هۆكارەكانی هەوكردنی ڕۆماتۆیدی جومگەكان
هەوكردنی ڕۆماتۆیدی Rheumatoid arthritis جومگەكان نەخۆشییەكی درێژخایەنە كە سیستمی بەرگریی لەش پەلاماری خانە تەندروستەكانی لەش دەدات و دەبێتە هۆی پەیدابوونی هەوكردن لە لەش و جومگەكاندا. لە قۆناغی سەرەتای نەخۆشییەكەدا، ئازار لە جومگەی دەستەكانەوە دەست پێدەكات، لەگەڵ مەچەك و ئەژنۆكان، ئەگەر حاڵەتەكە چارەسەرنەكرێت ئەوا گرفتی زیاتر بۆ جومگە گەورەكانی وەكو ئانیشك و ئەژنۆ پەیدا دەكات. ئەگەرچی تا ئێستا هۆكاری تەواوی تووشبوون بە هەوكردنی ڕۆماتۆیدی جومگەكان نەزانراوە، بەڵام هەندێك هۆكاری هاندەر دەستنیشان كراون، كە ئەگەری تووشبوون زیاد دەكەن.
توێژەران گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی كە بۆماوە و هۆكارە هاندەرەكانی دەوروبەر ئەگەری تووشبوون زیاد دەكەن لە هەر تەمەنێكدا، بەڵام نزیكەی 50%ی حاڵەتەكان لە تەمەنی سەرووی 65 ساڵیدا بەدی دەكرێن، هەروەها ئافرەت دوو تا سێ هێندەی پیاو ئەگەری تووشبوونی بە نەخۆشییەكە لێ دەكرێت. هۆكارە هاندەرەكانی تووشبوون بە هەوكردنی ڕۆماتۆیدی جومگەكان: بوونی مەیلی خێزانی بۆ تووشبوون بە هەوكردنی ڕۆماتۆیدی جومگەكان، جگەرەكێشان كە ئەگەری تووشبوون تا دوو هێندە بەرز دەكاتەوە، قەڵەوی كە ڕێژەی زۆری چەوریی لەش هۆكارە بۆ پەیدابوونی پرۆتینەكانی هەوكردن بە ناوی سایتۆكاینەكان Cytokines كە ئەگەری هەوكردن لە جومگەكاندا زیاد دەكەن، هەروەها سترێس كە دەبێتە هۆی ڕوودانی كاردانەوەی لەڕادەبەدەری سیستمی بەرگریی لەش.
