گرنگیی پاقلەمەنییەكان بۆ دابەزاندنی كێشی لەش
لێكۆڵینەوەكان دەردەخەن كە خواردنی پاقلەمەنییەكان Legumes هاندەرە بۆ دابەزاندنی كێشی لەش، بۆیە پێویستە كە بخرێنە ناو ڕیجیمی دابەزاندنی كێشی لەش. پاقلەمەنییەكان بەگشتی دەوڵەمەندن بە ڕیشاڵی تواوە،پرۆتین، لەگەڵ كۆمەڵەی ڤیتامین B، مەگنسیۆم، لەگەڵ ماددەی گرنگیی دیكە. ڕێژە بەرزەكەی مەگنسیۆم و كۆمەڵەی ڤیتامین B هاندەرە بۆ درووستكردنی ATP كە بریتییە لە یەكەی وزەی لەش، واتە سەرچاوەی وزەیە بۆ سەرفكردن و خەزنكردن لەسەر ئاستی خانەكانی لەشدا، بۆنموونە كە ئاستی وزە بە بەرزی دەمێنێتەوە ئەوا هانی لەش دەدات بۆ زیادكردنی چالاكیی بەدەنیی ڕۆژانە. ڤیتامینەكانی B زۆر گرنگن بۆ میتابۆلیزمی وزە و هێشتنەوەی بەردەوامی سەرچاوەی وزە لە ئاستێكی هاوسەنگدا، كە یارمەتیدەر دەبێت بۆ هێشتنەوەی ستایلێكی ئاكتیڤی ژیان بۆ دابەزاندنی كێشی لەش، كانزای مەگنسیۆمیش ڕۆڵی هەیە لە ڕێكخستنی هەستییاری خانەكانی لەش بۆ هۆرمۆنی ئینسولین، واتە زیادكردنی توانای لەش بۆ بەكارهێنانی شەكری گلوكۆز وەكو سەرچاوەیەكی وزە و ڕێگرتن لە خەزنكردن و گۆڕینی بۆ چەوری. ڕێژە بەرزەكەی پرۆتین و ڕیشاڵی تواوەی پاقلەمەنییەكان هاندەرە بۆ هێشتنەوەی هەستی تێربوون بۆ ماوەیەكی باش و لەسەرخۆكردنەوەی كرداری هەرسكردن، واتە كەمتر وەرگرتنی كالۆری لە خۆراكەوە، كە پێویستە بۆ دابەزاندنی كێش. لە لایەكی دیكە، پاقلەمەنییەكان نیشاستەی بەرگەگر Resistant starch لەخۆدەگرن، كە لە ڕیخۆڵەی گەورە و دەبێتە خۆراك بۆ گەشەی بەكتریای سوودبەخشی ڕیخۆڵە Microbiome، ئەمەش ڕۆڵی هەیە بۆ كۆنترۆڵكردنی كێشی لەش.
