هەوڵدەدەم كۆرسی نێودەوڵەتی وەربگرم لە بواری ڕاهێنانی ئەسپدا
دلشاد ئەحمەد یاریزانی ئەسپسواری یانەی هەولێری نێودەوڵەتی
هەوڵدەدەم كۆرسی نێودەوڵەتی وەربگرم لە بواری ڕاهێنانی ئەسپدا
هەر چەندە یاری ئەسپ سواری یارییەكی جیهانییە و ساڵانە چەندین پاڵەوانێـتی لەسەر ئاستی جیهان بەرێوە دەچێت ، بەڵام لە كوردستان و بگرە لە عێراقیش وەكو پێویست ئاوەڕ لەم یارییە نەدراوەتەوە، زیاتر هەوڵەكان تاكە كەسین بۆ بەرەووپێش بردنی ئەم یارییە، یانەی ئەسپسواری هەولێری نێودەوڵەتی لە هەولێری پایتەخت ماوەیەكی زۆر گرنگی بە یارییەكانی ئەسپسواری دەدەن و چەندین یاریزان و ڕاهێنەری بە ئەزموون لەم یانەیە كار دەكەن بۆ ئەوەی لە داهاتوودا ئەم یانەیە بكەنە نموونەیەكی بەرزی یاری ئەسپسواری لە سەر ئاستی پارێزگای هەولێر و كوردستان و عێراقیش، یەكێك لە یاریزانە بەتواناكانی یانەكەش یاریزان دلشاد ئەحمەد-ە ئەو یاریزانی یانەی هەولێری نێودەوڵەتی بۆ ئەسپ سواری ناوبراو لە دایك شاری دهۆكە وقوتابی پەیمانگای پەروەردەی وەرزشییە، ئێمەش لە نزیكەوە چەند پرسیاریكمان لێ كرد ئەوەیش بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەكانی گۆڤاری گوڵانی دایەوە.
*بۆچی یاری ئەسپ سواریت هەڵبژارد؟
-چونكە یارییەكی شاهانە و ئۆڵۆمپییە لە بواری جەستەیی و مێشكدا وەكو خۆشم سوودی زۆری لێی وەردەگرم.
* لە كوردستان ئاستی یاری ئاسپ سواری لە چ ئاستێكدا دەیبینی؟
-بێگومان ئەم یارییە لە هەموو جیهان گرنگی زۆری پێ دەدرێت، لە كوردستانیش تا ڕادەیەك ئاستی بەرەوپێشچووە.
*بۆچی لە كوردستان وەكو پێویست گرنگی بەم یارییە جیهانییە نادرێت؟
- هۆكارەكەی بۆ ئەوە دەگەرێتەوە ئەم یارییە پێداویستی ماددی زۆری پێویستە، بۆیە هەموو یاریزانێك ناتوانێ بێتە ناو ئەم یارییە.
*هەست ناكەی یارییەكەی قورست هەڵبژاردوە؟
-بێگومان باش دەزانم یارییەكی زەحمەتە، بەڵام من هیوایەكی زۆرم بۆ ئەم یارییە هەیە.
*پێت باشە چی بكرێت بۆ ئەوەی ئەم یارییە بچێتە قۆناغێكی تازەوە؟
- سیستەمێكی نێودەوڵەتی بێتە دانان، هەبوونی یاریگای ئەسپ سواری تایبەت و هەبوونی پشتگیری ماددی بۆ یاریزانان.
*كێشەو گرفتان چیە لەم یارییە؟
-پێكان بۆ هەردوو لایان دروست دەبێت، جگە لە بەكارهێنانی هەلە لەلایەن یاریزانان یان ئەسپەكان كە هەردووكی هاوبەشە.
*بڕیارت نەداوە ڕوو لە بواری ڕاهێنەری بكەی؟
-تاكو ئێستا نەخێر، بەڵام وەكو یاریزانێك هەوڵدەدەم كۆرسی نێودەوڵەتی وەربگرم لە بواری ڕاهێنانی ئەسپدا.
*هیواو ئاوات لە یاری ئەسپ سواریدا چیە؟
-بەهیوای ئەوەم بە ئالای پێرۆزی كوردستان بەشداری ئۆڵۆمپیادی جیهانی بكەم.
*بەرنامەی داهاتووت چیە وەكو یاریزانێكی ئەسپسواری؟
-خۆ ئمادەكردن بۆ ژمارەیەك پاڵەوانێتی جۆراوجۆر بۆ ئەوەی بتوانم ئەنجامی شایستە بەدەست بهێنم.
*هیچ یانەیەك داوای یاری كردنی لێ نەكردووی؟
- بەڵێ گرێبەستم هەبووی لە ووڵاتی توركیا لە ئەستانبۆل داوای یاری كردنم لێكراوە.
* بڕیارت نەداوە تیپێك بۆ شاری دهۆك دروست بكەی؟
-هیوای من ئەوەیە لە شاری دهۆك یانەیەك بێتە دروست كردن و وەكو خۆشم من هەوڵی زۆرم داوە بۆ ئەم مەبەستە.
* تۆ خەڵكی دهۆكی و لە یانەیەكی شاری هەولێر یاری دەكەی، چ هەستێكت هەیە؟
- یانەی نێودەوڵەتی ئەسپسواری هەولێر كە دروست كراوە لەسەر سیستەمێكی نێودەوڵەتی من وەكو یاریزان خزمەتی ئەو یانەیە دەكەم سوپاسیان دەكەم كە من قوتابی ئەو یانەیەم و ئەوان ئاستی منیان گەیاندە ئەو ڕۆژە.
*ئەگەر شتێكت ماوە لە كۆتایدا؟
-زۆرسوپاس بۆ گۆڤاری گوڵان بۆ ئەو هەموو خزمەتەی بە وەرزشە جۆراوجۆرەكان دەدات لە كوردستان.
