دادپەروەری لە بواری گۆڕانی كەشوهەوادا
مافەكانی مرۆڤ بەپێی مێژووی دەركەوتنیان وەك زاراوە و چەمك، بە چەندین قۆناغی جیاجیادا تێپەڕ بوون، كە هەر قۆناغێكی وەك نەوە پۆلێن كراون، بۆ نموونە:
یەكەم: نەوەی یەكەمی مافەكانی مرۆڤ: پێیان دەڵێن «مافە شینەكان»، ئەوانەش ئەو مافانەن كە بە شێوەیەكی سەرەكی بایەخ بە دۆزەكانی ئازادی و بەشداریكردنی سیاسی دەدەن.
دووەم: نەوەی دووەمی مافەكانی مرۆڤ: پێیان دەڵێن «مافە سوورەكان»، كە بریتین لە مافە ئابووری و كۆمەڵایەتی و كەلتوورییەكان.
سێیەم: نەوەی سێیەمی مافەكانی مرۆڤ: پێیان دەڵێن «مافە سەوزەكان»، كە بریتین لە مافی ژیان لە ژینگەیەكی سەلامەت و مافی گەشەپێدانی بەردەوام و دانانی میكانیزمی دەستووری و یاسایی، بۆ پاراستنی ئەم مافانە بە مەبەستی خۆلادان لە كاریگەرییە نەرێنییەكانی گۆڕانی كەشوهەوا لەسەر كۆمەڵگە و گەلان، وەك: ململانێ ئابووری و بازرگانییەكان، فشاری كۆچی زۆرەملێ و بەكۆمەڵ، لەدەستدانی ئاسایشی خۆراك، دەركەوتنی قەیرانی تەندروستی، هەڕەشەكانی سەر ئاسایشی نیشتمانی و جیهانی.
بۆیە لەگەڵ دەركەوتنی ئەو كۆمەڵە مافانەی كە بە نەوەی سێیەمی مافەكانی مرۆڤ ناسراون، وەك: مافی مرۆڤ بۆ ژیان لە ژینگەیەكی سەلامەت و مافی مرۆڤ لە گەشەپێدانی بەردەوام بە مانای پاراستنی ژینگە لە پێناوی نەوەكانی ئێستا و ئایندەدا، زۆر چەمكی دیكەش خرانە پاڵ چەمكی گۆڕانی كەشوهەوا، وەك چەمكی دادپەروەریی كەشوهەوا.
دادپەروەریی كەشوهەوا بە شێوەیەكی گشتی بریتییە لە چارەسەركردنی ئەو بارگرانییە ناهاوسەنگەی كاریگەرییەكانی گۆڕانی كەشوهەوا لەسەر كۆمەڵگە هەژار و پەراوێزخراوەكان و، هەوڵدان بۆ دابەشكردنێكی دادپەروەرانەی بارگرانیی ئەو كاریگەرییانە لەسەر ئاستە نێوخۆیی و نیشتمانی و جیهانییەكان، لە ڕێگەی ئەو دەستپێشخەرییانەی پشت بە تیۆری مافە نێودەوڵەتییەكانی مرۆڤ و دادپەروەریی نێوخۆیی ژینگەیی دەبەستن.
دادپەروەریی كەشوهەوا لە چەند ئاستێكدا دەتوانرێت بەدی بهێنرێت وەك:
ئاستی یەكەم: بەدیهێنانی دادپەروەریی كەشوهەوا لە نێوان دەوڵەتەكاندا، كە ئەمەش دوو جۆر دادپەروەری لەخۆ دەگرێت:
1- دادپەروەریی لە دابەشكردندا: بەمانای دابەشكردنێكی عادیلانەی ئەرك و بارگرانییەكانی گۆڕانی كەشوهەوا لە نێوان دەوڵەتە پێشكەوتووەكان و دەوڵەتە تازە گەشەكردووەكاندا.
2- دادپەروەریی لە قەرەبووكردنەوەدا: بە مانای قەرەبووكردنەوەی دەوڵەتە هەژار و زیانلێكەوتووەكان و تازە گەشەكردووەكاندا لەلایەن دەوڵەتە پێشكەوتووەكانەوە لە ڕووی گواستنەوەی تەكنۆلۆژیا و دارایی پێویست، بۆ دابینكردنی تێچووی پڕۆژەكانی كەمكردنەوە و خۆگونجاندن لەگەڵ كاریگەرییەكانی گۆڕانی كەشوهەوا.
ئاستی دووەم: بەدیهێنانی دادپەروەریی كەشوهەوا لە نێوان نەوەی ئێستا و نەوەكانی داهاتوو، بە مەبەستی بەدەستهێنانی دادپەروەری لە ڕووی بەكاربردن و بەكارهێنانی دەرامەتە ژینگەییەكان، بە جۆرێك كە كاریگەریی خراپ و زیانبەخش بەجێ نەهێڵێت، بۆ دەیان، یان سەدان ساڵی دواتری نەوەكانی داهاتوو.
ئاستی سێیەم: بەدیهێنانی دادپەروەریی كەشوهەوا لە نێوان كۆی تاكەكانی هەمان كۆمەڵگە و، جەختكردنەوە لەسەر داڕشتنی یاساو ڕێنمایی دادپەروەرانە بۆ هەمووان بەگشتی و، بۆ توێژە زیاد زیانلێكەوتووەكان و خاوەن توانا لاوازەكان بەتایبەتی بە هۆی گۆڕانی كەشوهەواوە.
لێرە و لە كۆتاییدا وەك بیرخستنەوەیەك، جێگەی خۆیەتی ئاماژە بە گرنگترین بنەماكانی چەمكی دادپەروەریی كەشوهەوا بدەین كە بریتین لە:
یەكەم: بنەمای پێشگیری و ڕێگرتن لە پیسبوونی ژینگە.
دووەم: بنەمای چاككردن و بووژاندەوەی ژینگە.
سێیەم: بنەمای سزادانی سەرپێچیكاران و ناچاركردنیان بە قەرەبووكردنەوەی زیانەكان.
چوارەم: بنەمای كاركردن بە بەرپرسیارێتیی هاوبەش لە ئامانج و جیاواز لە هۆكاردا.
پێنجەم: بنەمای گەشەپێدانی بەردەوام بە قازانجی ئێستا و داهاتوو.

عهبدولرهحمان سدیق