ئەگەر ڕۆژانە 300 كالۆری لە خۆراك كەم بكەیتەوە!
لە نوێترین لێكۆڵینەوەی زانكۆی دوك Duke لە ویلایەتی (كارۆلاینا) ی وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكادا هاتووە، ڕۆژانە كەمكردنەوەی تەنیا 300 كالۆری لە خۆراكی جیاوازدا، سوودی بەرچاوی بۆ تەندرووستی دەبێت. لە لێكۆڵینەوەكەدا توێژەران گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی كە كەمكردنەوەی 300 كالۆری لە خۆراكی ڕۆژانە بە بەردەوامی، ئەم سوودە تەندرووستییانەی هەیە: كۆنترۆڵكردنی ئاستی كۆلیستیرۆڵی خوێن، كەمبوونەوەی ئاستی چەوریی گلیسریدە سیانییەكان بە ڕێژەی 24%، هێشتنەوەی پەستانی خوێن لە ئاستی ئاساییدا، باشتركردنی كرداری میتابۆلیزم Metabolism واتە كرداری بەدەستهێنانی وزە لە خۆراكەوە، ڕێكخستنی ئاستی شەكری خوێن، هەروەها كەمكردنەوەی ئاستی هەوكردن لە لەشدا، ئەمانە هەموویان هەنگاوی زۆر گرنگن بۆ خۆپاراستن لەم حاڵەت و نەخۆشییانە: زیادبوونی كێش و قەڵەوی، نەخۆشیی شەكرەی جۆری دووەم، نەخۆشییەكانی كۆئەندامی دڵ و سووڕان، هەروەها جەڵتەی مێشك. لە لێكۆڵنەوەكەدا ئاماژە بەمەش كراوە كە كەمكردنەوەی 300 كالۆری ڕۆژانە بۆ ماوەی دوو ساڵ لە كەسانی خاوەن كێشی زیاد و قەڵەودا، هاندەر دەبێت بۆ كەمكردنەوەی كێشی لەش بە ڕێژەی 10%. پێویستی ڕۆژانەی كالۆری یان وزە جیاوازی هەیە بە پێی ڕەگەز، تەمەن، درێژی باڵا، كێشی لەش، هەروەها ئاستی جووڵە و چالاكیی فیزیكی، بەڵام بە تێكڕایی پێویستی ڕۆژانەی وزە بۆ پیاو بریتییە لە 2،500 كالۆری، بۆ ئافرەتیش 2،000 كالۆری.
