د. زوزان عەبدولڕەحمان فارس پسپۆڕ لە نەخۆشییەكانی ئافرەتان و منداڵبوون و منداڵی بلووری: ئەو نەخۆشەی لە دەوامی بەیانیان فریای نەكەوین، لە دەوامی ئێواران بە پارەیەكی زۆر كەمتر لە نەخۆشخانەكانی كەرتی تایبەت نەشتەرگەریی بۆ ئەنجام دەدەین
د. زوزان عەبدولڕەحمان فارس، پسپۆڕ و تایبەتمەندە لە نەخۆشییەكانی ئافرەتان و منداڵبوون و منداڵی بلووری و نەزۆكی. پسپۆڕی و تایبەتمەندیی لە نەزۆكی و منداڵی بلووری (IVF) لە بەریتانیا وەرگرتووە و، پسپۆڕی و تایبەتمەندیی لە نەخۆشییەكانی ئافرەتان و منداڵبوونی لە میسر وەرگرتووە و، ئێستا بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ئافرەتان و لەدایكبوونی شاری دهۆكە. لە گفتوگۆی ئەمجارەی بازنەی گفتوگۆ «خزمەتگوزاریی تەندروستی لە نێوان كەرتی گشتی و تایبەتدا»، بەم جۆرە دید و تێڕوانینی خۆی سەبارەت بە خزمەتگوزاریی تەندروستی لە هەردوو كەرتی گشتی و تایبەتدا خستە ڕوو.
خزمەتگوزاریی تەندروستی، بەتایبەتی خزمەتگوزاریی حاڵەتەكانی فریاكەوتن بە شێوەیەكی گشتی، لەلایەن نەخۆشخانە حكوومییەكانی كەرتی گشتییەوە بۆ هاووڵاتیان دابین دەكرێن. ئەوجا ئەو حاڵەتە فریاكەوتنانە ڕووداوەكانی «هاتوچۆ، تەقەكردن، سووتان و.. هتد»، هەروەها ئەوانەش كە پەیوەندیدارن بە باری خراپ و تەنگاویی ئافرەتان و منداڵبوون، هەموویان لە نەخۆشخانەكانی كەرتی گشتی خزمەتگوزاریی تەندروستییان پێشكەش دەكرێت.
خزمەتگوزارییەكی دیكەی گرنگی تەندروستی» بەرنامەی نیشتمانیی ڤاكسین»دانە و هەمووی لە كەرتی گشتی پێشكەش دەكرێن .
لەلایەكی دیكە لە نەخۆشخانە حكوومییەكاندا «كلینكی ڕاوێژكاریی ئێواران» هەیە، كە نۆژداری تایبەتمەندی لێیە و، هەروەها تاقیگەی پشكنین و سۆنار و تیشك و دەرمانخانە هەیە و نرخەكەی بەراورد بە كەرتی تایبەت نزیكەی 70% كەمترە.
سەبارەت بە ئەنجامدانی نەشتەرگەرییش، ئەوەی لە دەوامی بەیانیاندا فریای بكەوین، نەشتەرگەریی بۆ ئەنجام دەدەین، ئەگەر نەخۆشێك حاڵەتی خراپ بێت و تەنگاو بێت، ئەوا پێشی دەخەین و نەشتەرگەرییەكەی لە كاتی خۆیدا بۆ دەكەین. ئەوەشی فریای نەكەوین، لە دەوامی ئێواران بە پارەیەكی زۆر كەمتر لە نەخۆشخانەكانی كەرتی تایبەت، نەشتەرگەریی بۆ ئەنجام دەدەین.
هەندێك نەخۆشی دیكە هەن پێویستییان بە نەشتەرگەری هەیە، بەڵام ئەگەر نەشتەرگەرییەكەیان دواش بكەوێت، كاریگەریی نابێت، بۆیە كاتیان بۆ دیاری دەكەین و لەو كاتەی بۆیان دیاری دەكەین، نەشتەرگەرییان لە نەخۆشخانە حكوومییەكاندا بۆ ئەنجام دەدەین. هەندێك كەس دێن نەخۆش نین، بەڵام دەیانەوێت بۆ جوانكاری نەشتەرگەری ئەنجام بدەن، ئەمەیان لە سیستمێكی كەرتی تەندروستیی گشتیی هیچ وڵاتێكدا نییە كە نەشتەرگەری بۆ جوانكاری ئەنجام بدرێت.
سەبارەت بەو خزمەتگوزارییانەی لە نەخۆشخانەكانی كەرتی تایبەت پێشكەش دەكرێن، نرخی نەشتەرگەری لە كەرتی تایبەت هێندە گران نییە، بەڵام لەوانەیە باری ئابووریی خەڵك هاریكار نەبێت، بۆ نموونە ئەنجامدانی نەشتەرگەریی «هەڵگرتنی ڕەحم – رفع الرحم» لە كوردستان نرخی نزیكەی 1000 دۆلارە، بەڵام لە توركیا 5000 دۆلارە، نموونەیەكی دیكە منداڵی بلووری لە كوردستان لە كەرتی گشتی 5000 دۆلارە، بەڵام لە دەرەوەی كوردستان 150000 دۆلارە.
سەبارەت بە دەرمان، لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا كاری زۆر باش لەسەر ڕیفۆرم لە ڕێگەی بەڕێوەبەرایەتیی كۆنتڕۆڵكردنی هێنان و دروستكردنی دەرمان و ئامێر و پێداویستیی پزیشكی لە كوردستان «KMCA» كراوە.
هەندێك دەرمان كە نرخی گرانە، ئەمە تەنیا تایبەت نییە بە وڵاتی ئێمە. لە بەریتانیا ئەمەیان بە سیستمی «VPAS-UK» دەكەن، كە بەپێی ئەم سیستمە وەزارەتی تەندروستی و دەستەی خزمەتگوزاریی تەندروستیی نیشتمانیی بەریتانی، لەگەڵ دەستەی پیشەسازیی دەرمان ڕێككەوتنێك دەكەن، بۆ ئەوەی بە شێوەیەكی خێرا و بە نرخێكی گونجاو دەرمان بگاتە دەستی هاووڵاتیان. بۆیە دەبێت ئێمەش لە هەرێمی كوردستان هەوڵ بدەین لە ڕێگەی سیستمێكی هاوشێوەی بەریتانیاوە، نەك تەنیا كێشەی گرانیی هەندێك دەرمان چارەسەر بكەین، بۆ ئەوەی بە نرخێكی هەرزان بگاتە دەستی هاووڵاتیان، بەڵكو دەتوانین هەر بە سیستم پشكنینەكانی «تیشك، لابۆرەكان» بە ڕێگەی سیستمەكە (GetDescribe) چاودێریی هەبێت و هەر كەسێك بە شێوازێكی ڕێكوپێك كاری خۆی بكات. ئەمەش لەبەر ئەوەیە ئامانجی ئێمە تەنیا ئەوە نییە بە تەنیا خزمەتگوزاریی باش بگاتە هاووڵاتیان، بەڵكو ئامانجمان ئەوەیە خزمەتگوزاریی زۆر باش بە خێرایی بگاتە هاووڵاتیان و تێچووەكەشی لەسەر حكومەت كەمتر بێت. دەبێت هەوڵەكان بۆ گەیشتن بەم ئاكامە و ڕێكخستنی كۆی بوارەكان بە سیستم بەردەوام بێت.
