مزگەوتی شێخی چۆلی هەولێر و مزگەوتی گەورەی سلێمانی
مزگەوتی شێخی چۆلی لە ساڵی ١٨٨٣ لەلایەن شێخ محەممەدی چۆلی و خەلیفە و موریدەكانییەوە، لە قووڕ و كەرچووچ دروست كراوە، دواتر لە ساڵی ١٩٧٤ بە شێوەیەكی باشتر و جوانتر نۆژەن كراوەتەوە تا سیمایەكی شارستانیی جوان و قەشەنگی پێوە دیار بێت. ئەم مزگەوتە ماوەی زیاتر لە ١٣٩ ساڵە دروست كراوە و ماوەی ١٢٠ ساڵیشە لەو مزگەوتە میوان و كەمدەرامەت و ئەو كەسانەی نوێژ لە مزگەوتەكە دەكەن، خواردنیان بۆ ئامادە دەكرێت، ڕۆژانە لەم مزگەوتەدا خواردن بۆ نزیكەی ٥٠٠ كەس ئامادە دەكرێت بەبێ جیاوازیی ئایینی و نەتەوەیی، تێچوی خواردنەكەش لەلایەن كەسانی خێرخوازەوە دابین دەكرێت. لە مزگەوتی شێخی چۆلی حەوت ژن و پێنج پیاو ڕۆژانە سەرقاڵی ئامادەكردنی خواردنن بۆ ئەو كەسانەی ڕوو لەو مزگەوتە دەكەن، و ڕۆژانە حەوت سەر ئاژەڵ و زیاتر لە ١٢٠ كیلۆ برنج بۆ یەك ژەمی خواردن بەكار دەهێنرێت.
مزگەوتی گەورەی سلێمانی
ئیبراهیم پاشای بابان دروستكەری مزگەوتی گەورەی سلێمانی بووە كە هاوكات دروستكەری شاری سلێمانی بووە، ئەم مزگەوتە گەورەترین و بەناوبانگترین مزگەوتی سلێمانی بووە، یەكەم مامۆستای ئەم مزگەوتە شێخ مارفی نۆدێ بووە، پاش كاك ئەحمەدی شێخ سەید غەوسە و شێخ محێدینی سەید غەوسە خەتیب بوو، لە زەمانی كاك ئەحمەددا حاجی مەلا عەزیزی دێلێژە كراوە بە واعیز، لە سەردەمی شێخ مەحمودی نەمردا شوێنی كڵپەسەندنی جۆشی نیشتمانپەروەری بووە، تەرمی كاك ئەحمەدی شێخ و شێخ مەحمودی نەمر لەوێ نێژراون. مزگەوتی گەورە یەكەم مزگەوت بووە كە نوێژی هەینیی تێدا كراوە و گۆڕی پاشاكانی بابانیش لەوێیە. یەكەم منارە لە سلێمانی لەم مزگەوتەدا بە بڕیاری سوڵتانی عوسمانی «سوڵتان عەبدولحەمید» دروست كراوە.
