ئەردەڵان دۆسكی بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی كارەبا:       لە كابینەی نۆیەمدا پڕۆژە و كاری چاكسازیی گەورە ئەنجام دراون

ئەردەڵان دۆسكی  بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی كارەبا:           لە كابینەی نۆیەمدا پڕۆژە و كاری چاكسازیی گەورە ئەنجام دراون

 

 

لە تەمەنی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا وێڕای زاڵبوون بەسەر ئالنگارییەكان و هەموو ئەو بەربەست و ئاستەنگانەی دروست كران، چەندین پڕۆژەی خزمەتگوزاریی گرنگیش بۆ هاووڵاتیان لە سێكتەرە جۆراوجۆرەكاندا ئەنجام دراون. بۆ قسەكردن لەسەر گرنگترین پڕۆژەكان و ئەو وەرچەرخانەی لە كەرتە جۆراوجۆرەكاندا بەدی هات، لە كەرتی كارەبا و لە جێبەجێكردنی پڕۆژەی ڕووناكی، گۆڤاری گوڵان بەتایبەتی بۆ ئەم ژمارەیە چەند پرسیاری ئاراستەی ئەردەڵان دۆسكی بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی كارەبا كرد.

 

* تاچەند كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان توانی كارنامەكەی خۆی جێبەجێ بكات و بەسەر ئاستەنگ و بەربەستەكاندا زاڵ بێت؟

- پێم خۆش بوو لەو پرسیارەوە دەستمان پێ كرد، حكومەتی هەرێمی كوردستان توانیویەتی تا ڕاددەیەكی باش بەسەر هەموو ئەو ئاستەنگ و بەربەستانەدا زاڵ بێت كە لە ماوەی تەمەنی كابینەی نۆیەم ڕوویان دا، هەر لە كۆڕۆنا و وشكەساڵی و بڕینی بوددجە و ململانێی ناعەقڵانیی حزبایەتی و ڕاگرتنی هەناردەكردنی نەوت و دەیان سزای دیكەی حكومەتی بەغدا، لە كابینەی نۆیەم پڕۆژەكانی وەبەرهێنان بە سەرمایەی زیاتر لە 70 ملیار دۆلار زیادی كرد و بەرهەمهێنانی كارەباش بە بڕی 1840 مێگاوات زیاد بوو، هەنگاوەكانی بەرەو حكومەتی دیجیتاڵی بۆ كەمكردنەوەی ڕۆتین و گەندەڵی، وەرچەرخانی باشی بەخۆیەوە بینی و پڕۆژەی «هەژماری من»ی بانكی كە هاووڵاتی ئیتر خۆی خاوەنی حیسابی بانكیی خۆی دەبێت، زۆر بەرەو پێشەوە چووە، ئەمە وێڕای هەموو ئەو دژایەتییە حزبی و سیاسییەی كە دەرهەق بە پڕۆژەیەكی وا پێشكەوتوو كرا، كە هەر وەكو ڕێزدار مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە نۆیەمین دیداری سلێمانی - زانكۆی ئەمریكی ئاماژەی پێ دا، بەوەی «بە هەڵە پڕوپاگەندەی بۆ كرا و پڕۆژەكە بە تەواوەتی لە بەرژەوەندیی هاووڵاتیاندایە و هاووڵاتی دەبێتە خاوەنی حیسابی بانكیی خۆی و دەسەڵاتی ئابووریی خۆی بۆ دەگەڕێتەوە و حكومەت مووچەكەی پێ دەدات». لە كەرتی خزمەتگوزاریی كارەباشدا پڕۆژەی ڕووناكی دەستی پێ كردووە و وەرچەرخانێكە لە بواری چارەسەركردنی كێشەی كەمیی كارەبا و ڕێكخستنەوەی ئەم سێكتەرە ژیارییە گرنگەی هاووڵاتیاندا، لەلایەكی دیكەوە بۆ یەكەمین جار توانرا بازاڕ بۆ بەرهەمی جووتیاران لە دەرەوەی هەرێم بدۆزرێتەوە و كێشەی ساغكردنەوەی گەنمی جووتیاران یەكلا كرایەوە، چەندین كارگەی پیشەسازیی خۆراك لە پارێزگاكانی كوردستان دامەزران، بەمەش لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا توانرا بەشێكی گرنگی كارنامە وەزارییەكە بە فرەچەشنكردنی ئابووری و بووژانەوەی سێكتەرەكانی «كشتوكاڵ و پیشەسازیی و گەشتیاری» بە پراكتیكی هەنگاوی بۆ بنرێت و چیتر ئەوەندە پشت بە داهاتی ناجێگیری فرۆشتنی نەوت نەبەسترێت، بەڵام                                               حكومەتی عێراق فشارەكانی گەیاندە ئاستێك كە بۆ زیاتر لە دوو ساڵ دەبێت، هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی ڕاگرتووە، بەمەش زیاتر لە 23 ملیار دۆلار زیانی بە ئابووریی هەرێمی كوردستان و دارایی عێراقیش گەیاندووە، تەنیا لەبەر ئەوەی ڕەوڕەوەی پێشكەوتنەكانی هەرێمی كوردستان ڕابگرێت. ڕەنگە هەرگیز لە دووتوێی دیدارێكدا نەتوانرێت ئاماژە بەو هەموو پێشكەوتنانەی كەرتەكانی ئابووری و ڕێگەوبان و كشتوكاڵ و پیشەسازی و گەشتیاری و پاراستنی سەقامگیریی ئەمنی بكرێت، كە لە چەند ساڵی تەمەنی كابینەكەدا بەدی هاتووە، بەڵام ئەمانەی كە باسم كرد، نموونەی خەرمانێكی پڕ لە بەرەكەتی دەستكەوتەكانە. سەبارەت بەو بڕگەیەی كە چی لە پشت ئەم پێشكەوتن و بەردەوامیدانانەدا بوو، بە تەئكید ئەگەر ئیرادە و خۆڕاگریی سەرۆكی حكومەت و كابینە وەزارییەكەی نەبووایە، هیچ حكومەتێك نەیدەتوانی لە بەردەم ئەم هەموو ئاستەنگ و بەربەستانەدا خۆی ڕابگرێت.

* لە ڕێگەی وەزارەتی كارەباوە ژمارەیەكی زۆری پڕۆژە لە پارێزگاكان و ئیدارە سەربەخۆكان جێبەجێ كران. ئایا تا چەند توانراوە ڕاسپاردە و بەرنامەی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ڕووی پراكتیكییەوە جێبەجێ بكرێت؟

- لە هەرێمی كوردستان زیاتر لە 30 ساڵە گرفتی كارەبا بەردەوامیی هەیە، بەڵام لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا زنجیرەیەك چاكسازی لە گرێبەستەكانی وەبەرهێنان و كەمكردنەوەی بەفیڕۆچوونی كارەبا و ڕێكخستنەوە و جێبەجێكردنی دەیان پڕۆژەی بەرهەمهێنان و گواستنەوە و دابەشكردن لەسەرجەم پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكاندا جێبەجێ كراون، تەواوكردنی ئەو پڕۆژانەی بەرهەمهێنان و گواستنەوە كە بە پڕۆژەی ستراتیژی و گەورە دادەنرا، تەنانەت وەزارەتی كارەبا هاندان و پشتگیریی هاووڵاتیان و كەرتی تایبەتیشی كردووە بۆ ئەوەی سوود لە سەرچاوەی خاوێنی بەرهەمهێنانی كارەبا لە ڕێگەی وزەی خۆر وەربگرن، لەلایەكی دیكەشەوە لەگەڵ زیادبوونی ژمارەی هاوبەشانی كارەبا بۆ نزیكەی 2،000،000 هاوبەش و هەڵكشانی خواست بۆ سەرووی 7،000 مێگاوات كارەبا هەمووی وای كرد، پڕۆژەیەكی گرنگی وەكو پڕۆژەی پێوەری زیرەك بۆ زیاتر لە 1،450،000 هاوبەش دابنرێت. هەموو ئەم كارە گەورانەی دانانی وێستگەی هەڵمیی خەبات و بۆ یەكەمین جار سوودوەرگرتن لە غازی بەفیڕۆچووی كێڵگە نەوتییەكانی گەرمیان بۆ بەرهەمهێنانی 165 مێگاوات كارەبا و 38 مێگاواتی كارەبای هایدرۆپاوەری دیرەلۆك و بەكارخستنی سێ وێستگەی 29 مێگاواتی و ئەنجامدانی دەیان پڕۆژەی تۆڕی گواستنەوەی كارەبا، وەكو پێكەوە گرێدانی خەبات و بەردەڕەش و هەولێر و دهۆك و بازیان و ڕاپەرین، گەیاندنی كارەبای نیشتمانی بۆ حاجی ئۆمەران و چارەسەركردنی تۆڕی گواستنەوەی هەولێر و دابینكردنی ئەو ژمارە زۆرەی وێستگەی مۆبایل و بونیادنانی دەیان وێستگەی گەورەی گواستنەوە، پڕۆژە و كاری گەورەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بوون لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، هەموو ئەم پڕۆژە و كارانە بۆ كۆنتڕۆڵكردنی كارەبا و بونیادنانی ژێرخانی كارەبا پێویست بوون، بەڵام بۆ ئامانجە گەورەكە كە سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە نزیكەوە بەدواداچوونی بۆ كردووە، ئەویش دابینكردنی كارەبایەكی 24 كاتژمێری و كۆتاییهاتن بە كێشەی كارەبای 30 ساڵەی ڕابردوو بووە، كە ئازار و مەینەتی و بارگرانییەكی زۆری بۆ هاووڵاتیان و ئابووریی كوردستان دروست كردووە، ئەمەش بە پڕۆژەی ڕووناكی دەست بە جێبەجێكردنی كرا.

* ئاماژەت بە پڕۆژەی ڕووناكی و گرنگیی ئەو پڕۆژەیە كرد بۆ چارەسەری ڕیشەیی كێشەی كارەبا، ئایا دەكرێت گرنگیی ئەم پڕۆژەیەمان بۆ هاووڵاتیان ڕوون بكەیتەوە؟

- هەردوو تیمی وەزارەتی كارەبا و تیمی نووسینگەی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە هاوكاریی كۆمپانیایەك ڕاسپێردران بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژەی ڕووناكی، تاوەكو چارەسەری كێشەی كارەبا بكرێت و ڕێگە لە پیسبوونی ژینگە بگرێت. هاتنە كایەی پڕۆژەكە بۆ ڕۆڵی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەگەڕێتەوە كە چارەسەری كێشەیەكی هەستیار و پێداویستییەكی سەردەمییانەی هاووڵاتیان بكات، بەو واتایەی چارەسەری كێشەی كارەبا لە ڕیزبەندی پێشەوەی داواكاری و خواستی هاووڵاتیانی كوردستان دادەنرێت، چونكە كێشەی كارەبا كاریگەریی خراپی لەسەر بژێوی ژیانی هاووڵاتیان و كار و كاسبی و ئابووریی كوردستان هەبووە .

گرینگیی پڕۆژەكە بۆ كوردستان دەتوانرێت لەم چەند خاڵەی خوارەوە كورت بكرێتەوە، لەوانە: هاووڵاتیان دوای 30 ساڵ بۆ یەكەمین جار دەبنە خاوەنی كارەبایەكی 24 كاتژمێری و لە دوو سەرچاوەی كارەبای نیشتمانی و كارەبای موەلیدە و دوو پێدانی نرخی كارەبا دەربازیان دەبێت و، دەبێتە یەك سەرچاوەی كارەبایەكی بەردەوام و ڕێگری لە پیسبوونی ژینگە دەكات، بەتایبەتی لە دووكەڵی موەلیدەكان كە بۆ تەندروستی زۆر مەترسیدارە دەربازیان دەبێت، هاوكات هاووڵاتیان دەتوانن بە پێی پێداویستییە سەرەكییەكان و بە هۆشیارییەوە مامەڵە لەگەڵ بەكارهێنانی كارەبا بكەن و بەپێی توانای دارایی خۆیان كارەباكە بەكار بهێنن، ئەمە لە هەموو دنیای پێشكەوتوودا بەم شێوەیە مامەڵە لەگەڵ كارەبا دەكرێت، واتا جۆرێك لە دادپەروەری لە پێدانی كارەبا دروست دەبێت.

ئەمە وێڕای سوودەكانی دیكەی بۆ سیستەمی بەڕێوەبردنی كارەبا كە سیستەمەكە جێگیر دەكات و تێچوونی بەرهەمهێنانی كارەبا كە لەسەر گەنجینەی گشتی و داهاتی گشتی كەم دەكاتەوە و لۆدی بەفیڕۆچوونی كارەباش كە گەیشتبووە 30% كەم دەبێتەوە بۆ 15 تا20% ئەم ڕێژەیەش ڕێژەیەكی ئاسایی تەكنیكییە.

بەم شێوەیە پڕۆژەی ڕووناكی چارەسەری ڕیشەیی كێشەی كارەبایە و پێویستی بە هەڵمەتێكی نیشتمانی هەیە، چونكە كارەبا پەیوەندیی بە هەموو جومگەكانی كۆمەڵگەوە هەیە و نابێت بە حزبی و سیاسی بكرێت و بۆ مەرامی هەڵبژاردن و پڕوپاگەندەی ئیعلامیی حزبی بەكار بهێنرێت، بەدڵنیاییشەوە حكومەت بە نرخێكی گونجاو دەیداتە هاووڵاتیان بۆ ئەوەی هاووڵاتیان بەپێی پێداویستیی سەرەكیی خۆیان سوودی لێ وەربگرن و بەفیڕۆ نەدرێت، تاوەكو وەزارەتی كارەباش بتوانێت بەو بڕە كارەبایەی لە توانایدا هەیە، بەرهەمی بهێنێت، كارەبایەكی 24 كاتژمێری بە هاووڵاتیان بدات، كە بە تەئكید لە پڕۆژەی ڕووناكیدا ڕەچاوی هاووڵاتیانی كەمدەرامەت و مامناوەند كراوە، كە بەپێی ئەو كارەبا كەمەی بەكاری دەهێنن نرخێكی كەمتری كارەبا دەدەن.

Top