سوپای ڕووسیا هێزەکانی ئۆکرانیای له کورسک دەرکرد
کرێملین ڕایگەیاند: کە هێزەکانی ڕووسیا توانیویانە بەتەواوی هێزەکانی ئۆکرانیا لە ناوچەی کورسک دەربکەن و ناوچەکە کۆنترۆڵ بکەنەوە.
کرێملین ڕایگەیاند، ڤالێری گراسیمۆڤ، سەرۆکی ئەرکانی سوپای ڕووسیا لە دیدارێکدا لەگەڵ ڤلادیمێر پوتین گوتی، هێزەکانی ئەو وڵاتە سەرکەوتوو بوون لە دەرکردنی تەواوی هێزەکانی ئۆکرانیا لە هەرێمی کورسک و کۆنترۆڵکردنەوەی ناوچەکە.
گراسیمۆڤ هەروەها ڕۆڵی هێزەکانی کۆریای باکووری بەرز نرخاند کە بە گوتەی خۆی شان بە شانی سەربازانی ڕووسیا شەڕیان کردووە بۆ ڕزگارکردنی ناوچەکە.
بە گوتەی ناوبراو، هەوڵی ئۆکرانیا بۆ پێشڕەوی شکستی هێنا لە گەیشتن بە ئامانجەکانی کە بریتیبوون لە ناچارکردنی ڕووسیا بۆ کشانەوەی هێزەکانی لە بەرەکانی دیکە و دەستبەسەرداگرتنی ناوچەکان بۆ سوودوەرگرتن لە دانوستانەکانی داهاتوو.
سەرۆک ئەرکانی ڕووسیا هەروەها جەختی لە ڕۆڵی هێزەکانی کۆریای باکور کردەوە لە وەرگرتنەوەی ناوچەکە و سوپاسی سەربازانی ئەو وڵاتەی کرد کە بە گوتەی ئەو "شان بە شانی سەربازانی ڕووسیا شەڕیان کردووە بۆ ڕزگارکردنی ناوچەی کورسک لە دەستی هێزەکانی ئۆکرانیا".
گراسیمۆڤ ڕوونیشیکردەوە، هێزەکانی کۆریای باکور تەنها لەسەر خاکی ڕووسیا شەڕیان کردووە، ئەمەش بەپێی ڕێککەوتنێکی دووقۆڵی کە ڕێگە بە ڕووسیا دەدات هێزی سەربازی کۆریای باکور بۆ پاراستنی خاکەکەی بەکاربهێنێت.
لە ٦ی ئابی ٢٠٢٤، هێزە چەکدارەکانی ئۆکرانیا هێرشێکی لەناکاویان بۆ سەر ناوچەی کورسک لە ڕۆژئاوای ڕووسیا دەستپێکرد.
ئەم هێرشانە سەرەتا بووە هۆی دەستبەسەرداگرتنی بەشێکی بەرچاوی هەرێمی کورسک لەلایەن هێزەکانی کیێڤەوە، بەڵام وردە وردە ڕووسەکان توانیان کۆنتڕۆڵی خۆیان بکەنەوە و ئێستاش لەگەڵ ئازادکردنی دوا گوندی کورسک، ناوچەکە بەتەواوی کۆنترۆڵکراوەتەوە.
گوڵان: سەردار خەلیل
