محەمەد سابر مێكاپ ئارتیست: مەیكئەپ ئارتیستی فیلم دەبێت لێهاتوو و ئاست بەرز بێت

محەمەد سابر مێكاپ ئارتیست:  مەیكئەپ ئارتیستی فیلم  دەبێت لێهاتوو و ئاست بەرز بێت

محەمەد سابر مەیكەپ ئارتیستێكی بەتوانای شاری هەولێرە، تا ئێستا كاری بۆ چەندین فیلم و دراما و كلیپ كردووە. لە كاری كلیپی كوردی لە ساڵی 2016وە تا ئێستا كار بۆ هونەرمەندە ناودارەكانی عەرەب دەكات. كارەكانی وای كردووە ببێتە جێی داواكاریی زۆربەی دەرهێنەرانی دەوروبەر. بۆ ئەم مەبەستە گۆڤاری گوڵان چەند پرسیارێكی ئاراستە كرد:

 

• ماوەی كاركردنت تا ئێستا خاوەن چەند ڤیدیۆ كلیپیت، كە كارت بۆیان كردووە، هەروەها لە چەند دراما و فیلمدا كاری مەیكئەپت كردووە؟

- لە هەشت درامادا بە فەرمی كاری مەیكئەپم كردووە، لە چواردە كورتە فیلمدا بەشداریم كردووە و مەیكئەپم بۆیان كردووە، هەروەها كارم بۆ شەش فیلمی سینەمایی كردووە. جگە لەوانەش زیاتر لە 200 كلیپ كاری مەیكئەپم بۆیان كردووە، جگە لەوانەش كاری ڕیكلامی بازرگانیی زۆرم كردووە.

• بەحوكمی ئەوەی كارت بۆ چەند درامایەك كردووە وەك مەیكئەپ و وەك ئەكتەر، ئەگەر زانیاریت هەبێت، ئایا لە كاتی دابەشكردنی ڕۆڵدا ڕۆڵەكە دەدرێت بە كەسی شیاو، یان واسیتە و واستەكاری هەیە بۆ دابەشكردنی ڕۆڵ؟

- بێ گومان ئەوە هەیە، ڕۆڵ دابەشكردن بە واسیتە هەیە. ماوەیەك بەر لە ئێستا درامایەكی عەرەبی هەبوو، ئەو ئەكتەرەی دانرابوو بە ئەكتەری سەرەكیی دراماكە، نزیكەی 12 ڕۆژ من تێكستی مەیكئەپم بۆی كرد. لە نزیك كۆتاییەكان ئەكتەرەكەیان گۆڕی بۆ كەسێكی دیكە، لەبەر ئەوەی هاوڕێ بوو و چەند سپۆنسەرێكی هێنابوو بۆ دراماكە، بۆیە ئەویان دانا.

• مەیكئەپ لە ئێستادا لە چ ڕوویەكەوە پێشكەوتنی بەخۆیەوە بینیوە؟

- لە ئێستادا ئێمە مەیكئەپمان زۆرە، بەڵام مەیكئەپ كارمان كەمە. هەركەسێك هەڵدەستێت دەڵێت من مەیكاپ ئارتیستم، نەخێر وانییە. مەیكەپ ئارتیست هەر ئەوە نییە بچیت فڵچە و كۆندیشنەر و كرێمێك دەست بدەیتێ و بڵێیت مەیكئەپ ئارتیستم، چونكە لە دراما بێت، یان لە فیلمدا بێت، دەبێت بزانیت ڕۆڵەكان چۆنن و پێستی كەسەكە چۆنە. دەبێت دەور و سیناریۆكە ببینم، ئەو كات دەبێت وەك مەیكئەپ كاری لەسەر بكەم. نەفەر هەبووە زانیویەتی مەیكاپی كردووە 30 ڕۆژ بە نرخێك كاری كردووە كە من سی ساڵی دیكەش بەو نرخە ئەو كارە ناكەم، لەبەر ئەوەی زانیارییەكی تەواوی نییە. بێ ئیش و كارن، لەوانەیە 12 وەرەقە بۆ ئەو زۆر بێت لەبەرامبەر كارەكەی. كارێكی دیكە لەگەڵ خۆی ڕێك بخات، ئەوەش نییە بە پرۆفیشناڵی كار بكات.

• هەموو كەس شایەنی ئەوەیە پێیان بڵێیت مەیكاپ ئارتیست؟

- نەخێر، ئەوانەی لە ساڵۆنیش كار دەكەن هەموویان شایەنی ئەوە نین پێیان بڵێیت مەیكئەپ ئارتیست، بەڵام ئەوانەی ساڵۆن هەركامێكیان بێت لەمن باشترن، لەبەر ئەوەی من كاری ڕازاندنەوەی بووك ناكەم. من تەنیا كاری دراما و سینەما و كلیپ دەكەم، بۆ نموونە شێوەگۆڕین و پیركردن و گەنج كردن، لەوانەیە ئەوان هونەرەكەی من نەزانن.

• بۆچی لە كارێكی هونەریدا درەنگ مێكاپ ئارتیستێكی زۆر باش مان دەست دەكەوێت، كەچی مەیكئەپ ئارتیستمان زۆرە؟

- ئەو كەسەی مەیكئەپ ئارتیستێكی باشی دەوێت ئەوكەسە خۆی زۆر پرۆفیشناڵە. دەبێت بۆ كارێكی بەپێز نرخێكی باش بدات، چونكە كاركردن بە نرخی هەرزان ئەو كارەت پێ نادات كە دەرهێنەر یان ستافی فیلم دەیانەوێت.

• كۆتا فیلمت كە وەك  مەیكئەپ ئارتیست بەشداریت كردووە چ فیلمێك بووە؟

- بەشداریی فیلمێكی سینەماییم كردووە بەناوی زارێ، كە لە سلێمانی پەخش دەكرێت و  من مێكاپم بۆ كردووە، ئەو فیلمەش تەواو بووە.

Top