سوودەكانی كانزای مەنگەنیز بۆ تەندرووستی
كانزای مەنگەنیز Manganese بە بڕی كەم پێویستە و گرنگە بۆ: تەندرووستیی ئێسك، شانە بەستەرەكان، كرداری مەیینی خوێن، فرمانی دەمارەكان و باشتركردنی فرمانەكانی مێشك، بەهێزكردنی سیستمی بەرگریی لەش، هاندانی زوو چاكبوونەوەی برین لە ڕێگەی یارمەتیدانی دروستبوونی پرۆتینی كۆلاجین، هاندانی كرداری بەدەستهێنانی وزە لە خۆراك، هەروەها ڕۆڵی هەیە بۆ كەمكردنەوەی ئاستی هەوكردن لە لەشدا، واتە خۆپاراستن لە ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییە درێژخایەنەكان. مەنگەنیز لە لەشدا خەزن دەكرێت لە ئێسك، مێشك، گورچیلە، جگەر، هەروەها پەنكریاس. پێویستیی ڕۆژانەی مەنگەنیز بۆ كەسانی پێگەیشتوو بریتییە لە 1.8-2.3 ملگم. سەرچاوە خۆراكییەكانی كانزای مەنگەنیز: سەوزە گەڵا تاریكەكانی وەكو سپێناغ، پاقلەمەنییەكانی وەكو نۆك، پاقلە، نیسك، پاقلەی سۆیا، كاكڵەكانی وەكو بندق، چای، مەحار Oyster، دانەوێلەی تەواو وكو نانی گەنمی تەواو، برنجی قاوەیی، لەگەڵ شوفان. كەمیی كانزای مەنگەنیز زۆر بە كەمی ڕوو دەدات و نیشانەكانی بریتین لە: لاوازبوونی ئێسك یان كەمبوونەوەی كانزاكانی ئێسك، كزبوونی گەشە لە منداڵاندا، پەیدابوونی پەڵەی پێست، كاڵبوونی ڕەنگی قژ، گۆڕانی مەزاج، هەروەها زیادبوونی ئازارەكانی پەیوەست بە سووڕی مانگانەی ئافرەت.
