چین هۆشداری دەداتە ئەمەریکا کە بەرامبەر هەر هەنگاوێک دەوەستێتەوە
لە بەرامبەر سەپاندنی باجی گومرگی بە رێژەی 20٪ لەسەر کاڵا بازرگانییەکانی چین، باڵیۆزخانەی چین لە واشنتۆن هۆشداریی داوەتە ترەمپ کە وڵاتەکەی تا کۆتایی دەستبەجێ و بە توندی دژی هەر جەنگێک دەوەستێتەوە کە لەلایەن ئەمەریکاوە دەستپێبکات.
باڵیۆزخانەکە ئەوەشی خستەڕوو کە چین بەنیازە دەستبەجێ و بە توندی دژی هەر ڕێوشوێنێکی دژ بە چین بوەستێتەوە لەلایەن ئیدارەی نوێی ئەمەریکا.
باڵیۆزخانەی چین لە واشنتۆن جەختی لەوە کردووەتەوە کە "ئەگەر شەڕ ئەوە بێت کە ئەمەریکا دەیەوێت؛ "شەڕی گومرگی، شەڕی بازرگانی یان هەر جۆرە شەڕێکی تر، ئێمە ئامادەین تا کۆتایی شەڕ بکەین".
ترەمپ لەدوای گەڕانەوەی بۆ کۆشکی سپی دووجار 10%ی باجی بەسەر کاڵا چینییەکاندا سەپاندووە.
لە ڕۆژی سێشەممەوە زۆربەی کاڵا بازرگانییەکان کە لە چینەوە هەناردە دەکرێن بۆ ئەمەریکا ڕووبەڕووی کۆی گشتی باج دەبنەوە کە ٢٠% دەبێت.
هەروەها چین باجی هاوردەکردنی لەسەر خۆراک و بەرهەمە کشتوکاڵییە جیاوازەکانی ئەمەریکا بە ڕێژەی لەسەدا ١٠ بۆ ١٥ زیادکرد وەک تۆڵەسەندنەوەیەک لە بەرامبەر باجی ئەمەریكا.
باڵیۆزخانەی چین هۆشداری دا کە دەبێت ئەمریکا بە یەکسانی مامەڵە لەگەڵ وڵاتەکەیدا بکات.
گوڵان: سەردار خەلیل
