گرنگی فۆسفۆر بۆ تەندروستی

گرنگی فۆسفۆر بۆ تەندروستی

  فۆسفۆر Phosphorus كانزایەكی گرنگە، دووەمین كانزایە پاش كالسیۆم لە ڕووی ڕێژە بەرزەكەی لە لەشی مرۆڤدا. ڕێژە هەرە زۆرەكەی فۆسفۆر كەوتووەتە ناو ئێسك، ددانەكان، خوێن لەگەڵ شانە نەرمەكان. سوودە تەندرووستییەكانی فۆسفۆر: بینا و پتەویی ئێسك و ددانەكان، هاندانی درووستبوونی ترشەكانی DNA و RNA، درووستبوونی سیانە فۆسفاتی ئەدینۆسین ATP كە سەرچاوەی وزەیە بۆ خانەكانی لەش، هاندانی ئاستی وزە و خەزنكردنی وزە، چالاككردنی ئەنزیمەكان، پاراستنی هاوسەنگیی ئاستی ترشێتی و تفتی pH، هەروەها ڕۆڵی هەیە لە گرژبوون و خاوبوونەوەی ماسوولكەكاندا، یارمەتیدانی فرمانی گورچیلەكان، یارمەتیدانی گەشە و نوێبوونەوەی خانەكانی لەش، پاراستنی ڕێكیی لێدانەكانی دڵ. خۆراكە دەوڵەمەندەكان بە فۆسفۆر: گۆشت، پەلەور، ماسی، شیر و بەرهەمەكانی، هێلكە، پاقلەمەنییەكان بەتایبەتی نیسك، كاكڵەكان بەتایبەتی كازۆ، دانەوێڵەی تەواو،پەتاتە. پێویستی ڕۆژانەی فۆسفۆر بۆ كەسانی پێگەیشتوو بریتییە لە 700 ملگم. هۆكارە هاندەرەكانی كەمیی فۆسفۆر لە لەشدا: نەخۆشیی شەكرە، خواردنەوە ئەلكهولییەكان، كەمبوونەوەی ئارەزووی خواردن، بەدخۆراكی، بەكارهێنانی دەرزیی ئینسولین یان دەرمانە ستیرۆیدەكان و دەرمانی دژی ترشێتیی گەدە Antacids. نیشانەكانی كەمیی فۆسفۆر لە لەشدا: ئازاری ئێسك و جومگەكان، كەمبوونەوەی ئارەزووی خواردن، هەستكردن بە ناڕەحەتی و پەستی، هەروەها هەستكردن بە ماندووبوون.

 

Top