خاڵی سپیی سەر نینۆك

خاڵی سپیی سەر نینۆك

دەركەوتنی خاڵ یان پنتی سپی لەسەر نینۆكەكاند Leukonychia حاڵەتێكی باوە، زۆر بە كەمی بە بۆماوەیی لەگەڵ لەدایكبووندا بەدی دەكرێت. هۆكارەكان: هەوكردن بە كەڕوو، مامەڵەی زیاد لەگەڵ نینۆكەكاندا (مانیكیور Manicure) كە فشار بخاتە سەر بناغەی نینۆك یان زیاد بەكارهێنانی كۆسەرەی كارەبایی نینۆك، كەمیی كانزاكان بەتایبەتیش كەمیی كانزای زینك و كالسیۆم لە لەشدا، هەستەوەری بەرانبەر بە هەر ماددەیەك كە بە مەبەستی جیاواز بۆ نینۆكەكان بەكار دەهێنرێت، زیانی لابەلای بەكارهێنانی هەندێك دەرمان، وەكو دەرمانەكانی كۆنترۆڵكردنی پەستانی بەرزی خوێن، زەبر كە بگاتە بناغەی نینۆك، ئەكزیما، نەخۆشیی سەدەف Psoriasis، نەخۆشیی دڵ، پەككەوتنی گورچیلە، مۆمبوونی جگەر، زیادبوونی چالاكیی گلاندی دەرەقی، هەوكردنی شانەی سییەكان، كۆڤید-19، هەروەها ژاراویبوون بە كانزا قورسەكانی وەكو جیوە، قورقوشم، یان تالیۆم. ڕێگەكانی خۆپاراستن: دووركەوتنەوە لە بەركەوتنی نینۆكەكان بە ماددەی كیمیایی، دووركەوتنەوە لە زیاد بەكارهێنانی بۆیەی نینۆك، كورتكردنی نینۆكەكان، چەوركردنی نینۆكەكان بە ماددەیەكی شێداركەرەوە پاش وەرگرتنی دووش، بەتایبەتی دووشی گەرم، دووركەوتنەوە لە گازگرتن لە نینۆكەكان، دانانی چینێكی داپۆشەری نینۆك پێش بەكارهێنانی بۆیەی نینۆك. چارەسەركردنی خاڵی سپی سەر نینۆكەكان بە دۆزینەوەی هۆكارەكان دەست پێدەكات، بۆ نموونە بەكارهێنانی دەرمانی دژەكەڕوو لە حاڵەتەكانی هەوكردنی نینۆك بە كەڕوو، كە لەوانەیە پێویست بە چەند مانگێك بكات، چونكە هەوكردنی نینۆك بە كەڕوو لەسەرخۆ چاك دەبێتەوە.

Top