یاسای لەباربردنی كۆرپەلە

یاسای  لەباربردنی كۆرپەلە

لەباربردنی كۆرپەلە (جنین) بەگوێرەی (یاسای سزاكانی عێڕاقی) تاوانە، وەك لە مادە (٤١٧)ی یاساكەدا هاتووە:

١- هەر ئافرەتێك بە ڕێیەك منداڵی لەبارخۆی بردبێت، یان وای كردبێت كەسی دیكە بە ڕەزامەندیی ئەو كارە بكات، ئەوا بە بەندكردن سزا دەدرێت كە ماوەكەی لە ساڵێك زیاتر نەبێت و بە پێبژاردن كە لە (٢٢٥٠٠٠) دینار زیاتر نەبێت، یان بە یەكێك لەم دووانە سزا دەدرێت.

2- هەمان سزا دەدرێت ئەو كەسەی بە مەبەست و بە ڕەزامەندی كاری لەباربردنی بۆ كردووە، ئەگەریش لەباربردنەكە یان ئەو ئامرازەی لەم كارە بەكار هێنراوە بووە هۆی مردنی دایكی كۆرپەلە، ئەوا بەركاری تاوان هەژمار دەكرێت، هەرچەندە لەباربردنەكە تەواو نەبووبێت، سزاكەی زیندانیكردنە، كە ماوەكەی لە (٧) ساڵ زیاتر نەبێت.

3- ئەگەر تاوانكار پزیشك یان دەرمانساز یان كیمیاگەر یان مامان یان یاریدەدەری یەكێك لەمانە بوو، ئەوا سزاكە بە بارودۆخی توندكەری سزا دادەنرێت.

٤- ئەگەر ئافرەت خۆی لەباری ببات بۆ خۆلادان لە ئابڕوچوون و، ئەگەر بە داوێنپیسی سكپڕ بووبێت، ئەوا سزاكە بە بارودۆخی سوككەری قەزائی دادەنرێت، هەروەها هەمان شت لەم حاڵەتەدا لەبارەی ئەوەی لەباربردنی بۆ دەكات لە خزمانی ئافرەتەكە تاوەكو كەسی پلە دوو.

Top