یاریزانى كچ زۆر باوەڕی بەخۆی هەیە
ناڤین سەعید یاریزانی فوتساڵی زاخۆ
یاریزانى كچ زۆر باوەڕی بەخۆی هەیە
شاروشارۆچكەكانی كوردستان خاوەنی چەندین یاریزانی بەتوانان لە یارییە جۆراوجۆرەكان، یاری فوتساڵ یەكێك لەم یارییانەی كە ساڵانە لەلایەن یەكێتی تۆپی پێی كوردستان خوڵ و پاڵەوانێتی لەسەر ئاستی كوردستان بۆ دەكرێتەوە، بەشێك لە یانەكانی كوردستانیش بە هۆی هەبوونی یاریزانی بەتوانا بەشداری هەردوو خولی عێراقی وكوردستان دەكەن لە یارییەكاین تۆپی پێی كچان، یانەی زاخۆ ئەمساڵ بەتیپێكی بەهێز بەشداری خولی فوتساڵی نایابی یانەكانی كوردستانی كردوە و یانەكەش خاوەنی چەندین كچە یاریزانانی بەتوانایە یەكێك لە كچە بەتواناكانی یانەكە كە كچە كوردێكی ئێزیدی یانەكەیە ئەویش ناڤین سەعید قاسم-ە ، كە خاوەنی چەندین ئەنجامی باشە ، ناوبراو لەدایك بووی ساڵی 2002 و ئێستاش یاریزانی فوتساڵی یانەی زاخۆیە پێشووتریش یاری بۆ یانەكانی دهۆك و زەورا ئەنجامداوە، گۆڤاری گوڵان لە نزیكەوە چەند پرسیارێكی ئاراستەكرد، ئەویش وەڵامی پرسیارەكانی گوڵانی دایەوە.
*ئاستی یاری تۆپی فوتساڵ چۆن دەبینی ؟
- ئاستی یاری فوتساڵ زۆر باشترە لە چاو یاریگای گەورە لە عێراق و كوردستان و پاشە ڕۆژێكی باشی هەیە.
*نەبوونی خول و پاڵەوانێتیەكان تا چەند كاریگەری لە سەر ئاستی یاریزانان دەبێت؟
- بێگومان نەكردنەوەی خول و پاڵەوانێتی بە بەردەوامی كاریگەری لە سەر ئاستی یاریزانان دەبێت و سارد بوونەوەیان لێ بەدی دەكرێت.
*چی بكرێت باشە بۆ ئەوەی ئاستی ئەم یارییە لە كوردستان بچێتە قۆناغێكی باشتر بە تایبەتی لە ئاستی كچان؟
- خولی زیاتر بكرێتەوە نەك تەنیا دوو خول یان سێ یاخود كردنەوەی خول هەمووی بە یەك هەفتەیە بەرێوە بچێت ئەوە سودی نابێت، نەمانی بڕیاری یەك یاریزانی 18ساڵی كە ئەوان بۆ خۆیان خولی تایبەتیان هەیە.
*گرفتی ئەم یارییە لە چی دەبینی؟
- ئێمە وەكو یانەی زاخۆ هیچ گرفتێكی وامان نییە سوپاس بۆ كارگێڕیی تیپەكە، بەڵام بەشێك لە یانەكان گرفتی جۆراوجۆریان هەیە.
* یانەكان گرێبەستیان پێشكەش نەكردووی بۆ یاری كردن لە ریزی یانەكانیان؟
-بەڵێ لە یانەكانی زەورا و دهۆك و زاخۆش گرێبەستم هەبووە لە یاریگای 11 یاریزانی.
*لەگەڵ ئەوەی یانەكان پشت بە ڕاهێنەر و یاریزانی بیانی ببەستن؟
- زۆر زەحمەت نییە ئەم كارە، تەنیا بۆ عێراق و كوردستان زەحمەتە، چونكە ئەم كارە گرنگیدانە بە یاری فوتساڵ بۆ ئەوەی ئەزموونی ئەوانیش بهێنینە ئێرە.
* بەنیازی چی بۆ داهاتووی خۆت وەكو كچە یاریزانێك؟
- هەوڵ دەدەم ئاستی خۆم زیاتر پێش ببەم و بتوانم ئەنجامی شایستە بەدەست بهێنم و هیواداریشم ئەو واستەیە نەمێنێ لەناو وەرزش كە مافی یاریزانی تر دەخوات.
*داواكاری و پێش نیارت بۆ لایەنی بەرپرسی وەرزشی؟
- بەهیوای ئەوەم زیاتر پشتگیری وەرزش و یاریزانان بكەن لە سەرجەم شارەكانی كوردستان و خول و پاڵەوانێتی زیاتر بكەنەوە بۆ ئەوەی ئاستی ئەم یارییە زیاتر پێشبكەوێت.
*خەونی وەرزشین چیە وەكو ڕاهێنەر ؟
-هەمیشە خەونی من ئەوە بووە كە یاری بۆ هەردوو هەڵبژاردەی كوردستان و عێراق بكەم لە داهاتوو.
*بەهیوای ئەوەیت هەڵبژاردەی كوردستان دابمەزرێ و تۆش یەكێك لە یاریزانەكانی بیت؟
-بە پشتیوانی خودای گەورە من باوەڕی تەواوم بەخۆم هەیە ڕۆژێك ئەم هەڵبژاردەیە دروست بكرێ و منیش یاریزانی تیپەكە بم.
*لە دوو خول بەشداربووی، ئایا خولی عێراقی یان كوردستان بەهێزترە؟
- خولی عێراقی بەهێزترە.
*بەچ یاریزانێكی جیهانی سەرسامیت ؟
- لە ئاستی كچان بە مارتا سەرسامم لە كوڕانیش بە ڕۆنالدۆ و میسی و ڕامۆس و مارسیلۆ.
* لە هەڵبژاردەی عێراقی داوا كراوی؟
-من تا ئێستا یاریم بۆ هەڵبژاردەی عێراق نەكردوە هەندێك جار خۆم كشاومەتەوە لە بەر خوێندن كە ئەو بۆتە رێگر لە بەردەمم و هەندێك جاریش واستە دەبنە ڕێگر بۆ چوونم بۆ هەڵبژاردەكە.
* یاری فوتساڵ چ قۆناغێكی تیپَەڕاندوە لە دەڤەرەكەی ئێوە؟
-قۆناغی باشی تێپەڕاندوە و زیاتر پشتگیری یاریزانان بكەن، چونكە یاریزان زۆر باوەڕی بەخۆی هەیە، ئەگەر یاریزان بڕوای بەخۆی هەبێت ئەنجامێك چاوەڕوانی دەكات.
*سەركەوتن چ هەستێكت پێ دەبەخشێ؟
- دوای ماندوو بوونی زۆر سەركەوتن هەستێكی زۆر خۆشە بە تایبەت بۆ من وەكو كچێكی ئێزیدی لە ناو ئەو بارودۆخەدا.
*ئەگەرلە كۆتایدا شتێكت ماوە ؟
- دەست خۆشی بۆ گۆڤاری گوڵان كە خزمەتێكی زۆری وەرزشیی كوردستانی دەكات.
