گەردەلوول لە ئەمریکا دەیان کەس دەکوژێت
سەرچاوەکانی ڕاگەیاندن هەواڵی ڕوودانی گەردەلوولێک لە ئەمەریکا بڵاودەکەنەوە و دەڵێن: دەیان کەس لەو ڕووداوەدا گیانیان لەدەستداوە.
بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، دوای ئەوەی گەردەلوولێکی کوشندە چەند ویلایەتێکی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئەمریکای گرتەوە و بەهۆیەوە ٣٤ کەس گیانیان لەدەستداوە.
ئەم گەردەلوولە ماڵەکانی لە ڕێگای خۆیدا وێران کردووە و ئۆتۆمبێلەکانی وەرگەڕاندووە. دەوترێت تەنها لە ویلایەتی میزۆری دوانزە کەس گیانیان لەدەستداوە.
لە ویلایەتی کانزاس بەهۆی زریانێکی خۆڵبارین لەسەر ڕێگایەک، ٨ کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە ٥٥ ئۆتۆمبێلیش پێکدادانیان کردووە.
لە پێنج ویلایەتی ئەمریکادا کارەبای زیاتر لە ١٧٠ هەزار باڵەخانە پچڕاوە، لەنێویاندا میشیگان و میزۆری.
پێشبینی دەکرێت بارودۆخی کەشوهەوای سەخت بگاتە ویلایەتی دیکە، هۆشدارییەکان بۆ ڕۆژهەڵاتی لویزیانا، ڕۆژئاوای جۆرجیا، ناوەڕاستی تێنسی و ڕۆژئاوای فلۆریدا لە ئارادایە.
هەروەها هۆشداری لافاوێکی خێرا بۆ ناوەڕاستی میسی سیپی، ڕۆژهەڵاتی لویزیانا، ڕۆژئاوای تێنسی و بەشێک لە ویلایەتی ئالاباما و ئارکانساس دەرچووە.
کەشناسی نیشتمانی ڕایگەیاندووە کە ئەم لافاوانە دەتوانن کوشندە بن. لە هەمان کاتدا، شەوی شەممە هۆشداری گەردەلول لە ئالاباما بڵاوکرایەوە.
دەزگای کەشناسیی نیشتمانیی ئەمەریکا ڕایگەیاند، گەردەلوولێکی توند و توندوتیژ بە ڕێڕەوی درێژەوە بەناو ئەو ناوچانەدا دەسوڕێنەوە و بارودۆخەکە مەترسیدارە.
سەنتەرەکە داوای لە دانیشتوانی ئەو ناوچانە کرد، کە بۆ بەهێزترین باڵەخانە پارێزراوەکانی نزیکیان پەنا ببەن و تا ئەو کاتەی زریانەکە تێدەپەڕێت لە پەناگەکانیان بمێننەوە.
دەزگای بەڕێوەبردنی فریاگوزاری میزوری ڕایگەیاند، کە بەپێی ڕاپۆرتە سەرەتاییەکان، 19 گەردەلول 25 ناوچەی ویلایەتەکەی گرتووەتەوە.
لە ویلایەتی ئارکانساس، پارێزگاری ویلایەت سارا هاکابی ساندەرز، باری نائاسایی ڕاگەیاند. گوتی، لەو ویلایەتەدا سێ کەس کوژراون و ٢٩ کەسیش بریندار بوون. هەروەها پارێزگاری جۆرجیا باری نائاسایی ڕاگەیاندووە.
پارێزگاری ئۆکلاهۆما، گیان لەدەستدانی کەسێکی لە ویلایەتی ئۆکلاهۆمای پشتڕاستکردەوە.
هەروەها شەوی هەینی، زریانێکی تۆزاوی لە ویلایەتی تەکساس بووە هۆی ڕووداوی ٣٨ ئۆتۆمبێل لەسەر ڕێگایەک.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی سی بی ئێس، زریانی وێرانکەر لە چەند ویلایەتێکی ناوەڕاستی ئەمریکاش زیاتر لە 100 ئاگرکەوتنەوەی لێکەوتووەتەوە.
لە ئۆکلاهۆما، یەکێک لەو ئاگرانە 27,500 دۆنم زەوی سووتاندووە و تا ئێستاش کۆنتڕۆڵ نەکراوە.
هەروەها لە ساڵی ڕابردوودا ٥٤ کەس لە ئەمریکا بەهۆی ڕووداوەکانی پەیوەست بە گەردەلوولەوە گیانیان لەدەستداوە.
گوڵان: سەردار خەلیل
