هێنانەكایەی مشكی توكاوی هەنگاوێكە بۆ هێنانە كایەی مامێپ
لە ڕێگەی دەستكاریكردنی جەنەتیكییەوە، توانرا مشكی توكاوی بهێنرێتە كایەوە كە نەك بە تەنیا توكاویترن، بەڵكو باشتر بەرگەی ساردی دەگرن. بە گشتی دەستكاریی هەشت جینی ئەم مشكانە كرا كە حەوتیان وابەستەیە بە گەشەی مووی درێژەوە و هەشتەمینیشیان وابەستەیە بە زیادكردنی چەوریی لەشە. ئەم گروپە وا بەنیازن لە كۆتایی ساڵی 2026دا ئیمبریۆی فیلی مامێپیان هێنابێتە كایەوە و لە ساڵی 2028دا ئەو فیلە دەهێننە كایەوە كە دەتوانێت لە ناوچە بەستەڵەكیەكاندا بژی. ئامانجیش، گوایە ئەوەیە كە بتوانرێت گرووپێكی فیلی مامێپ ئاسا بهێنرێتە كایەوە، كە لە ناوچە بەستەڵەكییەكاندا دەتوانن بژین و هاندەری گەشەكردنی گیا دەبن لەو ناوچانەدا. ئەوەش ڕێژەی دووەم ئۆكسیدی كاربۆن كەم دەكاتەوە. ئەم هەنگاو و شیكردنەوەی ئەم گرووپە، كەوتووەتە ژێر ڕەخنەوە و هەموو زاناكان بە بۆچونێكی زۆر دروستی نازانن. دەستكاریكردنی جینی مشكەكان لەوانەیە كارێكی ئاسان بێت، بەڵام كاتێك دێتە سەر فیل، ڕووبەڕووی ئاڵۆزیی زۆر زیاتر دەبینەوە. لە وەڵامدا، لێكۆڵەرەوەكانی Colossal دەڵێن ئەمە وەك كەرستەیەك بەكاردێت بۆ دەستكاریكردنی جینەكانی دیكە و پێش هەر دەستكاریكردنێكی گشتییش، نەخشەیەكی كاریگەری سەلامەت دادەڕێژرێت پێش ئەوەی دەستكاریی جینۆمی فیل بكرێت.
