“پەکەکە” مێژوویەکی درێژ و بەتاڵ

“پەکەکە” مێژوویەکی درێژ و بەتاڵ

لە ١٢ـیەمین کۆنگرەی ئاسایی خۆیدا لەسەر ڕاسپاردەی عەبدوڵا ئوجەلانی ڕێبەریان پەکەکە بڕیاری چەک دانان و خۆهەڵوەشاندنەوەی دا و ڕازی بوون بۆ بەژداریکردن لە پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا

بەنەمانی پەکەکە کە زیاتر لە نیو سەدەیە وەکو هێزێکی گەورە لە گۆڕەپانەکەدایە دەبێت بگەڕێینەوە بۆ مێژووی ئەو هێزە ئایا چیان پێشکەشی گەلی کورد کردووە؟ لەڕێگەی دەستکەوت و زیانەکانیان دەتوانین تەقیمی خۆمان بدەین ئایا هێزێکی باش بوو یان خراپ، کە بێگۆمان هەمووان لەسەر ئەوە کۆکن کە پەکەکە هێزێکی خراپ بووە بۆ کورد و لە جیاتی بەدەستهێنانی دەستکەوت، دەستکەوتەکانی لەناوبردووە، لەماوەی ئەو نیو سەدەیە نەیانتوانی تەنانەت گۆندێکی باکووری کوردستان ئازاد بکەن کە گۆڕەپانی خەباتی ئەوان بووە کەچی گێرەشێوێنی و تێکدانیان لە پارچەکانی دی دا دەکرد.

با پێش هەموو شتێک ئەوە بڵێم هیچ کوردێک کێشەی لە گەریلاکان نییە چونکە هەموویان کوردن کۆڕ و کچ و خۆشک و برای ئێمەن، بە نیەتێکی پاک و بۆ خزمەتی کوردایەتی چەکیان هەڵگرتووە، بەڵام ئەوەی کێشەمان لەگەڵی هەیە سیاسەتە چەوتەکە و سەرکردایەتی پەکەکەیە کە بەداخەوە بوون بە عەمیلی دۆژمنانی کوردستان و بەڵا بۆ کورد و کوردستان

پەکەکە هێزێکی ئەنانی و کەلەڕەق جگە لەخۆی دانی بە هیچ هێزێکی تردا نەدەدانا و دەیویست هەموو هێزە کوردییەکان بسڕێتەوە و تەنیا خۆی بمێنێت، ئەو بیرکردنەوەیە وای لێکرد کە ڕۆژبەڕۆژ لاوازتر ببێت هەموو هێزەکان بمێننەوە و تەنیا خۆی بسڕێتەوە

پەکەکە نە سیاسەتێکی ڕوون، نە مەبدەئ و نە ڕێگایەکی دروست و نە سەرکردایەتییەکی ژیر، هیچی نەبوو هەموو ئەوەی هەبوو چەند گەنجێکی خوێن گەرم و هەڵخەڵەتاوبوون کە خۆیان دەکردە قوربانی و لەولاشەوە سەرکردەکانیان هیچ بەهایەکی بۆ خوێنی ئەوان دانەدەنا و خوێنی ئەو هەموو لاوە کوردەیان بەهەدەر دا

پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لەساڵی ١٩٧٨ وەکو پارتێکی سیاسی دامەزرا بەڵام دواتر لەساڵی ١٩٨٤ وەکو ڕێکخراوێکی چەکداری دەستی بەکارەکانی کرد، پاش بانگەوازەکەی ئوجەلان پەکەکە لە ١٢ی ئایاری ٢٠٢٥ بەفەرمی چەکدانان و خۆهەڵوەشاندنەوەیان ڕاگەیاند

 

Top