لە ئێستادا ئاستی یاری هێزی لەش لە ئاستێكی مام ناوەندە
سۆما عوسمان یاریزانی بەرزكردنەوەی قورسایی لە گەرمیان
لە ئێستادا ئاستی یاری هێزی لەش لە ئاستێكی مام ناوەندە
ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ئاستی یارییە جۆراوجۆرەكانی وەرزشی خواستی لە سەر زیاتر دەبێت لەلایەن ئافرەتانەوە، یارییەكانی هێزی لەش یەكێك لەو یارییانەی كە كچان بە رێژەیەكی بەرچاو ڕوو لەم یارییە دەكەن بۆ ئەوەی هەم حەز و خولیاكانیان بەجێ بهێنن، هەمیش ببنە خاوەن لەش ولارێكی رێك و خاوەن هێزێكی زۆر، جگە لەوەی یاری هێزی لەش كە یارییەكی زیاتر بەرزكردنەوەی قورساییە لە ئێستادا لە پەرەسەندن دایە و ئافرەتانیش بە شێوەیەكی بەرچاو ڕوو لە وەرزشەكە دەكەن، لە قەزای كەلاری سەر بە ئیدارەی سەربەخۆیی گەرمیانیش كۆمەلێك كچە یاریزان خولیای بەرزكردنەوەی قورسایی دەكەن و دەیانەوێ ڕكابەری سەرجەم تیپەكانی كوردستان بكەن، چەندین یاریزانی بەتواناش چاوەڕوانی پاشەڕۆژێكی باشیان لێ دەكرێت، یەكێك لەم كچە یاریزانانەش كە خاوەنی چەندین ئەنجامی باشە لە سەر ئاستی گەرمیان ئەویش سۆما عوسمان-ە ناوبراو لەدایك بووی ساڵی 2002ی كەلارە و ئێستا بۆ هیچ یانەیەك یاری ناكات، تەنیا وەكو یاریزان بۆ هۆڵ بەشداری پاڵەوانیەتیەكان دەكات پێشووتر یاریزانی یانەی رزگاری بووە، ئێمەش لە نزیكەوە چەند پرسیارێكمان لێكرد سەبارەت بەم وەرزشە، ئەویش وەڵامی سەرجەم پرسیارەكانی گۆڤاری گوڵانی دایەوە.
*چۆن بوو بڕیارت دا بێتە نێو دونیای هێزی لەش و هەڵگرتنی قورسایی؟
- تەنها حەزێكی هەبوو بۆ ئەم یارییە و بۆ تەندروستی خۆشم هەڵبژاردووە.
*هەست ناكەی وەرزشێكی قورست هەڵبژاردوە كە ئاسنە؟
- بێگومان نەخێر، چونكە من حەزم لێیەتی ئەگەر قورسیش بێت ئەم وەرزشیە ئەنجام دەدەم.
*بۆچی یاری هێزی لەش لە ئاستی پێویستدا نییە؟
-زیاتر بەوە ناسراوە كە وەرزشێكی قورسە، بۆیە زۆر ئاستی باش نییە.
*هەست ناكەی ئەم وەرزشە بە شێوەیەكی باش پێشوازی لێ نەكراوە بە تایبەت بۆ كچان؟
- بەڵێ بێگومان وایە ئافرەتانی ئەمڕۆ زیاتر ڕوو لە بەكارهێنانی حەپ و شتی تر دەكەن بۆ ڕێكی لەشیان و بێ ئاگان لە یاری هێزی لەش كە چەند باش و تەنردوستە بۆیان.
*ئاستی ئەم یارییە چۆن دەبینی لە كوردستان؟
- لە ئێستادا ئاستی یاری هێزی لەش لە ئاستێكی مام ناوەندە.
*چی بكرێت باشە بۆ هێنانە پێشەوەی ئافرەتی وەرزشكار بۆ نێو ئەم یارییە؟
- لە سەر كەسایەتی یاریزان دەوەستێ كە چۆن دەتوانی هانی خەڵكی تر بدات، بەڵام دەتوانێت لە رێگەی قسەی جوان و تەندروستەوە یاریزانی تر بهێنینە ناو یارییەكەوە تا لەو قەرباڵغیەی چوار دەوریان دووربكەونەوە.
*بەرنامەت چیە وەكو كچە یاریزانێك بۆ داهاتوو؟
- بەرنامەم بۆ داهاتوو ئەوەیە حەز دەكەم زیاتر لە كارەكەی خۆمدا شارەزا بم تا لەداهاتوودا ببم بە ڕاهێنەرێكی باش و بەهێز.
*بۆچی بۆ هیچ یانەیەك یاری ناكەی؟
-لە ئێستادا ئارەزووی ئەوە ناكەم یاری بۆ هیچ یانەیەك بگەم و بۆم نەگونجاوە، بەڵام پێشووتر یاریزانی یانەی ڕزگاری بووم.
*گرفتی ئەم وەرزشە لە چی دەبینی؟
- گرفتی ئەم یارییە دەگەرێنمەوە بۆ ئەوەی خەڵكی بەهەڵە لەم یارییە گەیشتووە.
*خەونی وەرزشیت چیە؟
- خەونی من ئەوەیە ببمە پاڵەوانێك لەم یارییە وەكو هەموو یاریزانانی تر.
*یانەكان گرێبەستیان پێشكەش نەكردووی؟
- تا ئێستا هیچ یانەیەك داوای گرێبەستی لێم نەكردووە.
*بڕیارت نەادوە بەشداری پاڵەوانێتیەكی نێودەوڵەتی بكەی؟
- پەنا بەخوای گەورە بەشداری دەكەم و چاوم لەوەیە بتوانیم ئەنجامێكی گەورە بەدەست بهێنم.
*هەوڵی گەیشتنت بە هەڵبژاردەی عێراق نەداوە؟
-بەڵێ هەوڵم بۆ داوە بە پشتیوانی خوای گەورە ئەم خەونم دەگەینمە جێ.
*ئەگەر شتێكت ماوە لە كۆتایدا؟
- سوپاس بۆ گۆڤاری گوڵان بۆ بەسەركردنەوەی یاریزانان لە سەرجەم شارەكانی كوردستان.
