاو هەڵبگرن.

*  سەرەڕای ئەوەی كە سەرۆك دۆناڵد ترەمپ ڕایگەیاندووە كە ئەو دەیەوێت بەو شێوەیە باسی بكرێت كە ئەو كۆتایی بە شەڕەكان هێناوە، نەك پەنای بردبێتەبەر بەرپاكردنی شەڕ، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەو جۆرێكی دیكەی شەڕی بەرپا كردووە، كە بریتییە لە شەڕی ئابووری، تێڕوانینی ئێوە لەم ڕووەوە چییە؟

- لە ڕاستیدا ئەو شەڕە بازرگانییەی كە ئیدارەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بە سەرۆكایەتیی دۆناڵد ترەمپ دەیكات، هەمان شەڕ لەگەڵ دەوڵەتە دراوسێكانیشی، لە نێویاندا وڵاتانی كەنەدا و مەكسیك، بە هەمان شێوە لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپاشدا، هەمووی بۆ ئەوەیە كە وەك سەرۆكێكی ناسیۆنالیستی لێی بڕوانرێت، سەرۆكێك كە بەرژەوەندییەكانی وڵاتەكەی پێش بەرژەوەندییەكانی وڵاتانی دیكە دەخات.

* با ئەم پرسیارەمان پەیوەست بێت بە هۆكاری سەركەوتنی دۆناڵد ترەمپ، یان ئەوەی ئێوە ئاماژەتان پێ كرد، كە تا ڕاددەیەك سەركەوتوو بووە، پرسیارەكەی ئەوەیە ئێوە ئەمە بۆچی دەگەڕێننەوە، ئایا هۆكارەكەی ئەوەیە كە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ كەمتر باوەڕی بەوە هەیە كە لە ڕێی دامەزراوە نێودەوڵەتییەكانەوە كار بكات و پتر پێی وایە كە دەتوانێت ڕاستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ كێشە و قەیرانەكاندا بكات؟

- لە ڕاستیدا ئەو پێی وایە دامەزراوەكان، بەتایبەتی دامەزراوە نێودەوڵەتییەكان زۆر قورس هەنگاو هەڵدەگرن، بۆ نموونە ئەگەر ئێمە لە مامەڵەی ئەم ئیدارەیە لەگەڵ ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بڕوانین، ئەوا ئەوەی بەدی دەكەین، كە زۆر پشت بە ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان نابەستێت، بە چەشنی ئەوەی لە سەردەمی ئیدارەی جۆبایدن بەدیمان كرد. ئەگەر وەڵامەكە پوخت بكەمەوە ئەوا ترەمپ پێی وایە ئەو دەتوانێت پرۆسەیەك بخاتەگەڕ و دواتر ئەوانی دیكەش شوێنی دەكەون.

Top