یاریزانی بەهرەمەند و ئاست بەرز هاتوونەتە پێشەوە
ئیمان بارزان ڕاهێنەری تیپی تۆپی پێی كچان شارەزوور
یاریزانی بەهرەمەند و ئاست بەرز هاتوونەتە پێشەوە
یاری فوتساڵ یەكێك لەو یارییانەیە كە لە دەڤەرە جیاوازەكانی كوردستان گرنگی زۆری پێ دەدرێت لە نێوان یاریزانانی كوڕ و كچی شارەكانی كوردستان، دەڤەری شارەزوور یەكێك لەو دەڤەرانەی كوردستانە كە كچانی ئەم ناوچەیە لە یاری فوتساڵ قۆناغی باشیان بڕیوە چاویان لەوەیە بگەنە ئاستێكی بەرزتر، یەكێك لە ڕاهێنەرە دیارەكانی ئەم ناوچەیەش كە بەردەوام وەكو یاریزان و ڕاهێنەر لە خزمەتی ئەم یارییەیە ڕۆڵی بەرچاوە بۆ خزمەت كردن و بەرەوپێشبردنی ئەم یارییە ئەویش كچە ڕاهێنەر ئیمان بارزان-ە ناوبراو لە دایك بووی ساڵی 2000ە و دەرچووی كۆلیژی پەروەردەی جەستەی و زانستە وەرزشیەكانە لە زانكۆی هەڵەبجە و پێشوتر یاریزانی یاری فوتساڵ بووە لە چەندین یانەی جیاجیا یاری كردوە و ئێستاش ڕاهێنەری تیپی تۆپی پێی كچان شارەزوورە گۆڤاری گوڵان لە نزیكەوە چەند پرسیارێكی ئاراستە كرد ئەویش وەڵامی پرسیارەكانی دایەوە.
* ئاستی یاری تۆپی پێی فوتساڵ چۆن دەبینی ؟
- جێگای خۆشحاڵی و شانازییە بەبەراورد بە ساڵانی پێشوو بەرەو پێشتر چووە ، یانەکان ڕووله زیادبوون و یاریزانی بەهرەمەند و ئاست بەرز هاتوونەتە پێشەوە، وە بەردەوام ژمارەیان ڕوو له زیادبوونە.
* بەرێوەچوونی پاڵەوانێتی بۆ ماوەیەکی کەم تا چەند سوود بە یاریزانان دەگەیەنێت؟
- ناتوانین بڵێین هیچ سودی نییە، بەڵام ڕێکخستنی پاڵه وانێتی بەشێوەیەکی بەردەوام و گونجاو هۆکارێکی باشە تا یانەکان و یاریزانەکان بەشێوەیەکی باشتر بەردەوامی بدەن بە چالاکییەکانیان و ئامادەکاری زیاتر بکەن بۆ پاڵه وانێتیەکان.
* پێت باشە چی بکرێت بۆ ئەوەی یاری تۆپی پێی فوتساڵی کچان بەرەوو پێش بچێت؟
-خزمەت و پشتگیری یاریزانان و یانەکان له ڕووی ماددی و مه عنەوییەوە تا بتوانن هه فتانە درێژە بە ڕاهینان و ئامادەکارییەکان بدەن و بەشێوەیەکی باشتر و ڕێکخراوتر ئامادەی پاڵه وانێتیەکان ببن، وە کردنەوه ی خول و پاڵه وانێتیەکان و گرنگی پێدان بە وەرزشی کچان له لایەن لایەنە پەیوەندیدارەکان بەگشتی پاڵنەرێکی گرنگە تا وەرزشی کچان بەگشتی و تۆپی پێی فوتسال بەتایبەتی بەرەو پێش بچێت و چەق بەستوو نەمێنێتەوە!
* گرفتی یارییەکانی تۆپی پێی فوتساڵ لە چی دەبینی؟
-کاتی بەڕێوەچوونی خولەکان و نەبوونی یاریگای پێویست زۆربەی کات گرفتن له بەردەم یانەکان..
* بڕیارت نەداوە ئەرکی ڕاهێنەرایەتی یانەیەک بگریتە ئاستۆ؟
-له ئێستایدا بەهۆی بەردەوام بوونم وەک یاریزان ناتوانم ئەرکی ڕاهینەرایەتی یانەکان بگرمە ئەستۆ، بەڵام خۆشحاڵ دەبم له داهاتوو بتوانم وەک ڕاهێنەر خزمەت بکەم. .
* لەگەڵ ئەوەی یانەکان پشت بە ڕاھێنەر و یاریزانی بیانی ببەستن؟
-هه نگاوێکی باشە بۆ بەرەو پێش چوون و باشتربوونی ئاستی یانەکان، بێگومان یاریزانان و ڕاهێنەرانی بیانی له ئاستێکی جیاوازدان،وە بەخۆشحاڵیەوە له ئێستایدا یاریزانان و ڕاهێنەرانی ناوه خۆ بەبەراورد بە ساڵانی پێشوو نوێنەرایەتی یانەکانی دەرەوەن.
* داواکاری و پێشنیارت بۆ لایەنی بەرپرسی وەرزشی؟
- داواکارم بەشێوەیەکی باشتر بەبەراورد بە ڕابردوو هه نگاوی گەورە بنرێت بۆ خزمەتکردن و پشتگیرکردنی وەرزش بەگشتی و وەرزشی کچان بەتایبەتی، بێگومان پشتگیری و پاڵپشتی بەردەوامی ئەوان پاڵنەرێکی گەورە دەبێت بۆ باشتربوون و بەرەو پێش چوونی یاریزانان و یانەکان..
* خەونی وەرزشیت چیە وەکو یاریزانێک؟
- بەدەستهێنانی نازناو و بوون بە یاریزانێکی ئاست بەرز له نێوخۆ و له دەرەوە.
* کردنەوەی ئەم فێرگانە تا چەند سوودی هەیە بۆ دۆزینەوەی یاریزانان؟
-بێگومان سودێکی زۆر باشی دەبیت له دروستکردن و پێگەیاندنی یاریزانان ،تابتوانن له داهاتوو له یانەکان خۆیان ببیننەوە و خزمەت بکەن ، بەخۆشحاڵیەوە بەشێکی زۆری یاریزانە لاوەکان له ئێستایدا شان بەشانی یاریزانە ئاست بەرزەکان له خولەکاندا دەبینرێن و ڕۆڵێکی گرنگیان هه یە له سەرکەوتنی یانەکاندا..
*ئێوە بە چ شێوازێک بەدوای یاریزانان دەگەڕێن؟
- نزیکەی ۳ ساڵە فێرگەکەمان وەک تاکە فێرگەی تۆپی پێی کچان له شارەکەمان بەردەوامی هه یە، وە بۆ خزمەت و پێگەیاندنی یاریزانانە له ڕووی ئەکادیمییەوە ، هه ر فێرخوازێک ئارەزوومەند بیت دەتوانیت له گەڵمان بەردەوام بێت ، خۆشبەختانە بەشێک له فێرخوازەکانمان بوونتە جێگای سەنجی ڕاهێنەرانی یانەکان و گرێبەستیان له گەڵ یانەکان هه یە، وەهەتا چەند فێرخوازیک هەنگاوی گەورەتریان ناوە بۆ هه ڵبژاردنیان له هه ڵبژاردەی تازە پێگەشتووانی عێراقدا.
* بەرنامەت چییە بۆ داهاتوو؟
- بەهیوام له بوارەکەی خۆم بتوانم خزمەتێکی باش بکەم، و ببمە پاڵنەرێکی گەورە له بەرەوپێش چوونی وەرزشی کچان.
* ئەگەر شتێکت ماوە لە کۆتایدا؟
- سوپاس و پێزانینی تایبەتم بۆ بەڕێزتان ، سوپاس بۆ خزمەتان بە وەرزش و وەرزشکاران بە گشتی ، هیوای بەردەوامی و سەرکەوتنی زیاترتان بۆدەخوازم.
