كاتژمێری بایۆلۆژی چییە؟
ڕیتمی كاتژمێری بایۆلۆژی لەش Circadian rhythm بریتییە لە پڕۆسەیەكی سرووشتیی لەش كە كاتەكانی نووستن و بیداربوونەوە ڕێك دەخات. ڕیتمی كاتژمێری بایۆلۆژی، زۆر جار بە كاتژمێری ناوەوەی لەش ناوزەد دەكرێت، كە بەردەوام سووڕی 24 كاتژمێری ڕێك دەخات لە كاتی نووستن، كاتی بیداربوونەوە، كاتی خواردن..تاد؟ هەروەها لە كەسەكاندا جیاوازیی هەیە و كەوووەتە ژێر كاریگەریی بۆماوە(جینەكان) و چەند فاكتەرێكی دەرەكی، تەنانەت تێكچوونێكی بچووك لە ڕۆتینی ڕۆژانەدا كاریگەریی نەرێنی دەكاتە سەر ڕیتمی كاتژمێری بایۆلۆژی، بەڵام دەتوانرێت بە ئەنجامدانی چەند گۆڕانێك لەم ڕۆتینەدا ڕیتمەكە دووبارە (ریسێت) یان ڕێك بخرێتەوە. ڕیتمی كاتژمێری بایۆلۆژی چۆن كاردەكات؟ ڕیتمی كاتژمێری بایۆلۆژی واتە سووڕی ناوەوەی لەش كە لە ماوەی هەر 24 كاتژمێردا دەست پێدەكات و خامۆش دەبێتەوە بە كاردانەوە بەرانبەر بە ڕووناكی و تاریكی، ئەم سووڕە گەلێك كرداری لەش كە پەیوەستن بە چالاكیی ڕۆژانەوە بەڕێوە دەبات، كە سووڕی خەو و بیداربوونەوەش Sleep-Wake cycle دەگرێتەوە. ڕیتمی كاتژمێری بایۆلۆژی لەژێر كۆنترۆڵی بەشێكی مێشكدایە، گرنگیی زۆری هەیە بۆ فرمانی دروستیی مێشك و لەش، بۆنموونە نوێبوونەوە و ئامادەكردنی وزە، هاندانی فێربوون و خەزنكردنی بیرەوەرییەكان، هاندانی دروستبوونی بەرگریی لەش، هاندانی بەرهەمهێنانی هۆرمۆنەكان، ڕێكخستنی ئارەزووی خواردن و هەرسكردنی، ڕێكخستنی پلەی گەرمیی لەش، بەرزكردنەوەی ئاستی ئاگایی و خێرایی كاردانەوەكان، هەروەها كاریگەریی هەیە لەسەر كۆلیستیرۆڵ و ئاستی شەكر لە خوێندا، لەگەڵ ڕێكخستنی سووڕی جێگیری خەو و بیداری.
