كەمبوونەوەی شلەی لەش لە زستاندا
گەلێك كەس پێیان وایە كە كەمبوونەوەی ڕێژەی شلەی لەش Dehydration لە وەرزی ساردی زستاندا ڕوو نادات، بەڵام لە لایەنی زانستییەوە مەسەلەكە پێچەوانەیە و لەوانەیە كە لە ساردترین كاتەكانی زستاندا كەمبوونەوەی شلەی لەش لەبەر چەند هۆكارێك ڕوو بدات، كە هەندێك جاریش مەترسی دەخاتە سەر تەندروستی. هۆكارە هاندەرەكانی كەمبوونەوەی ڕێژەی شلەی لەش لە وەرزی زستاندا: زیاد مانەوە لە ژوورەكان بە ئاستی بەرزی گەرمیی ناوماڵ، كە هۆكارە بۆ وشكبوونی هەوای ژوور و ونكردنی شلەی لەش، پۆشینی زۆری جلوبەرگی گەرم، كە ئەگەری ئارەقەكردن زیاد دەكات، هەروەها كەم خواردنەوەی ئاو و شلەمەنییەكانی دیكە هۆكارێكی هاندەری دیكەن بۆ كەمبوونەوەی ڕێژەی شلەی لەش، لەوكاتەی كە پێویستیی ڕۆژانەی خواردنەوەی ئاو لە وەرزی زستاندا بۆ پیاو بریتییە لە 8-10 پەرداخ، بۆ ئافرەتیش 6-8 پەرداخ. لە وەرزی زستاندا، هەستكردن بە تیینووبوون وەكو وەرزی هاوین بەهێز نییە، كە ڕێژەی ئارەقەكردن زۆرە، بەڵام لە كەشی ساردی زستانیشدا ئاو ون دەبێت لە ڕێگەی ئەو هەڵمەی كە لەگەڵ هەناسەدانەوەدا دێتە دەرەوە. لە لایەكی دیكەوە هەستكردن بە تینووبوون نیشانەی سەرەتای كەمبوونەوەی شلەی لەش نییە، بەڵكو پاش چەند نیشانەیەك ئینجا سەر هەڵدەدات. نیشانەكانی كەمبوونەوەی ڕێژەی شلەی لەش: سەرئێشە، ورووژانی نۆری سەرئێشە لە تووشبووانی شەقەسەردا، وشكبوونی دەم، وشكبوونی پێست، سەرسووڕان، هەستكردن بە بێهێزی و بێ وزەیی، گرفت لە تەركیزكردندا، هەروها لە حاڵەتەكانی توندی كەمبوونەوەی ڕێژەی شلەی لەشدا نیشانەی دیكە بەدی دەكرێن، كە مەترسی دەخەنە سەر ژیانی تووشبوو وەكو شێوان، لەهۆشچوون و هێدمە Shock، خێرابوونی لێدانەكانی دڵ و هەناسە.
