پڕۆژەی زەبەلاحی "پاڤیلیۆن بای ڕامز" ئامانجی ژینگەیی هەیە بۆ باشترکردنی کەشوهەوای هەولێر

پڕۆژەی زەبەلاحی


کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی لە پرۆژەی پاڤیلیۆن بای ڕامز بەڕێوەچوو بۆ ناساندنی پڕۆژە زەبەلاحەکەی نیشتەجێبوون، بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن.
پرۆژه‌كه‌ ئامانجی ژینگەیی ڕوونی هەیە، دیارترینیان باشترکردنی کەشوهەوای وشکی شاری هه‌ولێر و زیادکردنی شێداری بەرگەهەوا، کە دەتوانێت بەشداربێت لە بەرزکردنەوەی بارانبارین و کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی وشکەساڵی، بەتایبەتی لە هاویندا.
لە چوارچێوه‌ی مێدیا کۆنفرانسەکەدا کۆمپانیای جێبەجێکردنی پڕۆژەی کۆشکی هەولێر دانیشتوانی شارەکەی دڵنیا كرده‌وه‌ لە نیگەرانییەکانی دەوروبەری دروستکردنی دەریاچەیەکی دەستکردی گەورە لەناو پڕۆژەکەدا و دووپاتیکردەوە کە سەرچاوە ئاوییەکانی هەولێر بە هیچ شێوەیەک کاریگەرییان لەسەر نابێت.
ئەمەش دوای ئەوە دێت کە ڕاگەیاندنی پڕۆژەکە مشتومڕی لێکەوتەوە، بەتایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی بەردەوامی کەمی ئاوی شارەکە و کەمبوونەوەی سامانە سروشتییەکان بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا.
لە چوارچێوه‌ی مەراسیمی ئەمڕۆی دەستبەکاربوونی پڕۆژەکە، کۆمپانیاکە دووپاتی کردەوە کە دیزاینی دەریاچەکە کە ڕووبەرەکەی ٣٠٠ هەزار مەتر چوارگۆشەیە، پشت بە سیستەمی پڕکردنەوەی ئاوی داخراو دەبەستێت، بە بێ ئەوەی پێویستی بە هیچ پڕکردنەوەیەک هەبێت لە سەرچاوە ئاوییەکانی شارەکەوە. ئەمەش وا دەکات پڕۆژەکە ژینگەدۆست بێت.
ئەکتەری ناوداری توركی بوراک ئۆزسیڤیت وەک ڕووخساری ڕیکلامی پرۆژەی "پاڤیلیۆن بای ڕامز" هەڵبژێردرا و ئەمە یەکەم سەردانیەتی بۆ پایتەختی هەرێمی کوردستان.
بوراک ئۆزچیڤیت جەختی لەوە کردەوە کە ناچێتە ناو پرۆژەیەکەوە کە قەناعەتی پێی نەبێت و ئەمە ئەو ڕێبازەیە کە لە کاری نواندن و درامادا پەیڕەوی لێدەکات.
ئۆزسیڤیت لە بارەی هۆکارەکانی هەڵبژاردنی بۆ بەرەوپێشبردنی ئەم پڕۆژەیە، لە میانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا کە لە شوێنی پڕۆژەکە بەڕێوەچوو وتی: ئاساییە بەشێک بیت لە پرۆژەیەک، بەڵام بەشداریکردن لە پرۆژەیەکی وەک ئەمه‌دا شتێکی ترە، چونکە ئەم پڕۆژەیە سوودی یه‌كجار زۆری هەیە.
ئەو پێی وایە بوونی کۆمپانیای ڕامس گڵۆباڵ لەم پڕۆژەیەدا نوێنەرایەتی "ڕەهەندێکی جیاواز دەکات بۆ ئەو، چونکە متمانەی پێبەخشی، بەو پێیەی پەیوەندی بە قەبارەی پڕۆژەکەوە هەیە.
پڕۆژەی نیشتەجێبوونی پاڤیلیۆن بای ڕامێز لەسەر ڕووبەری یەک ملیۆن و ٨٠٠ هەزار مەتر چوارگۆشە دروستکراوە و دەریاچەیەکی دەستکرد لەخۆدەگرێت کە ٣٠٠ هەزار مەتر چوارگۆشەیە، کە ئاوەکەی لە ڕووباری گەورەی زابەوە وەردەگرێت.
لای خۆیەوە ئەندازیاری پڕۆژەکە خەلیل ئیبراهیم ڕایگەیاند، "پڕۆژەکە سوودێکی زۆری دەبێت بۆ شاری هەولێر، لەسەر نزیکەی ملیۆنێک و 800 هەزار مەتر چوارگۆشە دروست کراوە و 861 ڤێلا و 42 پڕۆژەی نیشتەجێبوون لەخۆدەگرێت، دەزانین ئاستی پیسبوونی هەولێر تاڕادەیەک بەرزە، ئەم پڕۆژەیەش تاڕادەیەک ئەو ئاستە کەم دەکاتەوە.
لە بەرامبەردا عەلی نورەدین، بەڕێوەبەری فرۆشتنی پاڤیلیۆن ڕایگەیاند، “کۆمپانیای تورکی ڕامز گڵۆباڵ کە خاوەنی ٣٧ ساڵ ئەزموونی نێودەوڵەتییە، سەرپەرشتی پڕۆژەکە دەکات
پڕۆژەی پاڤیلیۆن بای ڕامز، بە سەرپەرشتی ڕامز گڵۆباڵ، یەکێکە لە گەورەترین پڕۆژەکانی خانووبەرە و نیشتەجێبوون لە عێراق و کوردستان.
ڕووبەرێکی فراوان درێژدەبێتەوە، تاڤگەیەکی دەستکردی 300 هەزار مەتر چوارگۆشەی لەخۆگرتووە، جگە لە کتێبخانە، شانۆ، قوتابخانە، سەنتەری وەرزشی، سەنتەری زانیاری، مۆڵ، و سینەما- لە هەنگاوێکدا کۆمپانیاکە دەڵێت بۆ یەکەمجارە لە هەرێمی کوردستان جێبەجێدەکرێت.
لە ڕاگەیەندراوێکی کۆمپانیاکەدا دووپاتی کردەوە کە پڕۆژەکە ڕۆڵی سەرەکی دەبێت لە باشترکردنی ژینگەی هەولێر و کەمکردنەوەی ئاستی پیسبوون، بەمەش کوالێتی ژیانی شارەکە بەرز دەبێتەوە.
کۆمپانیای رامس گڵۆباڵ
زیاتر لە ٣٧ ساڵ ئەزموونی هەیە، لە شەش وڵاتدا کاردەکات و لە ئێستادا سەرپەرشتی نزیکەی ١٠٠ پڕۆژە دەکات لە سەرانسەری جیهاندا.

Top