خەونم ئەوەیە بەژداری پاڵەوانێتیەكی نێودەوڵەتی بكەم

خەونم ئەوەیە بەژداری پاڵەوانێتیەكی نێودەوڵەتی بكەم

شاجوان بەهرۆز یاریزانی مەلەوانی

خەونم ئەوەیە بەژداری پاڵەوانێتیەكی نێودەوڵەتی بكەم
یاری مەلەوانی یەكێك لەو یارییە وەرزشییانەی كە وەرزی هاوینان بەهۆی بەرز بوونەوەی پلەكانی گەرما خواستی زۆری لە سەرە، لە ئێستادا چەندین یاریزانی ئاست بەرز ڕوویان لەم یارییە كردوە بۆ ئەوەی بتوانن ئەنجامی گەورە لە سەر ئاستی عێراق و دەرەوەش بەدەست بهێنن، پارێزگای سلێمانی هەمووكات بەوە ناوی دەكردوە لە یارییە تاكییەكان پێشەنگ بووە لە دروست كردنی چەندین یاریزانی بەتوانا لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان و بگرە لە عێراقیش، یانەی سلێمانیش یەكێكە لەم یانانەی كە بەردەوام هەوڵی پێگەیاندنی یاریزانانی ئاستەكانی تەمەنی داوە بۆ شارەكە، یەكێك لە یاریزانە بەتواناكانی یانەكەش شاجوان بەهرۆز-ە ئەو لە منداڵیەوە شەیدای یاری مەلەوانییە ئەنجامی دڵخۆشكەر بووە ، جگە لەم یارییە لە یارییە سیانییەكانیش پاڵەوانی ڕۆژئاوایی ئاسیایە، ناوبراو لە دایك بووی ساڵی 2002ی شاری سلێمانیە، یاری بۆ یانەی سلێمانی و هەڵبژاردەی عێراق كردوە، ئێمەش لە نزیكەوە چەند پرسیاریكمان لێ‌ كرد ئەوەیش بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەكانی گۆڤاری گوڵانی دایەوە.
*ئاستی یارییە مەلەوانی چۆن دەبینی ؟
- یاری مەلووانی لە ئاستێكی باش دەبینم، بەڵام هیوادارم گرنگی بدرێ بە یارییەكە و یاریزانانی مەلەوانی لە شارەكانی كوردستان بۆ ئەوەی ئەم یارییە بچێتە قۆناغێكی باشتر.
*ئەنجامدانی پاڵەوانێتی كەم تا چەند دەبێتە هۆكار بۆ ئەوەی ئاستی ئەم یارییە بەرەووپێشچوون بەخۆیەوە نەبینێ؟
- ئەنجامدانی پاڵەوانێتی وا لە یاریزانان دەكات بزانێت ئاستی یاریزان چۆنە و وا دەكات یاریزان زیاتر گرنگی بە بەرەوپێشچوونی خۆی بدات، ئەگەر پاڵەوانێتی نەبێت بێگومان ئاستی یاریزان دادەبەزی.
*پێت باشە چی بكرێت، بۆبەرەووپێشبردنی ئاستی ئەم یارییە بۆ كچان بۆ ئەوەی بگاتە ئاستێكی بەرز؟
-وەكو یاریزانێك پێم باشە گرنگی بە یاریزانە كچەكان بدرێ لە بەرئەوەی هەموو كەس ناتوانێ‌ ببێ بە یاریزانی مەلەوانی بە تایبەت بۆ ئاستی كچان، هەروەها كردنەوەی خول و پاڵەوانێتی زیاتر بۆ یاریزانانی یانەكان.
* گرفتی یاری مەلەوانی لە چی دەبینی؟
-نەبوونی مەلەوانگەی پێویست بۆ مەشق كردنی بە كۆمەڵی یاریزانان، هەروەها مەلەوانگەیەك تایبەت بە یاریزانانی كچ هەبێت.
* گرێبەستی یاری كردنت بۆ هاتووە لە یانەكانی تر؟
- یاری مەلەوانی بە هۆی ئەوەی هەموو یانەیەك یاریزانی مەلەوانی نییە، ژمارەی یانەكانی مەلەوانیش كەمن بۆیە نەخێر بۆم نەهاتووە.
* بەنیازی چی بۆ داهاتووی خۆت وەكو كچە یاریزانێك؟
- بەشداری كردن لە پاڵەوانیەتیەكی نێودەوڵەتی وەكو كچە یاریزانێكی كورد.
* لەگەڵ ئەوەی یانەكانی كوردستان پشت بە ڕاهێنەر و یاریزانی بیانی ببەستن بۆ ئەم یارییە، وەكو یارییەكانی تر كە ئێستا لە كوردستان بۆتە دیاردە لە هێنانی یاریزانی بیانی؟
- نەخێر لەگەڵ ئەوەدا نیم ئەگەر گرنگی بە یاریزانانی خۆمان بدرێ لە یاریزانانی بیانی زۆر باشترین و دەتوانین ئەنجامی گەورە بەدەست بهێنین.
‎ *هۆكاری چییە یاریزانانی كچ بە كەمی ڕوو لەم یارییە دەكەن؟
- لە بەر ئەوەی خانمان بە گشتی تەنها حەز دەكەن یاری مەلەوانی فێر ببن، نەك ببن بە یاریزان، چونكە یاری مەلەوانی یەكێكە لە وەرزشیە قورسەكان.
*داواكاری و پێشنیارت بۆ لایەنی بەرپرسی وەرزشیی لە كوردستان بۆ ئەم یارییە؟
- هیوادارم هاوكاری یاریزانان بن بۆ پێشكەش كردنی ئاستێكی باش لە پاڵەوانێتی نێودەوڵەتی.
*خەونی تۆ چیە وەكو كچە یاریزانێك؟
-خەونم ئەوەیە بەژداری پاڵەوانێتیەكی نێودەوڵەتی بكەم و پلەی یەكەم بەدەست بهێنم، وەك ئەوەی ئێستا چۆن یەكەمی ڕۆژئاوایی ئاسیام لە یارییە سیانییەكان بەهەمان شێوە لە مەلەوانیش یەكەم بم.
‎*مەلەوانی ترسناك نییە بۆ ئاستی كچان؟
-نەخێر كچانیش وەكو كوڕان ئازاو بوێرن و پاڵەوانی باشمان تێدا دروست دەبێ ئەگەر پشتگیری بكرێن.
*بەهیوای ئەوە نیت هەڵبژاردەی مەلەوانی كچانی كوردستان دابمەزرێ تۆش یەكێك لە یاریزانەكانی بیت؟
- ئەوە هیوای هەموو یاریزانێكی كوردە.
* لە هەڵبژاردەی عێراقی دژایەتیت ناكرێ وەكو كچە كوردێك؟
- نەخێر هیچ كات دووچاری ئەم بارودۆخە نەبوویمە.
* بە چ یاریزانێكی جیهانی سەرسامیت لەم یارییە؟
- Mickl flips.
*ئەگەر شتێكت ماوە لە كۆتاییدا؟
-زۆر سوپاس بۆ گۆڤاری گوڵان، سوپاسی تایبەتی باوكم و مامۆستا گۆڕان دەكەم، چونكە تاكە هۆكاری سەركەوتنی منن.

 

Top