جدعان عەلی سەرۆكی نوێنەرایەتیی ئەنجومەنی نیشتمانیی كوردی - سووریا لە هەرێمی كوردستان بۆ گوڵان: سەرۆك بارزانی مەرجەع و خەمخۆری كێشەی كوردە، بۆیە مەزڵووم عەبدی هاتە هەولێر و ئۆجەلان لە ئیمڕالییەوە پەیامی بۆ نارد
پرسی سووریا تا دێت ئاڵۆزتر و ناجێگیرتر دەبێت، عەلەوییەكان كۆمەڵكوژ دەكرێن و سزاكانی سەر دیمەشق درێژەیان هەیە و كوردەكانیش لە پەراوێزخستنیان نیگەرانن، لەم بارودۆخەدا مەزڵووم عەبدی سەردانی سەرۆك بارزانی كرد، بۆ پرۆسەی ئاشتییش لە توركیا، ئۆجەلان پەیامێكی بۆ مەرجەعی كورد نارد. گۆڤاری گوڵان لەسەر ئەم پرسە و چەند تەوەری دیكەی پەیوەندیدار دیدارێكی لەگەڵ جدعان عەلی سەرۆكی نوێنەرایەتیی ئەنجومەنی نیشتمانیی كوردی - سووریا لە هەرێمی كوردستان ئەنجام دا.
* ماوەیەكی زۆری نەبرد بە سەر ڕووخانی ڕژێمەكەی ئەسەد، جارێكی دیكە بارودۆخی سووریا ئاڵۆزی و شەڕی تێكەوتەوە. خوێندنەوەتان بۆ بارودۆخی ئێستای سووریا چۆنە، بەتایبەتی كە عەلەوییەكان شەڕێكی سەختیان دەست پێكردووە و درووزەكانیش بە شێوەیەك لە شێوەكان لەژێر كۆنتڕۆڵی دیمەشقدا نین؟
- لە سەرەتادا ئێمە وەكو كورد و بەشێكی ڕەسەن و سەرەكیی گەلی سووریا پێشوازیمان لە هاتنی ئەحمەد شەرع و ڕووخانی ڕژێمی دیكتاتۆریی ئەسەد كرد، چونكە زیاتر لە نیو سەدە بوو گەلی سووریا بە هەموو پێكهاتەكانی، بەتایبەتی گەلی كورد، لە ژێر زوڵم و سەتەمێكی زۆر گەورە و نامرۆڤانەدا دەیناڵاند، هەر بۆیە بۆ ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد نزیكەی چواردە ساڵ شۆڕشێكی خوێناوی بۆ ڕزگاربوون لە دیكتاتۆریەت هەڵگیرسا، كە تێدا هەموو لایەك لە خەڵكی سووریا ناڕەحەتی و ناخۆشی و دەربەدەری و وێرانیمان تێدا دیت، ئەمە هەمووی وای كرد، دڵشاد و دڵخۆش بین بە ڕووخانی بەشار و هاتنی ئەحمەد شەرع، هەر چەندە ئێمە وەكو كورد و تەواوی میللەتی سووریا دەزانین كە شەرع كەسێكی توندڕەو و سەر بە گرووپی تیرۆریستیی وەكو قاعیدە و داعش بووە، چەند ساڵ لەسەر ئەو كار و بیروباوەڕە توندئاژۆیانە زیندانی بووە و لەلایەن ئەمریكاوە داواكراو و لە لیستی ڕەشدا بوو، بەڵام بە پاڵپشتیی وڵاتانی نێودەوڵەتی و بەتایبەتی ئەمریكا و توركیا و چەندین وڵاتی دیكە شەرع توانی بە كۆكردنەوەی زیاتر لە (17) گرووپ لە چوارچێوەیەك بە سەرۆكایەتیی خۆی هێرشی كرد و لە ماوەی چەند ڕۆژێكی كەم لە 8/12/2024 بەشار ڕای كرد و سووریای بەجێهێشت و جۆلانی سووریای ڕزگار كرد لە دەست ئەو ڕژێمە مەترسیدار و خوێنڕێژە، بەمەش حزبوڵڵای لوبنان و ئێران و حەماس و حەشدی شەعبی ئەو میلیشیایانەی عێراقی سەر بە ئێران دەسەڵات و پێگەیان لە سووریا لاواز بوو، یان بە تەواوی نەما، هەر بۆیە ئەو حزب و لایەنانەی كە بەرژەوەندییان لەگەڵ ئەسەد هەبوو و ئێران بەتایبەتی هەوڵیان دا بە هاندان و پشتگیریكردنی عەلەوییەكان لە لایەكدا شوێن پێی خۆیان دروست بكەنەوە، لە ئەنجامدا گرووپەكانی سەر بە شەرع ڕووبەڕووی عەلەوییەكان بوونەوە، دەرئەنجام كوشتن و بڕینێكی زۆر تا ئاستی كۆمەڵكوژی دژی خەڵكی سڤیلی عەلەوییەكان ڕووی دا، لەلایەكی دیكەوە درووزەكان تا ئێستاش نەچوونەتە ژێر ڕكێڤی شەرع و گوێی لێ ناگرن كە ئەوانیش ئیسرائیل پشتگیرییان دەكات، بۆیە لەوەتەی جۆلانی هاتووە بەتایبەتی لەكاتی حكومەتی ڕاگوزەر و ئێستاكەش هەرچی كار و پلان و بەرنامەیەكی داناوە بە ڕێككەوتنەكانیشیەوە لەگەڵ كورد بەتایبەتی هەسەدە و مەزڵووم عەبدی تەنیا بۆ خافڵاندن و كات بردنە سەر بووە، ئەگینا لە ڕاگەیاندنی دەستوور و پێكهێنانی حكومەتە تازەكەی و دیاریكردنی موفتیی سووریا، نەیهێشتووە هیچ پێكهاتەیەكی سووری بە كوردیشەوە تێدا بەشدار بن، هەر بۆیە دەتوانین بڵێین ئایندەی شەرع باش نابێت و ئێستا لە سووریا خەڵك بەگشتی و كورد بەتایبەتی لە شەرع دڵنیا نین و متمانەی بۆ خۆی دروست نەكردووە، بۆیە بارودۆخەكە ئاڵۆزە و دواڕۆژێكی باش چاوەڕی سووریا ناكات، بۆی هەیە بە پیلان و هەوڵە بەردەوامەكانی ئێران و لایەنی دەوروبەر وەكو حزبوڵڵا و حەماس بە پشتگیریكردنی عەلەوییەكان لەلایەكی دیكە لەگەل دروزەكان و لەلایەكی دیكەشەوە بە هۆی نەدانی مافی كورد و بەشداری پێنەكردنی گەلی ڕۆژئاوی كوردستان شەڕی ناوخۆ دروست بێت. هاوكات من دڵنیام كە لە ئایندەیەكی نزیكدا بە هۆی پێنەدانی ماف و بەرژەوەندیەكانمان وەكو كورد و بەشداری نەكردنمان لە حوكمڕانیدا، شەرع پەلاماری كوردیش نەدات، لێرە و لەوێش دەبینین چەكدارەكانی جۆلانی پەلاماری ناوچە كوردییەكانیش دەدەن و خەریكی نانەوەی كێشە و ناسەقامگیرین بۆمان، لەولاشەوە توركیا بە نهێنی و ژێر بە ژێر پشتگیریی جۆلانی دەكات، هەر توركیاشە ناهێڵێت ڕۆژئاوای كوردستان بگاتە بارودۆخێكی زیاتر سەقامگیر و بە ئازادی و دیموكراتی لە وڵاتی خۆیاندا بژین. ئەگەرچی دەزانین ئەمریكا و وڵاتانی دیكەش وەكو ئەڵمانیا و فەرەنسا و ئیسرائیلیش لە ناوچەكە زۆر بە وردی و بەردەوام چاودێریی سووریا و كار و پڕۆژە و هەڵسوكەوتەكانی ئەحمەد شەرع دەكەن. بەڵام باوەڕ ناكەم بهێڵن شەرع بە ئارەزووی خۆی مەبەستەكانی مومارەسە بكات و پێی خۆی قایم بكات، بەڵكو ئەمریكا بەتایبەتی سنووری بۆ شەرع داناوە و لە چركەساتەكانی كۆتاییدا ئەمریكا لە شەرعی مۆدێرنی ئەمڕۆ و بۆینباغ بەستوو و تیرۆریستی داواكراوی نێودەوڵەتی، بۆێ ڕوون دەبێتەوە كە ئەمە هەر جۆلانی ئەمیری قاعیدە و داعشە و سوودی بۆ گەلی سووریا و پێكهاتەكانی نابێت. هەر بۆیە پێویستە لایەنەكانی ڕۆژئاوی كوردستان هەموومان یەكڕێز و یەكدەنگ بین و ڕێككەوتن لە نێوانمان دروست بێت، وەكو ئەوەی كە جەنابی سەرۆك بارزانی وەكو مەرجەعی گەلی كورد داوامان لێ دەكات و هەوڵی بەردەوامی بۆ دەدات، تاوەكو بتوانین مافی گەلی ڕۆژئاوای كوردستان لە دەستووری سووریا جێگیر بكرێت و كورد لە ڕۆژئاوادا بچێتە قۆناغێكی پێشكەوتووتر كە ئەوە داواكاری ئێمەشە كە ببینە سیستمی فیدڕاڵی و وەكو نەتەوەی كورد لەسەر خاكی خۆمان بژین.
* ڕەفتارە توندەكانی شەڕع و دەستەی تەحریر شام لەگەڵ چەكدارانی عەلەوی گەیشتووەتە ئاستێك هەموو بنەما و مافەكانی مرۆڤی پێشێل كردووە، ئایا ئەمە دەبێتە هۆكاری ئەوەی جارێكی دیكە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەمان هەڵوێست وەك سەردەمی ئەسەد دووبارە بكەنەوە و سزای توند بخەنەوە سەر دیمەشق؟
- وڵاتانی ئەمریكا و ئەوروپا چاودێریی وردی شەرع دەكەن، زۆر مومكینە هەڵویستی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی وەك سەردەمی ئەسەد سزای توند و خراپتریش بخەنە سەر شەرع، چونكە جۆلانی خۆی لە هەناوی تیرۆردا پەروەردە بووە و زۆر زەحمەتە بتوانێت پابەندی بنەماكانی مافی مرۆڤ و پاراستنی ژیانی پێكهاتەكانی سووریا بێت، لە ڕاگەیاندنی دەستوورەكە و پێكهێنانی حكومەتی كاتییشدا هەموو پێشێلكردنێك دیارە و لە هیچ وڵاتێكدا نەبووە حكومەتی ڕاگوزەر بۆ پێنج ساڵ بێت، بەڵكو لە یاسا نێودەوڵەتییەكاندا نابێت لە هەژدە مانگ زیاتر بێت و بەشداری پێ نەكردنی كورد و هیچ پێكهاتەیەك لە حكومەتە ڕاگوزەرەكەیدا، مانای وایە شەرع نەیتوانیوە دەروونی خۆی پاك بكاتەوە لەو نیاز و مەبەستەی كە بەرانبەر كورد و پێكهاتكانی دیكەی سووریا هەیەتی. ئەگەر بە جوانی بە وردی لە دەستوور و حكومەتەكە و وەزیرەكانی بڕوانیت، بۆت دەردەكەوێت ئەحمە شەرع هەر جۆلانییە و تاكڕەوی و حكومەت و دەسەڵاتێكی تاكلایەنە لەژێر سێبەری ئەو بنەمایانەی كە ئەو ئیمانی پێی هەیە، لە ئیسلامی سیاسیی توندڕەودا كار دەكات.
* هەتا ئێستا بارودۆخی ڕۆژئاوا و هێزەكانی سووریای دیموكرات، لە بارودۆخێكی نیمچە سەقامگیردا بووە و تا ڕاددەیەك لەگەڵ هێزەكانی تەحریر شام نەكەوتوونە شەڕەوە، ئایا دەبێت هەڵوێستی ڕۆژئاوا لەسەر ئەم گۆڕانكارییانەی سووریا چۆن بێت؟
- ئێمە وەكو میللەتی كورد وای دەبینین كە واز لەشەڕ و جەنگ بهێنین، چونكە ئەو گۆڕانكارییە مەزنەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕووی داوە و چاوەڕوان دەكرێت نەخشەیەكی تازە بێتەدانان، كە تێدا میللەتی كورد سوودمەند بێت و بە ڕووخانی بەشار ئەسەد ئێمە وەكو ڕۆژئاوای كوردستان دەبێت هەوڵ بدەین هەموو لایەن و حزبە كوردییەكان یەك ئامانج و تێڕوانین دروست بكەین، كە ئەویش بە گفتوگۆ و ڕێگەی ئاشتییانە بێت، هەروەها لەو گۆڕانكارییانەی كە لە ڕێگەی شەڕەوە لە ناوچەكەدا هاتەدی هەر هەمووی وەكو حزبوڵڵا و حەماس و لوبنان تێدا زەرەرمەند بوون. توركیا كە ئێستا دەستی خستووەتە ناو كاروباری چەند ناوچەیەك لە ڕۆژئاوای كوردستان كە مەبەستی ئەو دژی پەكەكەیە، ئەگەرچی زیانی زۆر و گەورەی بۆ هەموو سەقامگیریی ڕۆژئاوای كوردستان هەیە، هەر بۆیە دەبێت پەیەدە و هەموو ئەو ناوانەی سەر بە پەكەكەن لە ڕۆژئاوا وەك مەسەدە و هەسەدە واز لە چەكداری و شەڕ بێنن، بەڵكو دەبێت ئەوانیش بۆ بەرژەوەندیی میللەتی كوردی ڕۆژئاوا وەكو باكووری كوردستان و چەكدارانی پەكەكە لە قەندیل پابەندی پەیامەكەی ئۆجەلان بن، كە سەركردەكەیان گەیشتووەتە ئەو قەناعەتە دەبێت بە ئاشتی و گفتوگۆ كێشەكان چارەسەر بكرێت، ئێمە بەو ڕێباز و ڕێنوییانەی لە جەنابی سەرۆك بارزانی وەری دەگرین، پابەندین و كار بۆ خەباتی دوور لە شەڕ و چەكداری دەكەین، ئەگەرچی وەكو دەزانین كە ئەمریكا پاڵپشتی باش و تەواوی كوردی ڕۆژئاوا بەتایبەتی هەسەدە و مەزڵووم عەبدی دەكات، هەر بۆیە وەكو ئەوەی ئێمەش دەیبینین، مەزڵووم عەبدی پاش ئەوەی سەردانی جەنابی سەرۆك بارزانی كرد، لە چوارچیوەی ئاشتی و گفتوگۆ لەگەڵ لایەنەكانی بەرانبەری بەتایبەتی لەگەڵ دەسەڵاتداریەتی «شەرع»دا، زیاتر لە جاران لە كار و هەڵسوكەوت و تێڕوانینەكانیدا یەكدەستی و یەكڕێزیی بۆ كورد دەوێت، بەڵام لەم كاتەشیدا كە ڕێككەوتنێك لەگەڵ جۆلانی دەكات، دەبێت پابەندی ماف و بەرژەوەندییە باڵاكانی گەلی كورد بێت.
* هەست دەكرێت جۆرێك لە نزیكبوونەوە و لێكتێگەیشتن لە نێوان پەیەدە و ئەنەكەسە و هێزەكانی سووریای دیموكرات هەیە، هەروەها بینیمان مەزڵووم عەبدی هاتە هەرێمی كوردستان و لەگەڵ سەرۆك بارزانی كۆبووەوە، ئایا لە دوای كۆبوونەوەی سەرۆك بارزانی لەگەڵ مەزڵووم عەبدی، بارودۆخی هێزەكانی كورد لە ڕۆژئاوا چەند چووەتە پێشەوە؟
- بێگومان لە دوای پەیامەكەی ئۆجەلان بۆ ئاشتی و چوونی نوێنەری جەنابی سەرۆك بارزانی بۆ لای مەزڵووم عەبدی و هاتنی مەزڵووم بۆ لای جەنابی سەرۆك بارزانی، هەوڵدان بۆ گفتوگۆ و لێكتێگەیشتن لە نێوان لایەنەكانی كوردی ڕۆژئاوا زۆر بەرەوپێشەوە چووە، چونكە لە پەیامەكەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بۆ جەنابی سەرۆك، بۆ هەموو كوردان دەركەوت كە ئۆجەلان دەیەوێت جەنابی سەرۆك وەكو مەرجەعی كورد بە پڕۆسەی ئاشتیی نێوان پەكەكە و توركیا هەستێت و، هاتنی مەزڵوومیش بۆ لای جەنابی سەرۆك جارێكی دیكە پێمان دەڵێت كە جەنابی بارزانی تاكە مەرجەعە كە دەتوانێت گەلی كورد بگەیەنێتە قۆناغی كۆتایی سەقامگیری و سەركەوتن، پێشتریش ڕۆڵی جەنابی سەرۆك بارزانی بەتایبەتی لە ساڵانی 2012 بەولاوە لەگەڵ لایەن و حزبەكانی ڕۆژئاوا كوردستان ئەوە بووە كە یەكگرتوو و یەكدەست بن بۆ گەیشتن بە ئامانجە نەتەوەییەكانمان، ئێستاش گفتوگۆی بەردەوام لە نێوان لایەنەكانی ڕۆژئاوا هەیە و هەوڵ بۆ ڕێككەوتنێكی یەكڕێزی و یەك ئامانج دەدرێت.
* توركیا دەیەوێت دۆناڵد ترەمپ بگەیەنێتە قەناعەت كە هێزەكانی لە سووریا بكشێنێتەوە و هێزەكانی توركیا جێگەی هێزەكانی ئەمریكا لە ڕۆژئاوا بگرێتەوە، ئایا بە ڕای ئێوە ئەمریكا متمانە بە توركیا دەكات و هێزەكانی لە ڕۆژئاوا دەكشێنێتەوە؟
- ئەمریكا واز لە سووریا و ڕۆژئاوای كوردستان ناهێنێت، ئەو ناوچەیە بۆ ئەمریكا زۆر گرنگە كە ئێران هەوڵی دەدا هلالی شیعەی تێدا تەواو بكات، كە ئەمەش لەبار برا و نایەتەوە، لە لایەكی دیكەوە ئەمریكا بە هیچ جۆرێك هیچ بەشێكی سووریا و ڕۆژئاوای كوردستان بۆ توركیا بەجێ ناهێڵێت، چونكە ئەمریكا متمانەی نەك بە توركیا بە هیچ وڵاتێك نییە، بەتایبەتی ترامپ بەرژەوەندیی ئەمریكا لەلای لە سەرووی هەموو شتێكەوە دەبینێت و دەزانێت كە كورد توانیی شەڕی داعش بكات و ناوچەكە بپارێزیت، ئەمەش بەشێكە لەو لایەنەی كە ئەمریكا بە گرنگییەوە سەیری دەكات.
